🔺 ئاهەنگی "دووری" لە ئاڵبۆمی تەمۆك
✍#ئارام_کەیخوسرەوەی
میلان کوندێرا جیاوازییەک دادەنێت لە نێوان مێژوو بە مانا باوەکەی و هەروەها مێژووی زانست و مێژووی هونەر. مێژووی هونەر یان، بە وتەی کوندێرا، مێژووی ئەدەب، پێچەوانەی مێژوو بە مانا باوەکەی، تەنیا لەگەڵ سەرکەوتنەکاندا پەیوەندیی هەیە، چونکە لە هونەردا دۆڕانەکان سەرکەوتنی هیچ کەس نین. کەواتە، مێژووی هونەر مێژووی ئێژایی و بایەخەکانە، نەک تۆمارکردنی ڕووداوەکان.
هەروەها، بە بۆچوونی کوندێرا، مێژووی زانست هاوتەریبی پێشکەوتنە. بۆ نموونە، میتۆدێک کە پزیشکێک بۆ دەرمانی نەخۆشییەک دەیدۆزێتەوە، ساڵانێک دواتر ئەو میتۆدە دەتوانێت لەلایەن کەسێکی دیکەوە بە شێوەیەکی کاریگەرتر دابڕێژرێتەوە، بە شێوەیەک کە میتۆدی پێشوو بە تەواوی لە یاد بکرێت. بەڵام لە هونەردا، مێژوو بە دوای پێشکەوتندا نییە، بەڵکوو خوازیاری دۆزینەوەی شتێکی نەبینراوە. واتە هونەرمەند بە دوای ئەوەدا نییە لە هونەرمەندانی پێشوو باشتر بێت، بەڵکوو دەیەوێت ئەو شتەی کە ئەوان نەیاندیتووە، بیبینێت.
لە ڕوانگەی کوندێراوە، ئەگەر ئێدیسۆن کارەبای دانەهێنابا، بە ئەگەری زۆر کەسێکی دیکە ئەو کارەی دەکرد، بەڵام ئەگەر هونەرمەندێک فۆرمێکی نوێی دانەهێنایە، ڕەنگە مێژووی ئەو هونەرە بە شێوازێکی دیکە بووایە.
هەر لەم ڕووەوەیە کە کوندێرا دووپاتبوونەوە لە هونەردا بە گاڵتەجاڕی و شەرم و بێ زەوقی ناو دەبات. ئەو بە هێنانەوەی چیرۆکێک لە هاوڕێیەکی پاش هەرەسهێنانی کۆمۆنیزم لە وڵاتەکەی، کە پێی گوتبوو "ئێمە پێویستمان بە باڵزاک (نووسەری فەرەنسی) هەیە" - چونکە دۆخێک کە هاتبووە ئاراوە لێکچوونی لەگەڵ یەکێک لە چیرۆکەکانی باڵزاک هەبوو - کوندێرا دەڵێت مێژوو بە مانا باوەکەی قورس و بێ مێشک و بێ شەرمە، و کۆی ئەمانە لەبەر دووپاتکردنەوەیە کە لە مێژوودا ڕوو دەدات.
بەڵام لە ڕوانگەی ئەوەوە، مێژووی هونەر لە دووپاتبوونەوە سڵ دەکاتەوە، و ئەگەر کەسێک پەیدا ببێت و ڕۆمانێک وەک ئەوانەی باڵزاک بنووسێت، گاڵتەجاڕییە. چونکە هونەر بە دوای تۆمارکردنی ڕووداوەکاندا نییە، بەڵکوو خوازیاری دۆزینەوەی شتێکی دیکەیە - شتێکی نەبینراو و جیاواز. بۆیە دووپاتبوونەوە لەلای کوندێرا بێ مێشکی و بێشەرمی و بێ زەوقییە، کە ئەمانە هەموو ئاوەڵناوێکن بۆ مێژوو نەک مێژووی هونەر. هونەر هەڵگری دووپاتبوونەوە نییە. ئەوەیە کە لە مێژووی هونەردا تەنیا یەک حەسەن زیرەک و یەک عوسمان و یەک ناسر و یەک لەیلا فەریقی هەیە.
کوندێرا پێی وایە تێگەیشتن لە جوانی پەیوەندیی بە ئاگایی مێژووییەوە هەیە. بۆ نموونە دەڵێت: "با وا دابنێین ئاوازدانەرێکی ئەمڕۆ سۆناتایەک دەنووسێت کە زۆر لە کارەکانی بێتهۆڤن دەچێت و هەمان کوالێتی بەرزی هەیە. سەیرە کە ئێمە چۆن لە سۆناتاکانی بێتهۆڤن چێژ وەردەگرین، بەڵام کاتێک کەسێکی هاوچەرخ هەمان جۆری مۆسیقا دەنووسێت، گوێگرتن لێی دەبێتە مایەی پێکەنین و لە باشترین حاڵەتدا تەنیا وەک لاساییکردنەوەیەکی گاڵتەجاڕانە سەیر دەکرێت. ئەمەش پیشانی دەدات کە چێژ وەرگرتنمان لە هونەر تەنیا پەیوەست نییە بە جوانی کارەکەوە، بەڵکوو پەیوەندیی بە مێژوو و سەردەمی دروستبوونیشییەوە هەیە. ئەم ئاگاییە مێژووییە ئەوەندە بەهێزە کە کاریگەریی لەسەر هەموو تێڕوانینمان بۆ بەرهەمە هونەرییەکان هەیە."
بەشێکی بەرچاوی هونەری ئێمە بە دەست دووپاتبوونەوە دەناڵێنێت. هەڵبەت ئەمە بە پێی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کەم و زۆری هەیە. یەکێک لەو هونەرمەندانەی کە لە نێو ئەم گۆمە مەندەی دووپاتبوونەوە جیاواز و نوێیە، ڕزگار مەڵامەحموودییە. وێڕای دەنگی تایبەتی، ڕزگار مەلا مەحموودی نوێبوونی شێوازی گۆرانی وتنەکەی تایبەتی کردووە. واتە سەرەڕای ئەوەی لە شیعری فۆلکلۆر - کە دەیان جاری دیکە لەلایەن کەسانی دیکەوە بە کار هێنراوە - کەڵک وەردەگرێت، ڕزگار ناچێتە خانەی دووپاتکردنەوە. ئەو بە شێوەیەکی نوێ و جیاواز ئەو شیعرە دادەڕێژێتەوە. گرنگە بزانین نوێبوون و جیاوازی بە مانای دابڕان لە کولتوور و میراتی هونەری نییە، بەڵکوو بە واتای داهێنان لەو میرات و کولتوورەیە.
پێم وایە لە نێوان مۆسیقا و شوێن یان جوگرافیا پەیوەندییەکی ناسک هەیە. من پەیوەندییەکی چڕ و پڕ دەبینم لە نیوان دەنگی "
عوسمان هەورامی" و کوێستانەکانی ناوچەی هەورامان و بە تایبەت تەتە. ئەو پەیوەندییە لە دەنگی "
ڕزگار" و کوێستانەکانی تەتەش هەستی پێ دەکەم. ڕەنگە ئەوەش هۆکاری ئەو ڕەهەندە زەینیی و سوبژکتیوەی نەتەوە بێت،کە سەرەڕای جیاوازی زار و دیالێکت هەست بە هاوبەشیەتی و لێکچوون دەکات.
دەنگ وەش کاک ڕزگار
ــــــــــــــــــــــــــــ
ئاهەنگی دووری لەکاناڵی پەرانتێز لە هەناردەی پێشوودا ببینن.🤝لێرەین ↙️
🆔 @parantez_net
🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾