🔳 دڵسۆزیی گەمژانە
✍#سێخورمە
▪️ئاماژە
مرۆڤەکان لەسەر هەندێ باس و بابەت، لەسەر هەندێ دیاردە و نیشانە و پرس، وەک ئایین، زمان، ڕەگەز، داب و نەریت، بیر و باوەڕ و سەلیقەکانیان ئەوەندە شیلگێر و بەپەرۆشن، ئەوەندە دەمارگیرانە و وشکەڕۆیانە غیرەتیان دەجووڵێ، جێگای هیچ تەوتین و تاقەتێک بۆ کەس و بۆ خۆیشیان نامێنێتەوە. دڵسۆزیەکی گەمژانەی سۆزدارانەی ساویلکانەی گەلحۆ، سەرپاکی وتە و کردە و ئاوەزی ئەم تەرزە بوونەوەرانە وا دادەپۆشێ، چاویان ناتوانێ یەک سانتیمێتر ئەولاتری زەلکاوی گەمژەیی ببینێت. ئەمانە ئەو تاقمگەلەن نایانەوێ فێر بن و دەستیش لە تێگەیشتنەکانی خۆیان هەڵناگرن. لە کامنتێکی کورت، تووشی چەندین دژوازی دەبنەوە.
🔻چەند خاڵ:
1⃣ئەم کەسانە زۆرجار لە ڕێی دڵسۆزییە گەمژەڵەکەیانەوە خویان لە قەرەی هەندێ باس دەدەن، بە هیچکلوجێ زاراوەکانی بابەتەکە ناناسن، تەنیا دەمارگرژانە و سۆزدارانە، خوازیارن سەرنجی بەردەنگی ئاسایی کە لە دەرەوەی زانستەوە بۆ شتەکە دەڕوانێت بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن. زۆربەی جاران ئەم بەردەنگەش بە پاڵپشتیکردنی گەمژانەوە، ئەم بوونەوەرە ساویلکە بەرەو چاڵی گەلحۆیی بۆق پێوە دەنێت. ئیتر لە هەردوو سەرەوە، واتە لەلایەن دەربڕ و بەردەنگەوە، گەمژەیی هەتا ئەوپەڕی گەوجیەتی تەشەنە دەکات.
2⃣ئەو دڵسۆزییە ڕواڵەتییە کاتێ تێکەڵ بە سۆز بوو لەگەڵ هەندێ زانیاری سەقەت و پچر، چاوی ئاوەز کوێر دەکەن. لەم کەشوهەوا کوێرانەیە هیچ لقێکی زانست، هیچ میتۆدێکی لێکۆڵینەوە کار ناکات. ئەوان بەتەمان فەلسەفە، کۆمەڵناسی، مێژوو، زمانناسی و زانستی سیاسەت ملکەجی سۆز و عاتیفەیان بکرێت. گەوجانە ترسێکی فۆبیاییان لە هەندێ باس هەیە. ئەگەر باسی فەلسەفە بکەی دەڵێن فەلسەفە مرۆڤ شێت دەکات. ئەگەر باسی مێژوو بێتە بەرۆ تووشی دەمارکرژیەک دەبی لە هیچ لاپەڕەیەک تۆمار نەکراوە. ئەگەر باس هاتە سەر زوان کاولستانێکت پێنیشان دەدەن. زوان یان دەبێتە هەندێ وشە و ڕێنووس، یانژی دەبێتە چەقەیەکی ناوچەیی. ئەگەر زوان لە کانتێکسێکی کۆمەڵایەتی سیاسی باس بکەی، دەڵێن ئێمە هەقمان بەسەر سیاسەتەوە نییە! لە کاتێکدا "زوان" خۆی باسێکی سیاسییە. سەریان لە جیاوازی زانستی سیاسەت و سیاسەتوان نابێتەوە. بە قەولی بۆردیۆ ڕۆڵی "مەزنە مەیدانی سیاسەت" هەر دەرک ناکەن. هەمیشە بە دڵسۆزییە گەمژانەکەوە دێننە مەیدانەوە و خۆیان گێلانە لە باس و خواستی سیاسی دەدزنەوە، کارەسات ئەوەیە سیاسەتیش وەک تاوانێک دەخەنە پاڵی بەرامبەرەکەیانەوە! بۆیە ئەم بوونەوەرە لە پانتای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر وزەی ئەم و ئەو دەگرێت و تێگەیاندنیشی ئەستەمە.
3⃣ئەم کاکە کاتێ لە باسە فەرهەنگییەکان کەوتە تەنگەژەوە، لەجیاتی ئەوەی وتووێژێکی چڕوپڕ لەگەڵ بەرانبەرەکەی بکات، خۆی دەکاتە مەڕی مردوو، وا پێشان دەدا کە گوایا فەقیر و دڵسۆزە و قەدری نەگیراوە و ناهەقی لەگەڵ دەکرێ، ئینجا بە زمانی چیرۆکەکانی پاڵ ئاگردان تێدەکۆشێ لە چەقی باسەکە دوور بکەوێتەوە و بە بێتاوان نیشاندانی خۆی تێدەکۆشێ سۆزی بەردەنگ بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. ئەم کارەکتەرە ساویلکە، بە تاریفی ئەم و ئەو، قەمسەڵەی مامۆستایی دەپۆشێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خۆی لایک و چەپڵە بۆ ڕۆژی تەنگانە پاشەکەوت دەکا. بەداخەوە جاران ئاستی فەرهەنگیی گشتیش، لە ئاستی تێگەیشتنی ئەم کاکە ساویلکەدا دەمێنێتەوە و کۆمەڵگاش لەم لۆژیکە دارماڵ بە گەمژەیییە بۆیاخکراو بە دڵسۆزیی ناتوانێت خۆی ڕزگار بکات و دەچێتە ئەو ئاستەوە.
4⃣ ڕەنگە دەیان هۆکار بۆ پەرەسەندنی ئەم جۆرە دۆخە کاریگەر بن، بەڵام یەکێ لە کاریگەرترین و مەترسیدارترین هۆکارەکان، دەستەچییەکان و گرووپچییەکان و مەکۆ چەند کەسیەکانن کە لە ئاست گەمژەڵیەکانی یەکتر نەتەنیا خۆیان گێل و گەواڵ دەکەن بەڵکوو زۆرجار دنەی گەمژەییش دەدەن. بۆیە شێعر یان وتارێکی سادەی هاوڕێیەکیان بەرز دەکەنەوە، یان کەموکوڕی دۆستەکانیان نابینن. شاعیری وا هەیە هێشتا لەباسی شیعر خۆی دەیان گرفتی هەیە، هێشتا دوو وشە لەسەر شیعر و تێئۆری نازانێ؛ کەچی لەسەر شیعر فەرمایشتان دەفەرمێ و وتەی سواو و هڵیت و پڵیتەکانیشی لە هەر جێگایەک دەست بدا دەفرتێنێ.
5⃣ ئەم دڵسۆزە گەمژەڵە، بە ئاواتە بتوانێت ڕۆڵی ڕیش سپییەکی ئەوسای لادێکان بگێڕێت؛ بەڵام هەڵگری بێگەردیی و کاریزمایی ئەم کارەکتەرەشی نییە. ئەوپەڕی #لایکچیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە و بەردەوام سواڵکەری گوڵ و لایەکە.
بە زمانێکی کۆنزرفاتیڤ و بێکەڵک و بێهاز، بەڵام تژی بە ڕیا و ماستاوچییانە، تەنیا بۆ نیشان دانی خۆی کامنت و یادداشت و چیرۆکی گۆترە بڵاو دەکاتەوە؛ کەچی ئەگەر پێی هەڵویست بێتە ئاراوە، ترسنۆکانە و زۆڵانە لە ڕێی هەندێ وشە و دەربڕینی لێڵەوە، جۆرێک فەرمایشتان دەفەرمێ بە هیچ وشەدانێک ئاراستەکەی ڕوون ناکرێتەوە، کەس نازانی چی فەرمووە. چون فەرمایشتەکانیشی تەنیا لە بازنەی لایکچییەکان دەسووڕێنەوە و تاریفی دەکەن، خۆی وا دەزانێت فەیلەسووفە!
🤝 لێرەین↙️
🆔 @parantez_net
🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾