View in Telegram
🔳 ناوازەیەکی شوناسی فەرهەنگیی کورد (1) #کەیهان_عەزیزی دوکتور جەلال سەتتاری، توێژەر و ئووستوورەناسی ناوداری ئێرانی، لە نێوان "شوناسی نەتەوەیی" و "شوناسی فەرهەنگی" جیاوازییەکی ناسک دادەنێت. ئەو پێی وایە شوناسی نەتەوەیی زیاتر سیاسی و ئایدۆلۆژیکە، لە سەردەمێکدا لەپێناو یەکگرتوویی نەتەوەیی لە لایەن دەسەڵاتێک یان گرووپێکەوە دیاری دەکرێت. شوناسی نەتەوەیی وەک هەموو شتە سیاسییەکان شایانی ئاڵوگۆڕە، ئەگەر ڕۆژێک دیاری کراوە، ئەوا ڕۆژێکی تریش دەکرێ بگۆڕدرێ. بۆ میناک نمونەی سەفەویەکان و قاجارەکان دێنێتەوە کە لەپێناو یەکگرتوویی و مسۆگەرکردنی دەسەڵات، سەفەویەکان ئایینزای شێعە و دواتر قاجارەکانیش بۆ ئێرانی کۆن گەڕانەوە، واتە لە لایان ئەو دووانەوە شێعەخوازی و کەوناراخوازی کرا بە شوناسی نەتەوەیی ئێران. بەڵام سەتتاری دەڵێ شوناسی نەتەوەیی هەرچەندە گرنگە بەڵام لەبەر بگۆڕبوونی پێویستە لەسەر شوناسی فەرهەنگی دابمەزرێت؛ بۆیە بەڕێزیان لەبەرامبەردا گرنگی بە شوناسی فەرهەنگی دەدات. پاشان چەندین تایبەتمەندی "شوناسی فەرهەنگی" دەخاتەڕوو. دەڵێ شوناسی فەرهەنگی لە قووڵایی ڕۆح و هەناوی نەتەوەوە سەرچاوە دەگرێت و دەوامیەتێکی لە مێژینەی هەیە. ئەم دەوامیەتە نەتەوەیەک له نەتەوەیەکی تر جیا دەکاتەوە. دەڵێ شوناسی نەتەوەیی فۆرم و پێستە، بەڵام شوناسی فەرهەنگی چییەتی و مێشکە. یەکەمیان زیاتر مەبەستمەد و سیاسییە کە لەپێناو یەکگرتوویی نەتەوەییدا وەگەڕ دەخرێت، بەڵام دووهەمیی دەروونی و زات و ناوەڕۆکی نەتەوەیە. ئەم ناوازە ئەستوونێکی ڕاوەستاوە و هۆی بناغەی دەوامی نەتەوەیە، بۆیە پایەداریی و سەقامی زۆرە. سەتتاری سەبارەت بە شوناسی فەرهەنگیی ئێرانی، پاش هەندێ پێشەکی و بوار ڕەخساندن بۆ وتەکانی دەڵێ "پارێزگاری و پاراستنی زات و جەوهەری خۆی، لەگەڵ تواندنەوەی لایەنی بێگانە، ناوازەی فەرهەنگیی ئێرانی بووە." مەبەستی ئەوەیە ئەگەر عەرەب و تورک و موغول هاتوونەتە وڵاتی ئێرانەوە دواجار لە فەرهەنگی ئێرانیدا تواونەتەوە، فەرهەنگی ئێرانیش خۆی پاراستووە و ئەوانی قووت داون و دایتاشیونەتەوە. ڕەخنە و تاوتۆی زیاتری وتەکانی سەتتاری دەنینەلاوە و بۆ مەبەستی وتەکانی خۆمان دەگەڕینەوە. (ناوەڕۆکی وتەکانی سەتتاری لەم سەرچاوە وەرگیراوە: جلال ستاری، هویت ملی و هویت فرهنگی، بیست مقالە در قلمرو تاریخ و فرهنگ، نشر مرکز، چاپ دوم تهران 1383) ئەگەر چاو لە مێژووی کورد بکەین، کورد دەسەڵاتێکی ناوەندی و دەوڵەتێکی نەبووە هەتا "شوناسێکی نەتەوەیی و سیاسی و ئایدۆلۆژیک" بۆ خۆی بیچم بدات، تا لەو ڕێگەوە بتوانێ تاکی کورد لەپێناو یەکگرتوویی نەتەوەییدا پەروەردە بکات. بۆیە هەتا سەدەی بیست و بگرە هەتا ناوەڕاستی ئەم سەدەیەش شوناسی ئێمە زیاتر فەرهەنگییە. هەڵبەت ئەم شوناسەش بە دەگمەن لەسەری باس کراوە. ئێستە بەبێ ئەوەی بمەوێ ئەو دوو شناسە بەراوەرد بکەم و باسی گرنگیان بکەم و بابەتەکە شی بکەمەوە، یان وەک سەتتاری یەکێکیان هەڵبژێرم، لێرە تەنیا حەز دەکەم لە خوێنەر و لە خۆم بپرسم بەو مانایە بەڕێز سەتتاری بۆ شوناسی فەرهەنگیی ئێرانی دەگەڕا، ئایا ئێمەش دەتوانین ناوازە و خسڵەتێکی سەرەکیی فەرهەنگیی کوردی بدۆزینەوە؟ بەڕاستی ئەو ناوازە لە فەرهەنگیی کوردیدا چییە؟ ئایا ئەگەر ئەو ناوازەمان دۆزییەوە، دەتوانین لەو ڕهەندەوە چەمکسازی بکەین و فەرهەنگ و ئەندێشەی کوردیی بخوێنینەوە؟ ئایا ئەو ناوازە دەتوانێت کەرەستەیەک بێت بۆ خەسارناسی مێژووی کورد؟ ئایا دەتوانین لەو ڕێگەوە خاڵە بە هێز و لاوازەکانمان ببینینەوە؟ و... دەڵێن هەر نەتەوەیەک شوناسی فەرهەنگیی خۆی هەیە، ئەو شوناسە هۆکاری هاوسۆزیەکانە، خەڵک بەبێ بیرکردنەوە و لە ڕووی نەستەوە هۆگر و لایەنگر و گرێدراوی ئەو شوناسەن. بۆ نمونە توێژەران دەڵێن ناوازەی فەرهەنگی یونانی هاوسەنگی و هاوکێشەی دڵخوازە، خاسما لە وتەزاکانی فکر و هونەردا. 🤝لێرەین↙️ 🆔 @parantez_net درێژەی ... 👇
Love Center - Dating, Friends & Matches, NY, LA, Dubai, Global
Love Center - Dating, Friends & Matches, NY, LA, Dubai, Global
Find friends or serious relationships easily