View in Telegram
پەرانتێز parantez
... درێژەی
☝️
🔳
ناوازەیەکی شوناسی فەرهەنگیی کورد (2)
✍
#کەیهان_عەزیزی ئەگەر لە زەمەنی دێرینەوە هەتا ئەمڕۆژانە لاپەڕەکانی مێژووی کوردیش هەڵبدەیتەوە، ئەوەی تووشت دەبێت بەرخۆدانە، بۆیە دەکرێ
"بەرخۆدان"
بە ناوازەیەکی سەرەکیی فەرهەنگی ئەم نەتەوە ناوزەد بکرێت. ئەم ناوازە هەر لە مادەکان لە بەرامبەر ئاشووریەکانەوە تا هێرشی ئەسکەندەر و هاتنی ئیسلام و تا دواتر و تا ئەم ساتەوەختەش شیاوی شوێنگرتنە. هەر ئەم خسڵەتە، کوردی نایەکگرتوو و بێدەوڵەت و بێدەسەڵات و بێئایدۆلۆژی لە ماوەی ئەم زەمەنە دوور و درێژەدا لە ئاست هەموو تەنگەژە و تەگەرە و هەڕەشە و تواندنەوەیەک پاراستووە. بەرخۆدان بە واتا بەربڵاوەکەی هۆی پاراستنی کوردبوونە. هیچ ئایدۆلۆژی و دەسەڵاتێک، هیچ سەرکوت و سەپاندن و قەڵاچۆکردن و زوڵم و زۆرێک نەیتوانیوە ئاگری بەرخۆدان بە یەکجاری لە دڵی کورد و لە کۆمەڵگای کوردیدا بکوژێنێتەوە. هەر ئەم شوناسە، واتە فەرهەنگی بەرخۆدان لە کاتە قەیراناویەکان لە نەستی هەموو کوردێک هاوسۆزیەک دادەگرسێنێ کە لە پڕێک لە چوار لاوە تەشەنە دەکات و هەر جیاوازی و ناتەبایی و ناکۆکیەک لەسەر ڕێگای دەسووتێنێت. مێژوو ئەمەمان لە سەربوردەی مادەکان بۆ دەگێڕێتەوە، زۆر دوور نەڕۆین بەرخۆدانی قەڵای دمدم سەنەدێکی ترە، سەنەدی دروشمی، یا بەرخۆدان یا نەمان. کورد لە سادەترین و ئاساییترین پێشاهاتەکاندا لەم ساڵانە بە جاران بینراوە هەمیشە بیانوویەکی بۆ بەرخۆدان دۆزیوەتەوە و بوونی خۆی مانا کردوەتەوە. نیشانەکانی بەرخۆدان بە ڕاشکاوی لە هەڵپەڕکێ و لە هونەر و لە ژیانی کوردیدا ئامادەن. (بەرخۆدان ژیانە...) ئەگەر فەرهەنگیی ئێرانی لەپێناو تواندنەوەی ئەویتر یانژی لەپێناو خۆ پاراستندا پەنای وەبەر وەشاردن و تەقیە و فێڵ و کەڵەکبازی بردووە و ئەم دەرکەوتە لە فەرهەنگیی ئێرانی ــ شێعیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەوا بەرخۆدانیش فەرهەنگیی کوردی بەرەو "سادەدڵی" و "ساویلکەیی" و "دابەشبوونی کەسیەتی کورد" بردووە. ڕەنگە ئەم وتە خوێنەر تووشی سەرسوڕمان بکات و بە دژواز لەیەکی بداتەوە کە چۆنچۆنی بەرخۆدان دەتوانێت ساویلکەیی لێ بکەوێتەوە؟ خوێنەر دەتوانێ بڵێت ئەوەی لە بەرخۆدان دەکەوێتەوە ساویلکەیی نییە، بەڵکوو ئازایەتی و هەڵمەت و هەترەشە. بەڵام با بە هەڵکەوت هەر لەم هەترەشەوە وتەکە تەتڵە بکەین. کەسایەتی کورد هەمیشە لە نێوان خۆی و ئەویتردا لە پێکدادانێکی هەناسەبڕە. هەمیشە لە نێوان خۆی و ئەویدیدا دابەش بووە. لەبەر ئەوەی لە فەرهەنگیی بەرخۆدان و لە فەرهەنگیی قارەمانیەتیدا بە هۆی باوەڕ بەخۆبوونێکی بەهێز، هاوتەریب لەگەڵ جەوامێریەکی پاڵەوانانە هاوسۆزییەک لەگەڵ بەرامبەرەکەت دێتە ئاراوە. ئەم جۆرە متمانەیە بە هێز و بە خەبات و بە فەداکاری و پاڵەوانیەتی، دەبێتە هۆ تا ئەویتر ون بکەی و نەتوانیت مەودای ئەویتر و خۆت بنوێنیتەوە. لەم فەرهەنگە و لەم بینینەدا، من، بەسەر خود و ئەویدیدا دابەش دەبێت. ئەستەمە کوردێک خۆی وێنا بکات و لەو وێناکردنەدا بەشێک لە ئەویدی لەگەڵ خۆی هەڵنەگرتبێت. واتە کورد بۆ وێناکردنی خۆی هەمیشە مەرجێک و ئەگەرێکی لەبەرچاو گرتووە تا ئەویدی نەڕەنجێنێت. کاردانەوەی ئەم دڵەڕاوکێ و ترسەمان لە دنیای سیاسەت بەجاران بە زەقی بینیوە. بۆیە پێم وایە ونکردنی ئەویدی یەکێک لە کێشە ماریفەتناسیەکانی دنیای کوردییە کە ناتوانێت سەرەتا خۆی وێنا بکات، پاشان ئەویدی ببینێتەوە و دواجار فەرهەنگی پاڵەوانیەتی بخاتە دواوە. دیارە قارەمانیش هەمیشە سەرناکەوێت، جاران دۆڕانیشی هەیە، بەمبۆنەوە قوربانیبوونیش یەکێکی تر لە دیاردە تەیارەکانی مێژووی ئەم فەرهەنگەیە.
و...
تێبینی
:
ئەم نووسینە وتەی کۆتایی نییە، خاڵێکە بۆ تێڕامان، نووسەریش وەک خوێنەر بۆ تەڵەکردن لەم بابەتە بیر دەکاتەوە.
🤝
لێرەین
↙️
🆔
@parantez_net
➖
➖
➖
➖
➖
➖
Share
Love Center - Dating, Friends & Matches, NY, LA, Dubai, Global
Find friends or serious relationships easily
Start