View in Telegram
 🔳 ڕاستێتی نێوانزەینی #سێخورمە 🔅 بۆ فامکردنی داکەوت یان #ڕاستێتی_نێوانزەینی پێویستە سەرەتا باسی دوو دیاردەی "دیتنی" و "زەینی" بکەین. 🔘 #دیاردەی_دیتنی(عینی)، دیاردەیەکە پەیوەندی بە زانیاری و باوەڕی مرۆڤەکانەوە نییە. بۆ مینا ڕادیوئەکتیویتە درۆدەلەسە نییە. ئەم پرشەپرشانە بەرلەوەی مرۆڤ بیاندۆزێتەوە بوونیان هەبووە و زۆریش مەترسیدارن. تەنانەت ئەگەر مرۆڤیش باوەڕیان نەکات ئەوان هەن و مەترسیشیان هەیە. 🔘 #دیاردەی_زەینی، ئەو شتەیە بوونەکەی گرێدراوی زانیاری و باوەڕەکانی خودی تاکە. ئەم داکەوتە (واقعە)، کاتێ ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت کە باوەڕ و تێگەیشتنەکانی تاک بگۆڕدرێن. منداڵان زۆر شت دەبینن و لەگەڵ زۆر شت قسە دەکەن کە ئێمە گەورەکان نایبینین و دەرکی ناکەین؛ بەڵام کاتێ منداڵ گەورە دەبێ و گۆڕانکاری بە ملا دێت ئیدی وردە وردە ئەو جیهانە خەیاڵییەش دەڕوێتەوە. 🔘 بەڵام ڕاستێتی، ئاستێکی سێهەمیشی هەیە: #ئاستیی_نێوانزەینی. ئەم ڕاستییە پەیوەندی بە باوەڕی کەسانی زیاترەوە هەیە، نە باوەڕ و هەست و سۆزی تاک تاکی کەسەکان. واتە باوەڕێک دەتوانێ کەسانی زۆر بەیەکەوە ببەستێتەوە. ئەگەر تاکێک باوەڕی خۆی بگۆڕێت یانژی بمرێت گرنگییەکی ئەوتۆی نییە. بەڵام ئەگەر زۆربەی کەسەکانی سەر بە باوەڕێک بمرن یان باوەڕی خۆیان بگۆڕن، ئەو تۆڕە نێوانزەینییە یا دەگۆڕدێ یا لەناو دەچێ. دیارە زۆربەی هۆکارە کاریگەرەکانی مێژوو نێوانزەینین. وەکوو دراو. دراو، هەڵگری بایەخێکی دیتنی نییە، بۆمان ناخورێ، ناتوانین لەبەری بکەین؛ بەڵام، لەبەر ئەوەی ملیاران کەس باوەڕی پێ دەکەن، بایەخدارە، بایەخەکەی نێوانزەینییە. هەرواتر یاسا، خوا، نەتەوە و... بوونەوەری نێوانزەینین. لە ڕاستیدا ئەم بوونەوەرە نێوانزەینیانە، ساختەکاری قەڵب و ژێست و شێوەی گۆترە و لە خۆڕا نین. (هەراری، ۱۳۹٦: ۱۷٥) 🔷 نەتەوە، خۆی وەک دامەزران یا #تەکووزی_خەیاڵی، چەشنی دیاردەیەکی نێوانزەینی، لە پرۆسەیەکی مێژووییدا لە ڕێی ڕەوایی و قوناغە هەستیارەکانی خۆیەوە سەدان هێما و نیشانەی نێوانزەینی دیکە بەرهەم دێنێتەوە. لە ڕێی ئەم هێماگەلەی ترەوە نەتەوە مانەوەی خۆی مسۆگەر دەکات. دەتوانێ زیاتر و زیاتر لە جاران هەیمەنەی خۆی پەرە پێ بدات. دیارە پێوست بە وتن ناکات هەموو نیشانە نەتەوەیەکان کە شانازیان پێوە دەکرێ، بوونەوەری نێوانزەینین و لە هەمان کاتیش لە نەزمی خەیاڵی نەتەوەشەوە ڕەوایی و شەرعیەتیان وەرگرتووە. لە دنیای مودێرن و بە سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوەکان، زۆرێک لە گەلانی جیهان لێرە و لەوێ چنۆکانە پلاماریان دا و کەوتنە گەڕ، هەتا هێما مێژوویی و ئوستوورەیەکان بە ناوی خۆیان بنووسنەوە. بۆیە هەر گەلێ تێکۆشاوە زیاترینی ئەو دالە مێژوویی و ئوستوورەیانە، وەک دیاردەی نێوانزەینی، بە ناوی نەتەوەکەی خۆیەوە تۆمار بکات. ئەم ڕەوتە نەتەنیا نەتەوەکانی تری لە مێژووی خۆیان بێبەش و نامۆ کردووە، بەڵکوو ئەمانە تووشی پەرێشانی و سەرلەشێواوی و چەندین سەخمەراتی تری هویەتی و مێژوویی هاتوون. دوا بە دوای پەرەسەندن و گەشەکردنی دامەزراوەی دەوڵەت، نەتەوەکانی خاوەن دەوڵەت لە ڕێگای ئەو دەسەڵات و هەیمەنەوە کە پەیدایان کرد، توانیان بە یارمەتی #نەزمی_خەیاڵی_نەتەوە، دەیان دیاردەی نوێی نێوانزەینی هونەری، سیاسی، ئازایەتی، لێبوردەیی، تێکۆشەریی و چی و چی تر مسۆگەر بکەن. ئێتر ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو هێزانە پەرەیان سەندووە و کاریگەریان دروست کردووە. دیارە هەر ئەم بوونەوەرە نێوانزەینیانە، هەرچەندە بەشێک لە ڕەوایییان لە نەزمی خەیاڵی نەتەوەوە وەرگرتووە، بەڵام هەر ئەمانە سەرلەنوێ دەکەونەوە خزمەتی ئەو تەکووزییە و خزمەتی هەمان خەیاڵ و هەمان ئایدیا و هەمان مەدلوول دەکەن. دیارە ئەم پرۆسە بازنەئاسا لە هەرکوێ بووبێت دەیان ڕاستی‌ تری نێوانزەینی دەورووبەری خۆی، لە ڕێی هەیمەنە و پریستیژ و کەرەستەی خۆیەوە پەسیڤ و هەڵڕسکاو کردووە و بووەتە هۆ تاکوو ئەمیان نەتوانێ ببێتە واقعێکی نێوانزەینی بەهێز و نەکرێ زۆرترین کەسان لەسەری بگەن بەباوەڕێکی هاوبەش. بۆیە زۆر جاران دەبینین بۆ نمونە نەتەوەیەک وەک #کورد، لەسەر واقعە نێوانزەینیەکانی خۆی دەکەوێتە مشتومڕێکی کوشەندە و هەناسەبڕەوە و لەسەر هێماکان ناتوانێ یەکبگرێتەوە و خۆی ساق بکاتەوە. گەلێجار باوڕەکان لەسەر دیاردەکان شەق دەبەن و ئەو هێزەی کە دەبێ دیاردەیەکی نێوانزەینی بەهێز بنیات بنێ و جەماوەرێکی زیاتر بە یەکەوە ببەستێتەوە، سەرناگرێت. بۆیە واقعە نێوانزەینیەکانی ئێمە لەوانەیە لەچاو باوەڕی جەماوەر و خەڵکی خۆمانەوە سووک بن، ئێتر ناتوانن لەم دۆخە لە ئاست ئەوانی‌تر کێبەرکێ و ململانێ بکەن. ئۆتۆماتیکی ئاست و پریستیژیان لە ڕوانگەی خەڵکەوە دادەبەزێ.  🤝لێرەین ↙️ 🆔  @parantez_net
Love Center - Dating, Friends & Matches, NY, LA, Dubai, Global
Love Center - Dating, Friends & Matches, NY, LA, Dubai, Global
Find friends or serious relationships easily