(٦)
هیگڵ بەردەوام لەسەر تەختەڕەشەکە سێگۆشە دەکێشێت. ئەدۆرنۆ، بە تەختەسڕێکەوە، دوو لای سێگۆشەکانی هیگڵ دەسڕێتەوە؛ تاکو ڕاستەهێڵێک بهێڵێتەوە، کە دوو خاڵی بەیەک گەیاندووە، نەک سێ.
(٧)
پاش ئەوەی هیگڵ لە پەیمانگای فرانکفۆرت دەرچوو، ئەم تێزەی داڕشت: ''لە ڕاستییدا ژن و مێرد هەرگییز منداڵیان نابێت؛ ململانێی دوو بوون، بوونی سێیەم چێناکات".
(٨)
کە گەیشتمە لای ئێدوارد سەعید، تەوقەم لەگەڵدا نەکرد؛ چونکە پڵنگێکی عەرەبیی دەستی ڕاستی خواردبوو، کاتێک لە ڕووی شۆخییەوە ئەم چووبوو دەست بە سەروگوێلاکیدا بهێنێت. تەلەڤزیۆنەکە دیکۆمێنتاریەکی لەسەر دەوارنشینەکانی بیابانی عەرەبی نیشان دەدا. بەرامبەری دانیشتم و کۆفیەکم داوا کرد.
من: ''شا لەو پیسخۆرانە، میزی حوشتر دەخۆنەوە!''
ئەو: ''ڕاستییەکەی ئەوان پیسخۆر نین، بەڵکو ئەنسرۆپۆلۆژیای خۆرئاوا، ئێستاش میدیایان، وەک پیسخۆر ئەوانی نیشان داوە و دەدات''.
من دڵنیابووم کە ئەو ئێستاش پڵنگە عەرەبیەکە بە ئاژەڵێکی ڕووەکیی و بێوەی دادەنێت و لای وایە کە کێشەکە لە ڕوانینی ئاژەڵناسانی خۆرئاوادایە. باسەکەم گۆڕی.
(٩)
بەیانی زووە. داسزاین لەسەر کار خەویدێت، لەژێر لێوانەوە دەڵێت: "خۆزگە من بوونێک دەبووم ڕوو لە خەوتن".
(١٠)
دەڵێن ڕقی دێرێدا لە دیوار، دوو هێندەى ڕقی فۆکۆبوو لە مێژوو؛ دەنگۆیەک هەیە کە دوو هەفتە بەر لەوەى بێسەروشوێن ببێت، لەو دەمەدا کە بە ڕووتى خۆی هەڵداوەتە زەریای هێمنەوە، بینراوە. ڕاستییەکەى منیش دڵنیا نیم لەم قسەیە، تۆش دەتوانیت لەمپەڕەکان لابدەیت و تەنها وەک مومکینێک وەریبگریت.
(١١)
شەقامەکە چیتر خامۆش نییە، چپەچپی ڕێبواران لە چواردەوری سێ تەرمەکەوە بێدەنگیى شەوی هەلاهەلاکردووە. ماوەى چەند سەعاتێک چاوم لێغافڵ کردن، کە هاتمەوە نیتشە خوداى کوشتبوو، هایدیگەر لاشەى مێتافیزیکی لەکۆڵنابوو و دوور دەیبرد، جۆگەلە سوورەکانى مانا کە لەو زمانە کەڵەگەتەی بەردەم دێرێداوە سەرچاوەیان گرتبوو، دەمێکبوو مەییبوون؛ پێڵاوەکانى بارتیش نوقمى خوێنى نووسەر ببوون.
(١٢)
پاش جەنگە دلێرانەکانى، کە نیتشە مرد، ئەمە میراتەکەى بوو بۆ منداڵەکانى: چەند هێکتارێک مەرەزەی مێتافیزیک بۆ هایدیگەر و دێرێدا، کە هەر زوو سووتاندیان؛ چەندین دۆنم ئەنسرۆپۆلۆژیا بۆ فۆکۆ و باتاى، کە لەم ئەبیستمەیانەى ئەخیردا هەموویان کران بە کێڵگەى مەعریفە؛ تانکەرێک دەروونشیکاریی پاش-بونیادگەرانەش بۆ لاکان. هەڵبەت میراتەکە لەژێر چاودێریی هابەرماسدا دابەشکرا.
(١٣)
هابەرماس: با جۆگەلەکە کەمێک وشکیشی کردبێت، بەڵام کەمێک ڕاڕەوەکەى دەگۆڕین و پڕاوى دەکەینەوە.
فۆکۆ و دێرێدا: نا! نەخێر! ئەم جۆگەلەیە بەسەرچووە و لێرەدا دەیبڕین، دانەیەکىتر چێ دەکەین.
هابەرماس: ئەمە نابێت! هەر وەک هۆرکهایمەر و ئەدۆرنۆ وەرزی پێشوو داوایانکرد، هێشتا هیواى تێدا ماوە، چاکى دەکەینەوە، هێشتا خودا یارە.
فۆکۆ و دێرێدا: خودا مرد!
ــــــــــــــــــ
#زاموا_محەممەد #ڕاوێژیسم «کەمێک سەیرتر لە خەیاڵ»
#مینیماڵ (مەنیفێستى دووەم)
🔸دوابەشی مەنیفێستی ٢
Me Bişopînin:
@Rawezhism