«نامەی ژمارە۳۶۰»"
خۆشەویستم!ئەوە دەڕوات بۆ ساڵێکە کە لەم دورگەی دوور لە وڵاتە هەموو شەو و ڕۆژە پڕ لە دەرد و ڕەنجەکانم بە ڕوانین و ماقمان لە ڕوخساری جوان و پەیکەری یۆنانیت، کە بە سەر دار و دیواری ئەم ژوورە تاکەکەسییە بە دەستی لەرزۆک و پشتی چەماوم هەڵم کەندووە تێدەپەڕێنم و ئیتر هیچشتێک لەوە زیاتر ناتوانێت ساڕێژکەری برینەکانم بێت.
خۆشەویستم! دەقە بە دەقە و چرکە بە چرکە، تاسەی دووری لە تۆ و نیشتمانەکەم هەناسەم سوار دەکا و مناڵی نەفام و زمان نەگرتووی نێو دڵم زۆرتر لە جاران گرووی دیدارت دەگرێ.
بەڵام خۆشەویستم... هەموو ئەمانە تا کاتێک بوو کە ئەمڕۆ مخابن و سەد هەزار جار مخابن کە بردمیان بۆ ژووری کابرای ئەشکەنجەکەرەکە و لە نێو لەپتابەکەی تۆ -کە زۆر لەلام سەیر بوو کە لەوێ چی دەکرد- ڕۆیشتە سەر پەیجی شەخسی فەیسبووکەکەت و چەن وێنەیەکی تۆ و ئەو جنۆکەیەی لە باوشی یەکتریندا -کە دەتوت لە مێژە یەکترینتان نەدیوە- نیشان دام و پاش دارکارییەکی زۆر بەڕەڵڵای نێو قەفەسەکەی خۆمیان کردمەوە.
خۆشەویستم! تۆ هەر گوڵە جوانەکەی ڕۆژانی هەژاری و بێکەسیمی. ئەگەر چی لە ئێستادا کە ئەم وشانە لە نێو گێژەڵووکەی مێشکم بە سەر پێنووسە وشک هەڵاتووەکەم دەخلیسکێن و بەرەو دەشتی لاپەڕەکان سەروخوار دەبنەوە؛ چوار دەوری قەفەسەکەم بووە بە زەریایەکیسوور و هەڵماوی، زەریایەک کە منی دەربەدەر و تینووی، بە سەر شەپۆلەکانی خۆی درێژاودرێژ پاڵ خستووە و بەردەوام دەست بە پێڵووەکانی چاوم دەهێنێت کە خەو بە ماچی یەکەم ژوانمان ببینم..."
ئەم ڕستانەم چەن سەعاتێک لەمەو پێش لە پەیجی فەیسبووکی کچێک خوێندەوە کە لە ژێر وێنەی لاپەڕەیەکی خوێناوی بۆ فاڵۆوێرەکانی ئاوای نووسیوو:
ئەم ڕستانە، دوایین ڕستەی نامەی ژمارە «۳٦۰»ی کۆترێکی ئەویندار بوو کە ئەمشەو بە دەستی کابرایەکی نەناسراو بە دەستم گەیشت. کۆترێک کە تەنیا و تەنیا بە تاوانی چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێبە شێعرەکەی بوو بە قوربانی درۆ و فێڵی ناحەزان."
ــــــــــــــــــ
کورتیلەچیرۆکی:
«نامەی ژمارە۳۶۰»
#هێمن_ئەمینی #ڕاوێژیسم #مینیماڵ #چیرۆک@rawezhism @rawezhism