دوای ئەوەی ئەم چیرۆکە چوار وشەییەم [کە بەیادی هاوڕێی چیرۆکنووسم "مریەم قازی" نووسیبووم] لە کاناڵی
#ڕاوێژیسم دا بڵاو بووەوە و، خۆشم فۆڕواردم کردە کاناڵەکەی خۆمەوە، کۆمەڵێک ڕەخنە و هەڵبەزینەوەی بەپەلەی لێ کەوتەوە کە وای لێکردم [بەدەر لە ویستی خۆم] شڕۆڤەیەکی کورتی بۆ بکەم.
بۆ نووسراوە: "گەورە پیاوێکی ژن بوو." ؟ و، نەنووسراوە: "ژنێکی گەورە بوو" ؟ یان: "گەورە ژنێک بوو" ؟ چوونکە ئەو دوو ڕستەیە ڕوونن و هەڵگری هیچ پرسیارێکی جێی تێڕامان و، جوانیناسانەی ئەدەبی نین.
بۆ نەنووسراوە: "ژنێکی گەورە پیاو بوو"؟ یان بۆ نەنووسراوە: "ژنێکی وەک پیاو گەورە بوو"؟ چوونکە ئەم دوو ڕستەیە واتایەکی پیاوسالارانەیان لەپشته.
ئەگەر ئەم ڕستەیە بەم شێوەیە نەنووسرابوایە: گەورە پیاوێکی ژن بوو"؟ دەمانتوانی لە خانەی ئەدەبیات دا پۆلینی بکەین؟ نەخێر! دەی ئەم ڕستەیە کوێی ئەدەبییە؟ پاڕادۆکسی بوونی ڕستەکە دەیخاتە چوارچێوەی ئەدەبیاتەوە.
پاڕادۆکسی ئەم ڕستەیە هەڵگری چ پرسیارێکی واتادار یان وجوودییە کە دەیخەینە چوارچێوەی ئەدەبیاتەوە؟
دەستەواژەی "گەورە پیاو"ٓ وەبیر چیمان دەخاتەوە؟ وەبیر ڕوانگەیەکی پیاوسلارانە کە هەموو مرۆڤە مەزنەکانی پێ پیاوە. یان پێی وایە تەنیا پیاوان دەتوانن مەزن و گەورە بن.
"گەورە پیاوێکی ژن بوو" یانی چی؟ یانی ئەوەی، ئەو کەسە پیاوێکی گەورەی ژن سفەت بووە؟ ها؟! دەی ئەگەر ژن سفەت بووە بۆ پێیان گوتووە گەورە پیاو؟ دەی کەواتە "ژن بوون" لەو ڕستەیەدا گەورەتر و مەزنترە لە وشەی پیاو؛ دەنا دەبوایە بنووسرابوایە "گەورە پیاوێکی پیاو بوو". بەڵام لێرەدا مەبەست ژنێکە، نەک پیاوێک، ئەگەر مەبەست ژن بێ چ پاساوێک هەڵدەگرێ؟
دەستەواژەی "گەورە پیاو" کە دەستەواژەیەکی پیاوسالارانەیە لەو ڕستەیەدا بە "ژن بوون" خراوەتە ژێر پرسیار؛ "ژن بوون"ـێک کە لە ڕوانەگەی پیاوسالارییەوە سووکایەتییە. سووکایەتییەک کە لەو چیرۆکەدا سفەتە بۆ پیاوێکی گەورە (مەزن).
ڕواڵەتی ئەم ڕستەیە، ساکار دیارە، بەڵام هەر ئەوەی خوێنەر هەڵدەبەزێنێتەوە و ناچاری دەکات بەخۆی یان بە نووسەرەکەی بڵێ: "ئەو قسەیە یانی چی؟ مەبەستت چییە؟ و...؟" زۆر پرسیار و هەڵوێستی دیکە.
هەڵبەت ئەو ڕستەیە خوێندنەوەی جیاوازی دیکەش هەڵدەگرێ، ئەوەی دەگوترێ لە ڕابردوودا لەنێو کوردان دا بە مرۆڤ [بە ژن و پیاوەوە] گوتراوە "پیاو"، ئەوەی لە ڕابردوودا جیاوازیی ڕەگەزی وەک ئێستا نەبووە، ئەوەی کە وشەی پیاو [ بەواتای مرۆڤ] لە سەردەمی پیاوسالاری دا لە مرۆڤی مێیینە [ژن] ستێندراوەتەوە و وشەی ژنی بۆ داتاشیوە.
بێ گومان وشەی "پیاو" لە ڕابردوودا لەنێو کوردانیش دا ـ وەک وشەی "مەن" لە زمانی ئینگلیسی و ئاڵمانی کە بەواتای "مرۆڤ"ە ـ بە واتای مرۆڤ هاتووە. ئەو وشەیە [مەن/ پیاو] لە زمانی ئینگلیسی و ئاڵمانی و زۆر زمانی تریشدا هێشتا بەواتای مرۆڤ دەکار دەکرێ.
هەڵبەت تا ئێره، ئەوەی نووسیم، شڕۆڤەیەکی کورتە کە لەڕاستیدا کاری من نەبوو و کاری ڕەخنەگرە. ئەوەی نووسیویشمە هەموو لایەنەکانی شڕۆڤەی ئەو چیرۆکە چوار وشەییە نییە، بەڵکوو چەند لایەنێکێتی و، دڵنیاتان دەکەمەوە شڕۆڤەی دیکەش هەڵدەگرێ.
ڕاستە چیرۆکەکە چوار وشەیە؛ بەڵام ئەم چوار وشەیە لە ئەنجاومی حەوت سەعات تاسان و بیرکڕدنەوە لە مەرگی ناوەختی خاتوو مریەم قازی دا نووسراوە.
***
#ناسر_فەتحی