یوونس رەزایی

Channel
Logo of the Telegram channel یوونس رەزایی
@younesrazaiePromote
351
subscribers
53
photos
13
videos
279
links
ئەدەب و هونەر
Forwarded from عکس نگار
***
هاوارێک بە چرایەکی تەڕەوە
.
یوونس ڕەزایی
.
.
هەموو سنووری تەنیایی
مڵکی خۆمە.
باران ببارێ؛
دڵە کوتەم دێتە خوار.
بای بێ؛
رادێم لەگەڵ خێرایی هەنگاوی.

لەوسەر تا ئەوسەری شەوگار
جێگای پیاسەی من و نسێیەکی رووناکە.

شان بە شانی مانگ
دەبێ پەنجەرەکان داگیر کەم
دەنا کچێک چۆن دەتوانێ بسکی تێکەڵ شەقام بکا؟

پێ بە پێی دار
دەبێ بمێنمەوە لە زەینی کۆڵاندا
دەنا ناونیشانەکان دەگۆڕێن.

لەوبەر تا ئەوبەری وەرز
کاتی منە.
سەرەتای مانگ
دەست رادەدێرم بۆ پەپوولەکان
تا ببزوون بە کۆڵاندا و
ستایشی شۆڕەبی بکەن
کە ئارام شینە لە کات دا.

کات چ دەبێ
ئەگەر پەپوولە باڵی قاچاغ بێ؟
شوێن چ دەبێ
ئەگەر دار نەبێتە وێنەی کچێک؟
کتێبەکانی لە نسێ دا روون دەکاتەوە.
فانووس هەڵدەواسێ بە سەری کۆڵانەوە
لەچکەکەی هەڵدەخا
لەسەر تەنافی رابردوو.

لە بەیانییەوە تا چیا
نیشتمانی خۆمە
دەچم لە خیابان لادەدەمە کافەیەک.

دەڵێم: فاڵی قاوە بگرنەوە
بۆ گەڕانەوەی مەلێک کە ونە.

دەڵێم: کێ دێ تینوێتی رێگاکانم لەگەڵ بخواتەوە؟

دەڵێم: دەنگی مووزیکەکان لانیکەم لە پەردە بێننە دەر!
با لابدا جوانیی بە هەموو رۆژ دا.

مڵکی منە
ئەو هەموو وشانەی دەبێ بیاننووسمەوە.
بەیادی کچێک لە گۆرانیدا پیاوێکی ون کرد،
لە تەنیایی دا گۆرانی بزر کرد،
لە ون بوون دا
سەرقاڵی شێتی بوو.

ئەو رستانەش کە بڕیاڕە بنووسرێن
لەسەر پێستی کاڵەوە بووی تەنیایی.

ماندوو
دەچمە ژێر باران و
چرایەک بە دەستەوە
هاوار دەکەم: دەستێک هەیە رووناک بێ؟

هەموو سنووری تەنیایی
مڵکی خۆمە
بارانە تەنانەت تا ناخی وشەکان
شێتە.


@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
***
خەتتێکی نامۆ و چەند رستەیەکی لێڵ
.
یوونس ڕەزایی
.
.
خەتتی هیرۆگلیف دەزانی
کە چاوی منی پێ نووسرا
پیت و وێنە لە تابڵۆیەک دا شین ببن؟

لەوێ دا کۆتر یەک واتای هەیە
دڕدۆنگیش؛ چەند پیتی دەنگدار

لەسەر ئەستوونی پیرۆزی خەمم
وێنەی باڵ و قەفەس پێکەوە دەبنە رستەیەک
لە پەراوێزی رەوەزەکانی بیرەوەریم دا
پیتی دەنگداری ئا و
وێنەی هەور
دەبنە باران.

من رێنووسێکی غەریبم
لەدوای ئەو هەمووە گومانەی
لە وێنەی کانی کراوە
پیتەکان ئیتر مانای من نادەن
دەنا سێ کوچکەیەکم دەکێشاوە و
دەمکوت ئەوەیە گڵکۆم.
دارێکم رەنگ دەکرد و نسێیەک
دەمکوت ئەوەیە سەنگەرم.

من رێزمانێکی ونم
کۆتایی رستەکانم پڕە لە نەخشەی کۆڵان
سەرەتای لاپەڕەی بەردینم
وێنەی چۆمێک هەڵکەنراوە.

گەر ون نەبایە زمانم
ئێستاکە بەشێک دەبووم لە رووباری نیل
گەر دژوار نەبا خوێندنەوەم
کەشتییەکم دەکێشاوە
کە یەک مانای زیاتر نەبێ
ئەویش سەفەر
ئاڵایەکی سپیشم هەڵدەکەند
لە پەنای پیتی بێ
مەبەستیم ئەوە دەبوو
سەر بە هیچ سپایەک نیم،
هیچ رەنگێکیش.

خەتتی هیڕۆگلیف دەزانی
لانی کەم وێنەکانم بەرئاوەژوو ببینە!
نەققاشی دەشتێکی ئارام
بە ئاژاوە ماناکەوە.
پۆرترەی پیاوێکی تووڕە
بە کەسێک کە لەدوا وێستگەی غەریبی دایە
لەوانەیە کۆۆشی پڕ ببێ لە گریان.

من خەتتێکی دژوار دەبم
وێنە و پیت لەسەر پیرۆزترین کاتەکان
دەنەخشێنم.

چاڵێک هەڵدەکۆڵم و چاوێکی لێڵیش
پەراوێزی ناوێ ئوستوورەی گورگ.

پیاوێک دەکێشمەوە
رووت رووت رووت بووبێتەوە
لە میسر
لە رۆژهەڵاتی ناوین
لە چۆمی نیل.

بەندیخانەیەکیش لە گەڵ پیتی کێ دەکێشمەوە،
من چووزانم کێ لە بەندیخانەدا
بێ تاوان بیرەوەری دەنووسێ.

خەتتی هیرۆگلیف فێر بن ژنەکان
با وێنەکان بخوێننەوە!
پیتەکان بەرنە پەراوێزی رووبار و
بیانشۆنەوە لە تەم و مژ.

من دەبمە میسری هەمووتان
ئێوەش نیلی کەونارام بن
رستە بە رستەی لەشی من
مێژووی سبەینێی برینە،
بیخوێننەوە.

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
***
خەریکی پەروەردەی ئاوێنەم
.
یوونس ڕەزایی
.

خەریکی پەروەردەی وشە بووم
رستەیەک لەدایک بوو ناوم
نا رووبار
سەرقاڵی پەروەردەی رووبار بووم
هەرێمێک چاوی کردەوە
ناوم نا دەریا
دەریام رادەهێنا لەسەر نەزمی جوانیی
کچێک بسکی کردبووە بایەوانی کەشتییەک
ناوم نا تۆ

لەو دەمەوە هەر لاپەڕەیەک دەستی بۆ دەبەی
پڕە لەدار
هەر دارێک دەچێ ژێر نسێی
پڕە سەرقاڵیی بەهار
لەهەر بەهارێکیش وچانێک دەگری
ژنێک راوەستاوە لەبەر دەرگای وەرز.

دەنگ هەڵبڕێ
بەرەبەرە تاریکی دەڕووشێ
گەر تێی هەڵکاتە گۆرانیی
بڵوارەکان هێشوو هێشوو ترێ دەگرن
دەستیش هەڵبڕێ بەرەو مانگ
جوانیی لە جیهان دا دەنگ دەداتەوە.

خەریکی پەروەردەی شەقامە کچێک
رۆژێ سێ جاری ئەلف و بێی هاتوچۆ پێدەڵێ
جارێکیش شێعری چۆم

شەوانەش چراکان دابەش دەکا
چرایەک بەشی زامی من
یەک بۆ برینی کووچەکان
یەک بۆ خوێندنەوەی نەخشەی نیشتمان.

لەو کاتەوە من پیتەکان ناناسمەوە
چیا بە ئاور دەخوێنمەوە
رێگا بە پیاوێک کە هەڵوەدای ژنێکە
چەکم بۆ ناخوێندرێتەوە
خوێن لە ناو خشتەی پیتەکان دا نییە.

لەمەودوا بە زمانێکی دی دەبێ بدوێم
نازانم چەندم ماوە بۆ چرا
چەندە دوور کەوتوومەوە لە گوللەیەکی وێڵ.

زمانم وردە وردە تێکەڵ بارانە
جارجار هەور
زۆر جاریش بە دوای کچێکەوە
دەیان دەنگ
سەدان پیت
هەزاران غوربەت دەڵێتەوە.

ماوەیەک لە دوای ئەو شێعرە
خەریکی پەروەردەی ئاوێنە دەبم
ئەو زمانە با پەرەبگرێ لە شاردا .

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
سەفەر بە لای چەند کاتژمێری سەرخۆش دا
.
یوونس ڕەزایی
.
.
قەت تێپەڕیوە ئاور بە تەمەنتاندا ؟
من تێپەڕیم بە تەنیشت بزەکانتاندا
وەک تێپەڕینی کەسێک لە دۆزەخەوە.

من تێپەڕیم بە لای ژانەکانی ئێوەدا
لە گوێن تێپەڕینی ئەسپێک
بە گەرمەی حیلەی ئاوردا.

لایەک لە دەستم خووساوی ئەستێرەیە
شەو نەخشەی خەممی تێدا ببینن
لایەک لە باڵم بەجێ دێڵم
بۆ شێواویتان
پێی هەڵفڕن
تا خەتتی ئیستیوای بزە.

ئێوە دەتوانن جوغڕافیای باران بن
ئەو دەمەی کە کەسێک غەریبی ناوتانە
دەتوانن مێژووی رووبار بن
ئەوڕۆژەی بسکی ئەوینتان
هاووڵاتی گژە بایە

منیش دەتوانم هەڵکورمێم
لە لە تابڵۆیەکی نەققاشی کۆن دا
ببمە خەڵکی رەنگەکانتان

بە تەنیشت ئێوە داهاتووم گەیشتوومەتە ئاوارەیی پۆلیسێک
لە سەقز کەشتییەکانم بە ئاودا دەدەم
خۆ دەگرمەوە لە ئامەد

لە سەقز تەنیاییم دەکەمە باڵندە
دەنیشێتەوە لە عەفرین

ئێوە بەو زمانە بدوێن لە ئێستەوە
ئەلف مانای ژنی هەبێ
بێ واتای کچ
تێ شتێک لە شێوەی جوانیی
پیتەکانی دیکەش بتەکێنن لە نیگەرانی

تێدەپەڕم لە کاتژمێرێکی وەستاو
باخێک دەبینمەوە لە دەنگتاندا شین بێ
پڕ بێ لە داری بەیانیی
دارێک دەبینمەوە پڕ بێ لە بەری باڵندە
باڵندەیەک دەبینمەوە پڕ بێ لە جادووی هەڵفڕین

دڵنیا؛ ناوتان دەنووسم
لەسەر تابڵۆی هاتوچۆی پەپوولە پاییزەیەکی هەڵوەدا و
دەبینە وەرزێک دەنگی چێژی بێستوون بدا

قەت وررزێکتان دیوە تێپەڕێ بە باخ دا و
سەری لە حیکمەتی باڵندە سووڕنەمێنێ ئێوارە؟

تا دەتوانن ئێوارەم بن
ماندووم لە کاتێک ناوی دۆزەخە.

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
گلەیی لەو بەری ئاوێنەوە
.
یوونس ڕەزایی
.
.
ئەمن دەستم میراتی ئاوێنە بوو
لە بارستایی مژێک دا
تۆ دەستت لانیکەم بارانی دەزانی
گەر باریبایە ونبوونم
لە بادەوە و تەنیایی دا

کەسێک خوێنی خۆی بە دەستەوە بوو
لە حەشیمەتی شووشە وێرانەکان دا
تۆ لانیکەم رووناک بووی بۆ پێوانەی مەرگی
ئەگەر دڵۆپ دڵۆپ بە دیارییەوە
خاکت نووسیبایەوە

ئەمن لە ڕۆهەڵاتی ناوینی تەنیاییدا
ئەگەر لایەکم کەنداوی خۆف بێ
لایەکی دیم تا چاوبڕ دەکا
دێراوی ئاور
ئەگەر کاتژمێرم کووک بێ
لەسەر دڵەکوتەی زەیتوون
کاتم پڕە لە ڕێگایەک
بە لوورەیەک کۆتایی دێ

دەبوو ڕۆژهەڵاتی نزیکی بزەت نیشان دەی
سنوورەکانت پڕ کەی لە بوودا
تاوێک لە تەبەتتی لەشم ڕابمێنی و
لە سیمام دا
بخوێنییەوە
هەڵوەدایی دالای لاما

پیاوێک چییە بە گشت تەنیایی خۆیەوە
جگە لە بەلەمێکی خەمۆک
بەسەر لەشی دۆزەخەوە
کە خەونی دەریای لە بیرچۆتەوە
لانیکەم بەستێنی دەنگت
دەیتوانی وێستگەی گومان بێ
لەو هەمووە بیابانەی بەدیارییەوە شینن.

پیاوێک لە بەینونەهرەینی خەونەکانی خۆی دا
چۆمێک بە وشە ساز دەکا
دەخوشێ تا دەگاتەوە ژن
چۆمێک لە دەنگی ئەو پەنجەرانەی
دەکرێنەوە لە شەوی ناوادەی خوێندا و
دەڕوا تا لە ژان ئاوا بێ

لانیکەم هاوڵاتیم بای سەردەمێک
لە نێوان دوو رووباردا دەبووینە ماسی
بە شاخەکان دا مەلەمان دەکرد
هەتا رۆژێک
زەیتوون دەبووە بەستێنی دەستمان.


@younesrazaie
Forwarded from younes rezaie
دژوازییەکانی پیاوێکی تەنیا
.
یوونس ڕەزایی
.
.

لە لایەک ئەو هەمووە مژە
هێرش دێننە سەر ئاوێنەم
لایەک زوڵاڵی تەنیاییم
لە چاوی قرژاڵ رووناکتر!

کاتێک بە دەم باوە
دڵ لە دوای پەپوولە و
کاتێک رەگاژۆ لە زام دا

خەیاڵێک وێڕای خۆی
دەمکاتە زمانی ئاور
بیرێک کلوو کلوو سەرماوەز دەدەوێنێ
"سینەم فراوان کەوە کە خودایە"١
چۆن لەگەڵ ئاژاوەی دۆزەخی نامۆ
بێمە ڕەدایە.

دژوارە روو بکەمە باکوور و
بڵێم ژانی باشوور دەزانم
سەختە دەست بدەمە دەست کرێکارێک و
پێم وا بێ حەسانەوە
واتە
بە کۆڵانی مردن دا رابردن
ناتوانم لە قەراغ گەنم دانیشم و
حیکایەتی فۆلکلۆری برسێتی بگێڕمەوە
خوایە چی دەڵێی هەر ئەوە
"ئیشم لەبەر سانا کەوە"!٢

رێگای بن بەست دەبینم
ناکارم بیڵێم
باڵی چۆلەکە سەیدانە*** شەهید بێ
زمانم تەواو دێتە بەز
مانگ گەر ساتێکیش بگیرێ
راوێژی منیش وێڕای ئەو
هەر کەس ناونیشانی جوانی لێ ون بووبێ
لەبەر تاسان
تەنانەت ناتوانم وشەیەک بێمە گۆ
خوایە تەنیایی خۆمم بدەوە
دەنا
"گرێی زمانم بکەوە".٣

نازانم بۆ
کە ئەمن باسی چۆم دەکەم
تاقمێک دەڵێن مەبەستت وشکەساڵ نەبوو

تێناگەم چۆن
کە ناوی بارانە دێنم
هێندێک دەڵێن نیازت وایە گڕ
لە دەماری کات بەر بدەی
سەرم سووڕماوە چۆن
بڵێم ژن و
خەڵکێک بە چەقۆ تێنەگەن
بەشکوو وابکەی خودایە
کە "تێبگەن لە گوتەی من"۴
ئەوی دانیشتووی دژوازین
ئەوی بە روونیی ئاوێنەکان ناڕازین.

**
۱،۲،۳،۴.... ئایەتەکانی ٢٥ـ ٢٨ی سووڕەتی پیرۆزی تاها کە حەزرەتی مووسا لەوان دا داوای یارمەتی لە خودا دەکا.

ربِّ اشْرَحْ لي صَدري و یَسِّرْ لی أمری و احْلل عُقدةً مِنْ لساني یَفقَهوا قَوْلی

***
چۆلەکە سەیدانە: پەڕەسللێرکە

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
ژێنێتیکی باران و دار و چەند کۆڵانی دی
.
یوونس ڕەزایی
.
.
دارێک لە کۆبانی لەدایک بوو
چل و شەش کڕۆمۆزمی جوانیی
زیاد کردووە بە زمانی جوغڕافیا
من هاوڕەگەزی زەیتوونم
بە چل و شەش کڕۆمۆزۆم ژانەوە
ئەوەندی دیش
ئەوینی رێگا دوورەکان.

دارێک لە هەولێر دەنگی هەڵبڕی
چل و شەش پەنجەرە کرانەوە بەرەو مانگ
منیش دەلاقەی شێعرم خستۆتە سەر پشت
بەرەو هەموو ئەو کچانەی
مانگی کۆڵانی حەیرانن.

دارێک لە دیاربەکر سەری هەڵدا
چل و شەش جار بە زمانی باخ هاتە گۆ و
بە راوێژی سەرهەڵدانی رووبارەکان.
منیش رستەکان دەکەمە باخێک
لەسەر پێچی هەر کامەیان هەنارێک دەچێنم و
سەنگەرێک بۆو بێشکانەی
لایە لایە بۆ برین دەکەن

دارێک لە مەهاباد بەریگرتبوو
هەمووی چرا و
راژان بە تەنیایی شەقامەکانەوە.
منیش لە کۆتایی هەر شێعرێک دا
ژنێکی چاوەڕوان دەنووسم
چرایەک رادەدێرێ بۆ باران
باران دەسپێرێتە زمانی تینوەی شاخ
شاخ دەباتەوە سەر رێگای سبەینێ و
بەیانان دەبێتە هەور.

دارێک لە بۆکان پەرژینی وشە بوو
هەر کام واتایەک بۆ کۆتر
منیش هەڵفڕیم لە واتای باڵندەیەک دا
لەیلا سەرەتای ناونیشانی بوو
بە پاشناوی کانییەکی شەهیدەوە.

کێ دەزانێ
چەند کڕۆمۆزمم لە دەریا بە میرات وەرگرت؟
ئەو دەمەی شار پڕ بوو لە پاییزێکی ناوادە
چەند کۆڵانم لەشار بردە بەستێنی ئاور؟
ئەو کاتەی بەفر ببووە چارەنووسی تابڵۆکانی رێگا و بان.

چل و شەش کڕۆمۆزم تەنیایی لە خوێنم دا تۆمارە
دەچم پاڵ دەدەمەوە
بە بەژنی زراڤی زەیتوونێکەوە
مێوینە بێ.

پەنجەرەیەک دەخوازم بۆ باخ
تا وێڕای بەهار بێنە ناو زمانمەوە.

چرایەک دەدەمە دەست ژنێک
بەڵکوو شان بە شانم ببێتە دەریا.

وشەیەک زیاد دەکەم بە جوانیی شەقام
تا هەموو ناونیشانە بزرەکان ببینمەوە.

لە بەستێنی شێعرێکیش دا رادەوەستم
چل و شەش کڕۆمۆزم خاکی تێدا شاراوە
تا چاو هەتەر کا نیشتمان دەخوێنمەوە.

@younesrazaie
Forwarded from اتچ بات
***
‍ میراتێک لە جیهان

بەشی من،
لە جامی داهاتووی جیهان دا
تەنیاییەکانی ئاسیا
.
من کەرتێک دەبم لە قاڕەی ژان
و
نزاکانی بوودایەکی شاد.
.
بە دیار تۆپی ئاڵۆزی خەمەکانمەوە
پێدەکەنم
بە ون بوونی چارەنووسێک
بەدەم باوە
بە رۆژهەڵاتی زەردی دونیاوە
.
کەرتی من،
لە داهاتووی جیهانیی جامێک
خەمۆکییەکانی ئەورووپا؛
پاش تەواو بوونی
هەموو یەکشەممۆکانی مێژوو
لەگەڵ پەری دەریایی
ئەویندرای یەک،
من شازادەی گومڕا دەبم
رادەمێنم لە ژنێک؛ دەبێتە هەڵم
و
بیر لە باران دەکەمەوە
لە بەستێنێکی بریندار
.
میراتی من،
لە جیهانی جامێکی؛ وێنەی نەبووبێ
ئاڵۆزییەکانی قاڕەییەکی دژوازە
وەک ئامریکا
.
باکوورم، بەختەوەریی چینێکە
چینە دەکەن، لە جوانییەکان
باشوورم، رۆژە رەشی کۆترێکە
بە کاتی مەترسی.
سەرم ئەوینە
و
هەنگاوم
گیرۆدەی سەخڵەتی رێگایەک
هەر مار بێ
.
دەستکەوتم لە جامی نوێدا
با قاڕەیەکی تەنیا بێ
چوار دەورم هەزار ئەفسانە دەوری دابێ
یارییەکانم
هەموو لەگەڵ داهاتووی خۆم
لەسەر شینایی دەریا بێ
.
بەشێکم دەنێ لە خۆتان
ئەی باڵەکانی هەڵفڕین!
درەنگ کەوتووە
هێلانەم
لە باڵندە.

#زمانی_کوردی
#شعر_ضدجنگ
#شعر_مدرن
#پل_سلان
#پاز
#بودلر
#شعر_جهان
#شێعری_نوێ
#کرماشان
#سنه
#مهاباد
#ئیلام
#کوردستان
#شێعری_کوردی
#یوونس_ڕەزایی
#لەیلا_ساڵحی
#قوباد_جەلیزادە
#سەلاح_پایانیانی
#رێبوار_سیوەلی
#رەهبەر_مەحموودزادە
#رزگار_مەلا_مەحموودی
#مەسعوود_یارە
#فواد_یارە
#شێرکۆ_بێکەس
#شعر_آوانگارد
#ترجمە_شعر
#وەرگێڕانی_کوردی


@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
ببوورە چەندی ماوە بۆ هەور؟
یوونس ڕەزایی
.
.
کاتژمێرەکان هەموو وەستاون
وەک تەنیاییم بە شاخەوە
لەسەر چارەگێک بۆ پاییز!

من نامهەوێ بوەرم
بەر لەوەی کە بانگی دار ببیستم
نامهەوێ ترێکان بگەن لە خەمم دا
پيش ئەوەی بڵیندگۆیەک
ناوی ڕوونی باخ
بە گوێی شاری دا بخوێنێ.

کاتژمێرەکان لەسەر کێ ڕاوەستاون؟
کە هەنگاویان لە نزیک خەزەڵوەردا قەتیسە.

ئەمن نامەوێ دووپاتەی دارێک بم
ئاور لە ناخیدا بزووت!
ئەی بۆ بەری باران نەگرم
نیوسەعات پاش نیگای کچێک
کە هەمیشەی وەرزەکانمە.

لە بڵواری دڵتەنگیی دا ڕاوەستاوم
زۆرم نەماوە بگەمە دڵپڕی
چاو دەبڕمە دەستی چەپی شەقامەکان
بزانم کاتیان چیم نیشان دەدا
گوێ ڕادەگرم بۆ بڵیندگۆی مزگەوتەکان
بزانم بانگی کام وادەی رۆژە.

بڕیاڕمان سەعاتی نیگایەک بوو
پەپوولەی تێدا فڕیبێ
بایەک فڕینەکانی لەگەڵ خۆی دزی.

کاتژمێرەکان
رووبەڕووی ئەمن و هەڤاڵێک کە چۆمە
راوەستاون.

چەند چرکەی دی
دەبێ تەنیایی ببژێرم؟
کاتی نوێژی بارانەیە و
لە دوور ڕا کەسێک دەپرسێ
ببوورە چەندی ماوە بۆ هەور؟

وردە وردە دادەبارم
بەر لەوەی پاییز هاتبێ



@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
سەرسوڕمانی باڵندەیەکی دەریایی
.
یوونس ڕەزایی
.
.


نیشتمان؛ چییە جگە لە باڵندەیەک
کە هەموو ڕۆژێ لە دەمارت دا
هێلانە نوێ دەکاتەوە.

باڵندە؛ چییە جگە لە دوو باڵ
وادەی دڵتەنگیی لێک دەکرێنەوە و
لە ئاسمان دا ون دەبن.

ئاسمان؛ چییە جگە لە خەونی بەیانانی دەریایەک
کە لەهەڕەتی ئەستێرەکاندا
شارۆمەندانی دەبنە یاسای دەست شەپۆلەکان.

گەر نیشتمانی باڵندە ئاسمان بێ
گشت سنوورەکانی دەپێوم
هەتا بەشێک لە ساماڵ بێ
دەنگم.

هەڵدەفڕم بەسەر رووباردا و
ناوی ماسیی دووپات دەکەمەوە
لە جوغڕافیای فڕیندا.

هێلانە دەکەم لەسەر شەپۆل و
بیرەوەری دارەکانی قەرغ شەقام دەڵێمەوە.

ئێوارە لەسەر سیمی دارتەلێک دەنیشم و
دەڕوانمە سەربەخۆیی ئێوارەیەکی دڵتەنگ
بەو هەموو نارنجییەی رێبوارە تەنیاکانەوە

کیژێک؛ لە پاڵ دەستمەوە چینە دەکا
لە خەفەتی کۆڵانە وێرانەکان
ژنە رەشپۆشەکان
پیاوە هیلاکەکانی بێکاریی.

کیژێک؛ چییە جگە لە دەریایەک
بە رەنگدانەوەی ئاسمانەوە.

من سنوەرەکانی دەپارێزم لە شەو و
لەسەر باڵی سەرخەوێک دەشکێنم
بەخەونی منداڵە خاپوورەکانی سەرشەقام
کە هەڵوەدای هیچن.

نیشتمان چییە جگە لە خەونێکی خۆش
کە سبەی تەعبیری دەکەین
وێڕای ماسییە چاوەڕوانەکانی بەستێن.


@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
گەمییەوانی لە سەر ڕەوەزەکان

لە کەویر نەهەنگێکم دیت
هەموو رەچەڵەکی دەریای لەبیرچوبۆوە

کوتم: من دەچمەوە کوێستان
ماسییەکان لەوێ نەخشەی گەمییەک دەکێشنەوە
هەتا لە ئاور تێپەڕن
بگەنە بەستێنی باران

لە کەویر لەسەر لیمەکان نووسیم
کاکێشانی ڕێگای نیشتمان نابینم
نەهەنگێک کوتی: ئاسمان بەخۆڕاییە
لە جێگا پێی مانگ بڕوانە
تا وردە وردە سارد بێتەوە لەشی ئەوشەوت
کە دوور کەوتۆتەوە لە کانی

من لە ئاسمانی نامۆدا
زوو ون دەبم
پێم خۆشە ریشەداکوتم لە بادا
بگەمەوە خیابانەکانی کرماشان
لەوێ
ببمە ماسییەکی سەرشێت
ڕوو بکەمە ئەفسانە و مەلە بکەم
لە سەر تاتە بەردەکانی بێستوون

لە کەویر، بێستوون درەنگ دەبێ
کرماشان لە کاکەشانی ڕێگای شیری دا
نابیندرێ
ئەفسانەکانی خیابان دەبنە لیم

بەوشەوە دەستی نەهەنگێک دەگرم
دەڵێم:
تۆ لە خیلقەتی وشتردا ون نەبووی؟
دەڵێم: سەیر نییە
پیاوێک ماسێتی خۆی لێ بزر بێ؟
دەڵێم: کاکەشان چەند بەش لە نیشتمانە؟

نەهەنگێک سەری سووڕ ماوە لە لیم
ڕوو دەکاتەوە شاخێکی نەبەدی
لەگەڵ خۆی بەرەو نەخشەی سیروانم دەبا
پێکەوە دەچینە سەر ئایینی ئاو

بەوشەوە بیر دەکەمەوە لە کەویری رۆژنامەکان
کە پڕە لە لیم
لە تەنیاییش بە یاسای تینوێتییەوە

سواری نەهەنگێک دەبم درەنگان
ڕوو دەکەمەوە دەشتەکانی کرماشان
تێکەڵ ئەو هەموو ماسییە دەبم
کەلەسەر ڕەوەزەکان مەلە دەکەن

لە کرماشان نەخشەی گەمییەک دادەڕێژم
لە شەقامەکان گەمییەوانی دەکەم
تا دەگەمە بەستێنی ئەفسانەیەکی دی
کە پڕە لە داری سەرەڕۆ

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
***
هەرەوەزی تینوێتییە...لە چیای مەغڵووبی تەنیایی
"بۆ چیانشینانی شنگال"
.
یوونس رەزایی
.
.
مەگری ئەی شاخ
بە خەفەتی هەزاران کۆتری دوورە باڵ
کە هێلانەیان بە ڕەوەزەکانی مەرگەوە... لە ترسان.
بە ئەسرینی زارۆیانی مەسحەفەوە
کە لە کتێبی ڕەشەبادا... ناویان تۆمارە
.
بگێڕە چەمەرییەکی ڕوون
لەو تاریکەسەلاتی بیابانەدا
کە گەڵا گەڵا جەستەیان خەزەڵوەرە
بگری ئەی ئاو
دوور لە مێژووت...کە کۆنترین ئاسەوارە
دوور لە ڕابردووی نووسراوەت
کە ئاوەدانی مەرگ بوو

تۆش دڵۆپ دڵۆپ گڕ لە باڵات بەردە
ئەی ڕووبار!
کە پۆل پۆل تینوو دەبن
خەڵفەکانی من
لە کۆڵانە هەڵاتووەکانی ئەو شارە
.
بە قەدپاڵەکانتەوە
وانەی ئەنفال دە‌خوێننە‌وە‌
نەتەوەی ھە‌تاو
لە‌ داوێنەکانت
بیرەوەری گۆڕستان دە‌نووسنە‌وە‌
ئەو پیاوانەی
تەنیایی بەرزترین کێلیانە
ئەو ژنانە‌ی
بسکیان ڕەشماڵی داھاتووی من بوو
دەستیشیان ئێستا شەڵاڵی
هەناسەکانی "شەیتانە"
.
ئاخ لە چۆڵی دەستەکانت
چیایە مەغڵووبی ئێمە
داخ لە چۆمەکانی داوێنت کە دەخوشن
بە خەونی عازەبی کیژۆڵە دوورەکان
کە نامەکانی ئەوینیان بە ڕێنووسی تینوێتی...نووسیوە
بە تەمەنی کۆترێکدا
کە گمەی لە بە رهەیوان کەویرە و
تا ئەوپەڕی هەرێمەکانی غەریبی... هەڵفڕیوە
.
ئەوە بەهارێک گەیوەتە هەواری کۆنە برینم
تێکەڵ باڵی ماندووی تەیر و
مەمکی وشکهەڵاتووی هەور و
دەنگی گڕی چەکەکانە
ئاوێتەی برینی دار و
دوایین دەرفەتەکانی تەمەنی ڕووبارە
.
ئەو بەهارە هەرێمێکە... بە ئاڵای ڕەشی خەمەوە
لووتکەکانی ئەوینیشی...بە خوازەکانی تەمەوە
.
بەهارێکی تر هاتووە...(وە) ڕاوچییان لە سەنگەردا
لە پشت ئایەتەکانی "کتێبێکی ڕەش"
بە واتای فێنک و ڕوونەوە
ئەویندارانیش وێڕای چەک دەقاسپێنن
بە ئاڵایەک...بە ڕەنگی گەشی بوونەوە
.
زەینی ئەو شێعرەم داوەتە دەست مەترسی
لە چیای مەغڵووبی داسنیان
بەهارێکی دی بەڕێوەیە
ئازیزان
.
ئیتر باڵی ڕەشی مردن لێک نادرێتەوە
بە تەعبیری ناوادە و کاڵی وشکەساڵ
هەموو واتاکانی زنجیر
لێکهەڵدەوەشێن...ئەو وەرزە
بە حوکمی ئایەتێک لە لاپەڕەکانی مرۆڤ
لەژێر چەتری فریشتەیەکی مەزندا
کە تاوسی باخەکانی هەمیشەیە
.
بگری! ئەی پێنووسی لە خوێندا بە تەنیام
ئەی شێعری لە ئەوینی سبەینێ...نادڵنیام
لە مابەین دو وچۆمدا
تەرمێکی تینوویە نیشتمانم
لە پەرستگەی ڕووناکیدا
دوور لە "ئیزەد"ە سروودی بەربەیانم
.
بمرە ئەی با!
تا نەشەکێ ئاڵای ڕەش لە وڵاتی پیتەکانی ژواندا
تا کەروێشکەی ئەو خەفەتە دابمرکێ و
بێنەوە...مێران و ژنان
پڕ لە گۆرانی باران
و
بێ چەتر تەلاوەتی ئاو بکەن
بە‌ رستە‌كانی ژیان دا


@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
عاشقانەیەکی لێڵ
یوونس ڕەزایی
.
.
.
لە کێ گەڕاوم ئەو دەمەی
دەستت هێمای دوور کەوتنەوەن؟
لە کێ دوور کەوتوومەوە
ئەو ساتەی
هەنگاوت لە چاوەڕوانیم دا قەتیسن؟

بانگم کە بە ناوی سروشتەوە
با ببمە دارێک لەسەر رێگاکان
وەرزەکانی ئەوین وەبیر خەڵکی بینمەوە.

هەرام کە بە دەنگی باخەوە
با بەر بگرێ نیگام
لە شنەی وشەیەک کە
گیانت جێدێڵێ!

لە کێ گەڕاوی
کاتێک من هەموو تەنیاییت دەزانم
دەمێک تۆ هەموو سنوورم دەناسی؟

چاوێک تەنیا...
تەنیا چاوێک لە برین بگێڕی
هەزار نەشتەر شایەدی دەمارەکانمن.

بانگی کێت کردووە
لە بێدەنگی شەقام دا
کە سروشتی ئاور بە کاتەکانی وەربووە؟

من دەنگ دەدەمەوە لە بێدەنگی رێگاکانت دا
وڵام دەدەمەوە بە زمانی گیا
راوێژی ئاو
تا لەسنوورەکانت دا خاک دەبێتە نازناوم

بانگم کەوە!
شەو خەریکە لە تاقەتی خۆر دەترازێ
تەنیا مەلێک ماوە
هەڵفڕێ بە خەیاڵی پەنجەرەکاندا.

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
لەبیرتە هەنار؟
.
یوونس ڕەزایی
.
.
کچێک دەحیلێنێ لە کاتی ئاوردا
خۆ بە بڵێسەی یاڵی دەسپێرم
دەڵێم: مەگەر دووگیان نەبووی بە تەنیایی؟
دەڵێ: نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ بە شەقامەوە
لەسەرەتای جوانیی گەڕام!

کچێک لە ئاور تێپەڕێ
دەبێتە دار
بەر دەگرێ لە بەر پەنجەرەی ئەو جیهانە
چ بەهار دەرفەتێک بێ لە نیگای
چ پاییز کاتێک لە بسکی

خاتوون هەنارت لە بیرە؟
ئەو دەمەی دەمت پیرۆز بوو
بە خوێنی تەنیایی
کێوت لە بیرە؟
ئەو کاتەی خۆی خزاندە داوێنت
ساکاریی منیش سەردەمێک
بە دیار ئاوری دەستتەوە
دەبمە دۆزەخ!

ئێوارەی تەمبوورێک پڕ دەکەم لە کۆتر
وێنەیەکی مەسیح هەڵدەواسم بە کۆڵانی ڕابردووتەوە
خۆرنشینی ئەفسانەیەک
دەکەمە چارەنووسی ئیبڕاهیم
دەیگێڕمەوە بۆ کچێنیت

هەنارێک وەبیر دێنمەوە
لە ئاوێنەکانتدا...شین
لەگەڵ هەتاو دەستە خوشکن
لەگەڵ مانگ پرچیان ئاوێتە.

تۆ شین بەوە بەدابی چۆم
لە هەناوی گەڵایەک دا
ببە دارێک هەنار سەرەتای شەقامی.

دووگیان بە، بە ڕێگایەکی دوور و ڕووناک
ئەگەر پرسییان؛ لە ڕەچەڵەکی ڕێ
بڵێ: پاک و پارێزراوە ناوم لە خەنجەر
لە دەستی تاریکی دڕدۆنگیی

ئەگەر کوتیان؛ ئاور لە ئاوێنەتدا بگێڕە
بڵێ: من لە ئاوێنەی گڕێک دام
کە دەگاتەوە سەرەتای ئێستام.

من ئەوشەو دێمە بەر شۆڕابەی تەمبوورێک
دەخزێمە بەسەرهاتی هەنارێکەوە
لە ناخییەوە سەرلەنوێ لەدایک دەبم
درەنگانی تەنیاییە و
گڕێک دەحیلێنی لە دەماری شاردا
پاک و پارێزراوە وشەکان لە تاریک
ئەو دەمەی لەگەڵ کچێک ڕکێف دەکوتین
لە ئەسپێکی ڕوون
بە وێرانیی شەوەزەنگدا.
.
.
@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
پاریس بە خەمی ئەسپێکەوە
یوونس ڕەزایی



هەڕەشە لە دەریا دەکا
ئەو ماسییەی نەخشەی نیشتمانی شاخە

کەشتییەکان بەرەو خوێنی خۆی داژوێ
وەکوو شایەک کە قامکی بەرەو خۆر راداشت
هەڕەشەی کرد لە تەنیایی و
تاجی لەسەر شمشێرێکی فێدار رفاند

دوورگەیەک دەبینێتەوە بۆ چیرۆکێک
کە عەهدی عەتیقی منە
بانگ دەکاتە سپایەک راساو لە ئاور
داببارن!
بەسەر پەیکەرەکانی یۆنانی کۆن دا.

دوورگەیەک دەهۆنێتەوە
بە زرینگەی ئەو شمشێرانەی لە کالانی تەنیایی هاتوونە دەرێ.

ماسییەک نەخشەی ئەفسانەکان دەدڕێنێ
ناوی دەریا دەسڕێتەوە
گوێ رادەدێرێ بۆ سروودی بارانە
کە وێڕای خرمەی سمی ئەسپەکان
دادەبارێ.

ئەمن لە گەرووی داردانێل تێدەپەڕم
تا تڕۆوا هەر کچێکی مەستم ماوە
لەوێ نەخشەی نیشتمانی سەرسوڕمان دادەڕێژمەوە

لەبەر دەرگای چاوەڕوانی هەزاران ئەسپی گڕ گرتوو
دەحیلێنم
هەڕەشە لە تۆفان دەکەم
لەگەڵ بەستێن پەیمانێکی تازەتر لە تەنیایی خۆم
واژۆ دەکەم

دەست رادەدێرم بۆ ماسییەکی رەش و
دەڵێم رووناکی هەمووی یاسای برینە
مەگەر تۆ بریندارت نەکرد دەڕوازەکانی متمانە؟

دەست بەرەو خۆم رادەدێرم
لە دەمەدەمی رۆژئاوای پەنجەرەدا.

هەڕەشە لە تەنیایی دەکا رێبوارێک
کە لە پاریس تێپەڕیوە زمانی!

کەشتییەکان لە خوێنم دا لەنگەر دەگرن سبەینێ.

ئەوشەو رادەکەمە سنووری ئەسپێک کە بە نۆتی دارستان سمکۆڵ دەکا
کێیە لە پەنجەرەی چارەنووسەوە سێوێک دەهاوێ؟

ئافرۆدیت!
ئاتێنا!
هێڕا!
جوانیی چییە لە پاش کاولی؟

وەرن راکەین لە دوورگەیەک
پڕ بێ لە وێرانی خەنجەر
روو دەکەینە ئەو ماسییەی
تاجی لەسەر شەپۆل ناوە

ئەمن لە گەرووی داردانێل تێپەڕیوم
ئەسپێکی چێویم گڕداوە
لە بەستێنی دڵەدوای ئێژە!

لەگەڵ سێ پەری دەریایی
ماسییەک دەکەینە هاوڕێ
رووبار تەنیا بیرەوەری ئێستایەتی

بە دەم سروودی دەریاوانەکانەوە
لەهەر شارێک سێوێک دادەنێین پڕ بێ لە رێنووسی ئاوێنە
با هەموو ژنان ناوی خۆیان ببیننەوە بە روونی.

ئێمە ترۆوا جێ دێڵین
بە زمانی سووری ئەو بڵێسانەوە
نەیانزانی دڵتەنگی واتای کۆچ دەدا

شارێک لە سەر نەخشەی ئەفسانە زیاد دەکەین
بسکی کچانی رووبار بێ و
ماسی بە واتای تازە دەبینینەوە

لەنگەر دەگرم لە خیابانی ژمارە یەکی دڕدۆنگی
رکێفی ئەسپێک دەکوتم ئێوارە
هەموو دەریا دەحیلێنێ و
هەڕەشە دەکەم لە تاریکیی سبەینێ.

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
راڤەی برینێکی کۆن بە شەقامەوە
.
یوونس ڕەزایی
.
.

پەنجە لە خوێنی نیشتمان دەخەم
دەمهەوێ تەنیاییم مۆر کەم.

پەنجەی رووناکم بەرەو مانگ رادەدێرم
ئەو کاتەی شەو
کەوتۆتە سووڕی مانگانە و
مانگ بەرە بەرە دەگیرێ لە چاومدا

هەزار ريگا لەبەر دەمم سەریان سووڕ ما!
یەکیان پرسی:
لە تاریکی دا کام موعجیزە دەناسی
کە ون نەبی لە پەراوێزی گوورگدا؟

رێگایەک باوێشکی تانەیەکی لێڵ بوو
بەرەو من:
کچێک شک دەبەی هەموو شەقامەکانی زام
وەک نەخشەی دەست با بزانێ؟

من هەزار و یەک وشە دەبێ بدوێم و
وەکازێک لە ناوەندی تاریکی دا فڕێدەم
تا ئەژدیهایەک لە شەودا بخوشێ
کە گورگەکان
میراتیان هەر لوورەیەکی بریندار بێ

لە ئەنگوستە چاوی ژناندا
دەبێ ئاشق ببمەوە هەمیسان
دەستم دەبەمە ناو هێلانەی زاممەوە و
رایدەگرم روو لە رۆژهەڵاتی مێوینەی ژنێک
با ئەستێرە ببینێ و هەتاوی وەبیربێتەوە

لە بەندەری ئەو شەوەدا
کە بایەوانی زمانەکان دەدزێ
گۆچانێک لە وشەکان چێدەکەم
دەیکێشم بە پشتی دەریایەکی شێت دا
رێیەک بەرەو سبەینێ دەکەمەوە لانیکەم

پەنجە لە ئاوی دەریاکان دەخەم
تاپۆی دوورگەیەک مۆر دەکەم
تا رادەیەک ژان دەکا بەستێنەکانی

بەستێنێکی ناو دەنێم کەناراوی چوار چرا و
مۆمێکی بەدیاری لێ بەجێ دەهێڵم

مۆم ئەگەر هەزار گومانیشی لەسەر بێ
بە زمانێکی روون دەسووتێ

بەستێنێکی بە دارە ئاڵوباڵۆکانی بۆکان دەڕازێنمەوە
تەنانەت ئەگەر پردەکانم لێ زەوت بکەن
پەڕینەوە تەنیا هەل نییە بۆ ژووانی بەیان

لە بەستێنێکی
شارێکی مێوینە دەکێشمەوە
بە پەیکەرەی ژنێکەوە
مێژووی لەشی خۆی دەنووسێتەوە و جوغڕافیای ئاویەریش
بە تەنیایی پیاوێکەوە دڵی نەشتەرگەری کرد
کە تەنگ ببوو
بۆ جوانیی کیژۆڵەکانی جەورئاوا

بەستێنی چوارەم سپی سپی دێڵمەوە
ئەو وڵاتە ماندوو بووە لە رەشایی

هەزار رێگا لە وشەدا شاراوەیە
خەمی رستەکانم نییە
لە ئەلف و بێیەک دەگەڕێم
جێی وڵاتی ببێتەوە

ئەوشەو
دەچمە سەر کێوێک ناوی نازانم
هەزار و یەک کەلام دەدوێم
لەگەڵ تەنیایی ژنەکان

بەیانی خەریکە بگاتە ناو کاتژمێرمەوە
سەعات بێ ئەملا و ئەولا لە خوێن لایداوە

ئەلف و بێی ئەو رێگایانە ون مەکەن
دەنا چۆن دەگەنەوە سەرەتای شەقامە ئاڵۆزەکان
ئەگەر زمانتان بە خۆر فرچک نەکرابێ
.
.
@younesrazaie
Forwarded from Leyla Nourani
من بۆ وشەیەک دامابووم
تۆ بێ.
بەیانی بوو
یەستا لە مندا نەدرەوشابۆوە
دەنگت.
بۆنیشت
کە ساوایی خەڵفێکی تورتە
نەیتەنیبۆوە زمانم.
.
تەنیا لە ناوت کە دژوارە
ون دەبووم
لە ناونیشانت
کە ئاڵۆزیی غەریبی گرتبوو
دەگەڕام

مامۆستا یوونس ڕەزایی
Forwarded from عکس نگار
دارێک تەنیا؛ دوور لە پەراوێزی تەم و مژ
.
یوونس ڕەزایی
.
.
دەنگێک لە درەنگانەوە
بەرەو رووی من دادەگیرسێ:
هەنگاوەکانت چەندیان ماوە تا دارێک؟

من دەبێ لەدار بپرسم!
بێ ناسنامە نازانم چەندی دی بڕۆم
بە ڕێیەک دا کە لەپاوانی شمشێردا.

شەوم لێ شوورەیی دەبێ
ئەگەر بەر لە ناوێکی روون
رێ بەرەو تەم و مژ لادەم.

دار، دەتوانێ بۆخۆی سەرەتای وەرزێک بێ
تا چاو هەتەر دەکا هەر باڵ.

دار، ڕەنگە رێکەوتی با بێ
لە بیاباندا و
هەموو ئەو کاروانانەی بە خەیاڵی دا رابرن
کە ڕێیان هەتڵەکرد هەتاکوو تینوێتی!

کەسێک لە ناکاوی پەنجەرەکانەوە
لاپەڕەیەکی رۆژژمێرم بەرە ڕوو رادەدێرێ
دەڵێ: رۆژی لەدایک بوونی دار دەزانی؟

من دەبێ لە ئاو بپرسم
بە بێ زوڵاڵی زمانێک
کە دەخوشێ بە لەشی خاکدا
خۆ سەردەر ناکەم لە دارێک
شینایی بەری ئێستای بێ و
لە سێ داریش کە وشک هەڵهاتوون
بە دەم شینەوە!

ئێمە زوو بووین لە زامێک دا
هەموو مانای لە چیا دا
دەنگی داوە.
هەنگاوێک دەنێمە ئەو بەری تاریکییەوە.

با ناسنامەم بچێنە پاڵ
ڕۆژژمێری ئاوێنەوە
لایەکی چۆمێکی باشووری تۆمار کردبێ و
لایەک دڵتەنگی ئێوارەی
کچێکی سەرهەڵگرتووی ئەنەدۆڵ

پەڕێکی شوێنەزای پەپوولەیەک بێ
لە کۆڵانە کۆچەرییەکانی ئیلام
پەڕێکیشی وێنەی زەیتوونێک
لە دەمەدەمی ئاوابوونی وڵاتدا.

ژنێک لە شەرمی تەنیایی خەنجەرەوە
گازم دەکاتێ:
چەند هەنگاوی دی دەگەیە خوێنم؟

من دەبێ وڵامێک بدۆزمەوە
لەو بەری بەستەڵەک
تەنیا یەک هەنگاوی دیکە
رزگار دەبم لە ئەنگوستەچاوی گورگ

دارێک ببینن بەتەنیا
دەستەملانی مانگێکی دوورەدەست ماوە و
پاڵی نەدا وە نسێی ئەو جیهانەوە
کە چارەنووسی تەم و مژ دەڵێتەوە.


@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
گەشتێک بەخەونەکانی ساماڵ دا



بە تەنیا دێمە ئاواییەکەتان
با بۆنی گڵ لە وشەکانم تێپەڕێ.
لە ماڵێک دەگەڕێم
خشتێکی لە خاک و یەکی لە نیگای ژنێک بێ
شوورەی هەناسەی لاوێک بێ
کە باڵ دەبزيوێ لە کوێستان.

شەو دێمە ناو مێژووتەوە
تا بزانم
چەند کیژی کەونارا
لە پەنجەرەت دەردەکەون و
دەستیان دەبەن بۆ بسکی باخ

من مێژینە ناسی جوانیم.

پاڵتاوێکی خاکی لەبەری تەنیاییم دەکەم
دەفتەرێک هەڵدەگرم
تا کلوو کلوو بێدەنگیتان تۆمار کەم

دەبێ بدۆزمەوە ئاواییەک
بە پاڵ ئەفسانەوە
هەر کۆڵانێکی ناوی سنەوبەری لەسەر بێ
هەر ماڵێکی تا ئاوەدانی هەنگاوێک دوور و
هەموو کوڕانی خەون بە دەریایەکەوە ببینن
لە جانتای کەسێکی تر دا
شەپۆل دەدا

دەچم لای خاتوونێک
کە دەستێکی ئاوە و یەکی با
فاڵ دەگرمەوە بۆ سبەی.

دەڵێم چەند ئاوایی دیکە
لە تەمی ئەو شاخانە
دەرباز دەبێ زمانم؟

ئاوێنەیەک دەگرێتە چارەنووسمەوە .
لێی نووسراوە
تا دەستت نەگاتە نیگای کیژێک
کە بسکی دەوامەی چۆمە
روون نابێتەوە وشەی تۆ

پاڵتاوێکی خاکی لەبەر دا
ون دەبم
لەو هەموو راوێژی دارە

لە پاڵ منارەی مزگەوتەوە کەڵەشێرێک
دەنگی هەڵدەبڕێ
سێ جار دەڵێ
بەخێر بێی بۆ سەرەتای خاکێک
کە کۆتایی وەرزێکە لە رەنگی ژنان!

لە پاڵ کانییەوە ژنێک دەخوێنێ
هەر تەلێک لە دەنگی بەشێکە لە ئاور

کلوو کلوو بە ئاوایی دا زستانم
سەرما تا مۆخی رستەکانم هاتووە

دەڵێم خاتوون!
دامگیرسێنە بە ئاوازێک
لە خەمۆکیی رەوەزەکانی هەورامان

پیاوێک دێ لە شێوەی رووبار
پاڵتاوێکی لە رەنگی ساماڵ لەبەردا

خاک وەردەگێڕێتە سەر زمانی کۆتر
مەل دەکاتە هاوواتای باران
باخ دەکاتە تەریبی کیژێکی سڵۆک

پیاوێک پاڵتاوی ساماڵ لەبەردا
مانای وەرزەکان دەگۆڕێ و
ناوی من دەنێ وڵاتی ئاور

من لەسەر رەوەزێک
باڵەکانم لێک دەکەمەوە
گڕ پەرەدەستێنێ لە هەرێمی زمانم دا

پیاوێکی خاکی نازانن؟
ون بووە لە مەملەکەتی هەناردا.

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
هەینییەک لەگەڵ ئووستوورەکانی دایک
.
(بۆ "ژاڵە"ی دایک و درەنگانی غەریبیم)

یوونس رەزایی
.
.
.
بەیانی هەینیت باش دایە
ئەوشەو
پۆلێک سوار بە خەونم دا رابردن
دەستم بە هیچەوە بەند بوو
ئەوکاتەی منداڵیم ون ببوو
لە کۆڵان
دەنگم نەدەگەیشتە دەستت
کە ساماڵ بوون
بەسەرمەوە
بە کەحێلی ئاورە دەستت لە دەستم گرێ دا
پێکەوە دوایین سەمای ئاور بووین

هێستیا(١)
بەیانی هەینیت باش!
پێم خۆشە خەونی کچێکت بۆ بگێڕمەوە
بە خوێنم دا رابرد رۆژێک
سەوزی چاک کە و
بیر لە خەزەڵوەری تەنیاییم بکەوە
بەشکوو دارێک لەگەڵ بزەت باڵا بکا
هەر گەڵایەکی ناوی کچێک بێ

دەترسم خەونێکشت بۆ وەگێڕم
لەسەنگەردا
دەستم سوور داگەڕابوو بە ترس
دەترسم لە گوللە ئەو دەمەی تۆم لە بیر دەچێتەوە
لەپەنا سەنگەرم کوچکاورێک بکەوە
کەترییەکی رەشی چایی و ئیستیکانێک دڵەدواییت و
بۆنی قژیشت
دەربازم دەکا لە دڵەکوتەی مردن

وێستا (۲)
بەیانی هەینیت باش!
پەردەی ماڵەکەت لە مێژە
کاتژمێر یەکی شەو نیشان دەدا
مەگەر بانگی سبەینێی پەنجەرە
لەو دیوی پەردەکانەوە نییە؟

روو وەرمەگێڕە لە منی ئاڵۆز
کە خەوم پڕە لە پیریت
ئەوڕۆ ئیشتیام لە شەربەتێکی نارنجی و
بزەیەکی زەرد و
باوەشێکی گەرمە

سەوزی چاک کە
لە بەختی سووری کۆترێک
چیرۆکێکیش کە کۆتاییەکەی ئەسپێکە و کچێک
بگێڕەوە
با ئەگەر هەستم بە شەو کرد
یاڵی کاتم ئاوردەم و
مانگێک بە پاش تەرکەوە لە ئاسۆ
هەڵێم

بەیانی هەینیت باش دایە!
ئەوڕۆ هەموو شەقامەکان تەحتیلن
نیگای تۆ نەبێ
هەموو باخەکان ئاڵۆزن
جگە لە بسکت
هەموو کۆڵانەکان بێدەنگی دەپێون
بەدەر لە دەنگت

لە تاریکییەکی درێژ هاتوومەدەر
بۆن بە قژتەوە دەکەم و
لەسەر سفرەی هەینیت دەڕوانمە سەوزی
کفتە
خوێ
تۆ
ئەو
خۆم و
زۆر شتی دیکەش
کە تەحتیلن لە مندا
ئوستوورەی ئەوڕۆ بە سەوزی و
ساکارییەوە دەنووسرێ.
.
.
.
۱- هێستیا Hestia لە ئوستوورە یوونانییەکان دا خاتوو خودای عازەبی بنەماڵە و ئاگردان و بیناسازی و میهرەبانییە.

٢ـوێستا Vesta لە ئوستووتە رۆمییەکان دا خاتووخودای عازەبی وەجاخی بنەماڵە و ئارامی و میهرەبانییە و هاوشێوە و دەستەخوشکی واتایی هێستیای یوونانییە

@younesrazaie
More