تا گورگ هەتەر دەکا هەر تەم و مژ
"بۆ کۆڵبەرێکی ون"
.
.
.
یا تا خەوێک دەستم بگرە "یووکی ئۆنا"*
با تێکەڵی رێبەندان بم
یا وێڕای من بحیلێنە لەو بەفرەدا
با رنووەکان
وێران بن بەسەر من و تاریکیی کات دا
.
تەنیا ئەو شەو، یووکی ئۆنا!
پیلوەکانم بەرە بەرە دەبنە سەهۆڵ
دەستێک بە چاوم دابێنە!
رێ
تا بەفر هەتەر دەکا، هەر تاریکە.
.
نیشتمانێک بە کۆڵەوە و
خەمێک لە نەخشەی جوغڕافیا دا
هیچ وڵاتێک وەخۆی ناکا
.
سبەینێی خۆم بەشانەوە
داهاتووی ژنێکێش لە چاوەڕوانی دا
بۆتە گوڵدانی خەمۆکیی
.
کلوو کلوو دڵەڕاوکە
من کۆڵبەری هەموو سنوورەکان دەبم
هەتا کاتێکی نەبەدی
دڵۆپ دڵۆپ دڵەکوتە
بارم خەونی کچێکە
پەلکەی تەنیایی
.
شەکەتیی؛ بۆ دوای سنوور رادەگرم
مردن؛ بۆ پاش گەیشتنەوە.
چاوەڕێمن دیوارە شەدارەکانی بەیانیی ماڵێ
بەئاگان زامە نەنوستووەکانی کۆڵان
لەسەر هەست راکشاوە
بووکە شووشەی کچێک
کە سبەینێی قوتابخانەی سڕیوەتەوە
لە دەفتەرەکەی دا
شەوێکی بەفری لە سەر دیواری ماڵێ کێشاوەتەوە
بە رەژی
بێ مانگ
بێ رێ
بێ تەنانەت رێبواریش
.
سبەینێی بووکە شووشە چاوەڕوانەکانم
لە کۆڵ ناوە
دەمێکە
وەک ئەسپێک کە گەرمی غاربێ
وردە وردە خەریکە ببمە هەڵمێک
بە پاڵ چیاوە
بەفر؛ کلوو کلوو دەڕژێتە ئاوری گیانمەوە
.
من کۆڵبەری تەنیاییەکانی ئاواییم
دەنگی کام سەگ ئاشقترە دەناسمەوە
.
لوورەی کام گورگ لە مانگ ترسابێ
چەپۆکانی کام رنوو
لە قەد پاڵ دابڕابێ
.
هەموو شتێک
بێجگە لە رێ
هەموو جێیەک
جگە لە رچەی بەیانی
.
یووکی ئۆنا*!
لێم دەرکەوە
لە شێوەی بووکە شووشە دا خۆ بنوێنە
یاریی بە تەنیاییم بکە
.
من ئیتر ئەسپێکی ماندووم
دوایین حیلەم لەو سنوورەی پێشوو ون کرد
رێ دەرناکەم
تا چاوەڕوانی ژنێک بە دیار شەوەوە
.
رێ دەرناکەم
تا ناو خەونی کچێک
کە بەفری لەسەر دیوارەکان کێشاوە
شەوی لەسەر دیوارەکان کێشاوە
خەوی لەسەر دیوارەکان کێشاوە
.
لە شێوەی مانگێک دەرکەوە یووکی ئۆنا
لانی کەم رووناکم کەوە
زۆر تاریکم بەو سەخڵەتە
لە شێوەی خۆر خۆ بنوێنە ئەگینا
زۆر سەخڵەتم بەو تاریکەسەلاتەدا
.
جوغڕافیایەک بە کۆڵەوە
بەرەو کام لا دەبمەوە شارۆمەندی بەیانی؟
.
دەترسم شار بە شار هەر لێڵی بپێوم
بەرەو کام رێ دەگەمەوە یەکەمین کۆڵانی سبەی؟
نەکا لەو شەودا ون بمرم!
.
.
.
.
*یووکی ئۆنا: لە ئەفسانە ژاپۆنییەکان دا کەسایەتییەکی ناسراوە. بە ژنی بەفرین ناسراوە. لە بەفر و بۆران دا خۆ بە رێبواران دەنوێنێ و کارێک دەکا خەو بیانباتەوە و رەق هەڵێن و ببنە دەستەچیلەی مەرگ. یوکی لە شێوەی ژنێکی شەنگ و لەباردا خۆ بە رێبواران دەنوێنێ.
.
.
.
.
#لەیلا_ساڵحی#زمانی_کوردی#شعر_ضدجنگ #شعر_مدرن#پل_سلان #شعر_جهان #وەرگێڕان#شعر_مدرن#دکتۆر_رێبوار_سەعید#رەفیق_سابر #یوونس_رەزایی#سەلاح_پایانیانی#رەهبەر_مەحموودزادە#رێبوار_سیوەیلی#قوباد_جەلیزادە#سەیوان_سەعیدیان#زمانی_کوردی#شێوەکاری#کانسێپچواڵ_ئاڕت#کوبیسم#شێعری_شێت#شێعری_ئاوانگارد @younesrazaie