عیمارەتەکانی مانگەشەو
.
.
.
گەر مێژووی خۆت بنووسییەوە
دەخوێنمەوە
هەزار رووداوی باراناوی
لە کاتت
ساڵێک کە لەدایک بووی مانگ گیرا
بە خوێنی خەفەتێکی تۆ
لەگەڵ بەرخەکان هەموو بەهارت پێوا
دواتر پاییز
بوویە کیژێک هێشووی بزەت خەڵات کردم
بوویە
دەستەخوشکی دارە مێوێک
لەحەدە حەدی دڵنیایی باڵندەدا
پێگەیو
ساڵێک کە کتێبی ئاورت خوێندەوە
کلوو کلوو ببوویە بیرەوەری زستانێکی ناوادە.
بووکە بەفرینەیەکت کردە دیاری
بۆ ئێوارەی کۆڵانێکی چۆڵ.
شەوانیش
خەونت بە عیمارەتی سەهۆڵەوە دەدیت
کە خاتوو خودایەک رووناکی کردبوو
ساڵێک بوویە کیژی سەنگەرێکی کاڵ
سەربازەکانت نووسییەوە لە زام دا
چەکەکانت تۆمار کرد بە خاپووری
لە خۆرنشینی فەرماندەیەک دا شینگێڕیت بۆ شکست نووسی و
رووت کردە بیناکانی مانگەشەو
کە شەداری وشە بوون.
ساڵێک ئیتر تۆ خاتوو خودام بووی
کتێبی پیرۆزت بۆ نووسیم لە خاک
نووسرا:
بەناوی خودا کە دەهەندە دلۆڤانە
ئەو زەمینە میراتی ژنێکی لاوە
کە دەمارەکانی پڕ بوون لە دار
منداڵدانی پڕ بوو لە شاخ
چاوی پڕ لە رێگایەک
کە کۆتاییەکەی باران بوو.
نووسرا:
ئەی ئەوانەی ئیمانتان هێنا بە رەوەز
مەگەر نازانن تا مانگ
چەند لوورەی ماوە؟
ئەی نەتزانیوە دەبێ سبەینێ
لە چوار ڕێیانی هەموو شارەکان
رووناکایی ببەشنەوە
نووسرا:
"هاوارە لە کەمفرۆشان"
میلۆدییەکانی ئەستێرە
بە قورسایی خوێن دابەشن!
بەستەکانی چۆم
بە کێشانەی مەزرا تینووەکان.
تاڵێک تیشکتان ون نابێ
لە گێژەنی گومڕاکان دا
و
پیتێک بارانیش
ئەو دەمەی وشکەساڵ ماڵەوماڵ دەکا.
ساڵێک تۆ خاتووخودام بووی
ئایەتەکانی بەیانانم لەبەرکرد
و
روون دادەگەڕا زمانم
دەمنووسی:
هەر کەس لە شەوی رێگا بێتەدەر
تا عیمارەتەکان دەبمە گۆرانی بە لێوییەوە
دەمنووسی:
من میراتگری ژنێکم
فێری کردووم
چۆن باران دابەش کەم
چۆنیش لەتەنیایی کۆڵانەکان دا
ببمە بووکە بەفرینەیەکی ئەبەدی.
من لە مێژە ئیمانم بە دار هێناوە
بڕوام هێناوە بەو سروودانەی
ناوی ژنیان تێدا دووپات دەبێتەوە.
لەسەر دیوارەکانی شاری
ئەو رستانە دەنووسم
ناوی ئینسانیان تێدا تۆمارە
دوور لە هەرچی خەمۆکی خەزەڵوەر
گەر مێژووی خۆت بنووسیەوە
ناوی منیش لە پەراوێزی بەیانییەکتدا
تۆمار کە
با ببمە بەشێک لە دیرۆکی جوانی
و
تەنیایی.
.
.
#لەیلا_ساڵحی#مەستوورە_کوردستانی@younesrazaie