راڤەی برینێکی کۆن بە شەقامەوە
.
یوونس ڕەزایی
.
.
پەنجە لە خوێنی نیشتمان دەخەم
دەمهەوێ تەنیاییم مۆر کەم.
پەنجەی رووناکم بەرەو مانگ رادەدێرم
ئەو کاتەی شەو
کەوتۆتە سووڕی مانگانە و
مانگ بەرە بەرە دەگیرێ لە چاومدا
هەزار ريگا لەبەر دەمم سەریان سووڕ ما!
یەکیان پرسی:
لە تاریکی دا کام موعجیزە دەناسی
کە ون نەبی لە پەراوێزی گوورگدا؟
رێگایەک باوێشکی تانەیەکی لێڵ بوو
بەرەو من:
کچێک شک دەبەی هەموو شەقامەکانی زام
وەک نەخشەی دەست با بزانێ؟
من هەزار و یەک وشە دەبێ بدوێم و
وەکازێک لە ناوەندی تاریکی دا فڕێدەم
تا ئەژدیهایەک لە شەودا بخوشێ
کە گورگەکان
میراتیان هەر لوورەیەکی بریندار بێ
لە ئەنگوستە چاوی ژناندا
دەبێ ئاشق ببمەوە هەمیسان
دەستم دەبەمە ناو هێلانەی زاممەوە و
رایدەگرم روو لە رۆژهەڵاتی مێوینەی ژنێک
با ئەستێرە ببینێ و هەتاوی وەبیربێتەوە
لە بەندەری ئەو شەوەدا
کە بایەوانی زمانەکان دەدزێ
گۆچانێک لە وشەکان چێدەکەم
دەیکێشم بە پشتی دەریایەکی شێت دا
رێیەک بەرەو سبەینێ دەکەمەوە لانیکەم
پەنجە لە ئاوی دەریاکان دەخەم
تاپۆی دوورگەیەک مۆر دەکەم
تا رادەیەک ژان دەکا بەستێنەکانی
بەستێنێکی ناو دەنێم کەناراوی چوار چرا و
مۆمێکی بەدیاری لێ بەجێ دەهێڵم
مۆم ئەگەر هەزار گومانیشی لەسەر بێ
بە زمانێکی روون دەسووتێ
بەستێنێکی بە دارە ئاڵوباڵۆکانی بۆکان دەڕازێنمەوە
تەنانەت ئەگەر پردەکانم لێ زەوت بکەن
پەڕینەوە تەنیا هەل نییە بۆ ژووانی بەیان
لە بەستێنێکی
شارێکی مێوینە دەکێشمەوە
بە پەیکەرەی ژنێکەوە
مێژووی لەشی خۆی دەنووسێتەوە و جوغڕافیای ئاویەریش
بە تەنیایی پیاوێکەوە دڵی نەشتەرگەری کرد
کە تەنگ ببوو
بۆ جوانیی کیژۆڵەکانی جەورئاوا
بەستێنی چوارەم سپی سپی دێڵمەوە
ئەو وڵاتە ماندوو بووە لە رەشایی
هەزار رێگا لە وشەدا شاراوەیە
خەمی رستەکانم نییە
لە ئەلف و بێیەک دەگەڕێم
جێی وڵاتی ببێتەوە
ئەوشەو
دەچمە سەر کێوێک ناوی نازانم
هەزار و یەک کەلام دەدوێم
لەگەڵ تەنیایی ژنەکان
بەیانی خەریکە بگاتە ناو کاتژمێرمەوە
سەعات بێ ئەملا و ئەولا لە خوێن لایداوە
ئەلف و بێی ئەو رێگایانە ون مەکەن
دەنا چۆن دەگەنەوە سەرەتای شەقامە ئاڵۆزەکان
ئەگەر زمانتان بە خۆر فرچک نەکرابێ
.
.
@younesrazaie