یوونس رەزایی

Канал
Логотип телеграм канала یوونس رەزایی
@younesrazaieПродвигать
359
подписчиков
ئەدەب و هونەر
Forwarded from عکس نگار
کاتژمێری جوانییەکان
.
یوونس ڕەزایی
.
.
چاوەڕوان لەبەر دەرگای بەرد.
ئایا دەپشکوێ باوەشێک؟
ساردترە ئەو کۆڵانە لە زستان!
پایزتر
لە تەمەنی چۆمێک؛
کە بە دەشتی نادڵنیا دا رادەبرێ.

سەرما بە هەموو زمانم دا دەگەڕێ
بەفر دێتە گۆ لەگەڵ من
بەستەڵەک لە دەستم دا نوستووە
تەنانەت نەورۆزێک وەبیر بێنێتەوە
تێدەپەڕم.

چاوەڕوان لە بەر شکۆی بەهارێک
ڕووبەڕووی من ڕاوەستاوە
کەسێک کە درێژەی شەقام
لە چاوی دا هەڵکورماوە

دەنگ هەڵدەبڕێ
دەڵێ: لەبەرد تێبپەڕە
پێ بە بەستەڵەک دا بنێ
تا بەشێک لە بەهار بێتە کاتتەوە.

دەنگ هەڵدەبڕێ لەسەر فڕێکانسی باران
من بێ چەتر دەبمە شەتڵی پیتەکانی
دەڵێ: تۆ خەڵکی باشووری ژن بووی
بۆ لە رۆژهەڵاتی زستان دا کەسیرەی
دەڵێم: راماوم لە بەفر
تا کۆتایی بێ بە هەرێمێک کە سەخڵەتی دەزانێ.

لەبەر دەرگا دەستەیەک کۆترە باریکە
چەپڵە لێدەدەن بۆ دوو دەست
کە کراونەوە بە دەوری گۆی زەویدا.
بۆ چاوێکیش؛
کە ئوقیانووس بەشێک لە گلێنەی گەشی.

باوەشت پڕە لە کام با؟
کە لەگەڵ خۆی
تا دەنگێکی زەردم دەبا.

من هەموو تابڵۆ زەردەکانم لەبەرە
دەنگت کەلاوی کێها بەیانە؟
کە هەرجارێ جامانەیەکی تێدا ون دەکەم.

بەخێر بێی بۆ هەرێمی تەنیاییم
پێکەوە لە سنووری بەرد رادەبرین
لە ناو کەوانەی تاریکی
فانووسێک بە دیاری دەدەینە دەست ژنێک
روون و گەرم
دەست پێدەکەینەوە باشووری بزەیەک
کە پایز خەریک بوو نەشتەری لێدا.

چاوەڕوان لە بەردەرگای شێعرێکم
ئاڵایەک بەدەستەوە تا ئامێزی کات
تۆ مەگەر کاتژمێری جوانییەکان نەبووی؟


@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
لەشێک لە لەشێکی دی دەخشێ
.
یوونس ڕەزایی
.
.
من بەژنی تەڕی ژانێک دەگرمە باوەش
کە لە سەر سەقاڵی شەقام
ژنێکی ئاڵۆزاوی لەقاو داوە
کە هەموو رۆژێ نانی لێ ونە.
کچێکی درکاندووە
دەگەڕێ کۆڵان بە کۆڵان
بەدوای بەستەیەک قورسی دڵەکوتەی باوکییەوە
لە ناونیشانێک کە نییە
لەکرۆکی لێڵی شاردا.

دەستی لەرزۆکی پیاوێک دەبنە چۆم
لە ئامێزی تینووم دا
خشتی لەسەر خشت دادەنا
تا شوورەیەک بۆ زیندانی خۆی ساز بکا
بەردی لەسەر بەرد ریز دەکرد
کە لە بێهوودەیی تێپەڕێ.

لەشی ساردی دارێکیش
دوا وێستگەی پۆلێک کۆتر بوو
دندووکیان لە خوێنی خودا دەدا.

نازانم
بۆ ناتوانم باڵم ببەستم
لە کۆڵان باوەش دەکەم بە تەنیایی کەسێک دا
ون بووە لە دووکەڵ و خەمۆکیی خۆیدا
لە زبڵەکان دا بە شوێن ژیانەوەیە و
تا سبەی نایبینێتەوە
لە شار دا لە ناوی خۆی دەگەڕێ
تا هەتا نایبیستێتەوە.

ئێستاش دەگەڕێم بگەمە وێنەی سەنگەرێک
چەکێک رامووسم
رێگا دەپارێزێ لە ون بوون
دارستان دەپارێزێ لە قاقڕ
من دەپارێزێ لە دڵەکوتە.

کەسێکیش کە بە درێژایی سەنگەردا
سوورە لەشی و
چاوی لە خاک دا ریشاژۆی کردووە.

لە نیگای تەڕیش ناگەڕێم
هەر رێگایەکی دەبینی چاوی تەڕە
هەر باڵندەیەک کە وەیشوومە بە باڵی دا رابرد
هەر چۆمێکیش لەشی لەت لەت کرابێ لە سنوور
هەموو لەش
رابردوو
خەون و
سبەینێشیان شەستە بارانە.

لەشت بە لەشمەوە بنووسێنە
نیشتمان
با گەرم دابێ تەنیاییم
منیش دەست دەسووم
بە پێستی پیرۆزی تۆدا
با زامەکان
لانیکەم بزێنە گیانمەوە.

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
چەند گۆرانی بە گۆشە نیگای کیژێک کە هەورامانی منە
.
یوونس ڕەزایی
.
چەند گۆرانیت بۆ هەنار کوت
ئەو رۆژەی بە زاراوەی هەورامی
بوویە ئاور؟

لە شاخ دەنگت داوە
وەک دەنگدانەوەی ئاوێستا
من تۆم ناسیوە بە دابی گۆرانی
جوانیم پێ کەرەم کە
و
هەوایەک لە شەڕاب.

چاوت دەستەبژێری هەورە
بزەت دیاری پەرستگەیەک
کە هیچ کەس سەری پێدا نەکردبێ
مەگەر بەعەزمی هەڵفڕین.

تۆ سەرەتای کام شەقام بووی؟
بە ڕەوانی ناوی بڵێ
دەمهەوێ پیاسەم بە بەستێنت دا بێ.

دەزانم سەرەتای مرۆڤ بوو
دەستی تۆ
بۆیە لە ئامێزم وەرێنا و
هەزار ماسی رژانە داوێنی باوە
دەزانم کۆتایی سەرماشە نیگات
بۆیە کەوتۆتە خوێنمەوە.

راست و رەوان
ناوی خۆتم بۆ روون کەوە
من تەم و مژ بە زمانم دانایەت قەت.

دەمهەوێ کە ناوتم هێنا؛ ئاوێنەکان هەنار بگرن.
بانگم کردی؛
هەنارەکان سوور داکەونە داوێنی ژنێکەوە
سەمای دەکرد
لەگەڵ چارەنووسی بەفر.

چەند گۆرانی لە خوێنت دان
کە هەر کات لێو دەکەیەوە
رەوە کەوێک باڵ دەبزێون
لە خیابانیش دارەکان مچوڕکێک بە گەڵایان دادێ.

لە جێژنی خاتوو خودای باخ دا دەتبینم
بەرت گرتووە لە وەرزێک
ناوی زەردە
بەڵام هەناوی هەنارستانێکە لە ژن.

باران بەسەر زمانم دا دێتە خوارێ
بۆیە روون رەوان دەڵێم:
ناوتم بۆ دووپات کەوە
کە شارەزای پەرستگەی ئاوی
ناوتم بۆ بڵێ بە چیا
چون ناسیاوی دەڤەرێکی شینی
کە مەبەستم ساماڵی نییە.

بەتەنیا ئەگەر هاتییە خەڵوەتی پاییزمەوە
ملوانکەیەک لە ترێ دەچنم
دەستبەندێک لە گەڵای ریحان
پاوانەیەک لە دڵۆپی هەور

تۆ تەنیا وەرە وەرزی منەوە
منیش لەگەڵ تۆ دەڕۆینە بڵواری زستان
هەنار دەبەخشینە هەر کەس
لەسەرمان گرمۆڵە بووبێ
و
دەڵێن ئاور بکەنەوە لەسەر پشتی سەخڵەتی و
گۆرانی بڵێن بۆ سبەی.

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
دەنگدانەوەی خۆرێک بە کاتی رۆژئاوا
.
یوونس ڕەزایی
.
.
لە ڕۆژئاوای لەشی مندا
ئەسپەکان دەبێ ژێر پێیان ئاورینگ بێنێن
بە ناو واتای زەیتوونەکانی عەفریندا
یاڵی ئاور ڕاشەکێنن

دڕندەیی رووی کردووەتە لەشی پیرۆزی شاخ و
ڕەوەز تەنیا قەڵافەتی راوەستاوە.

ئەسپی من ناوی فوڕاتە
ڕوو لە گورگە بەلەسەکان
دەبێ تۆز لە رۆژهەڵاتی ناوین هەستێنێ
رووبارەکان وەفرۆز هاتوون
لە دەستی رەشی گورگێک
سیمای گۆڕیوە بە کانی
لەدەست ئاوازەکانی وێرانیی
کە لەئەوکی کاولی سەگەل دێتە دەر.

لە رۆژئاوای زمانم دا
دەبێ ناوی وڵات هێند دووپات کەمەوە
سەنگەری لوورە تێکڕووخێ
دەبێ کانتۆنێک بۆ حورمەتی دایکانی ئاوایی دانێم
یاسان بسکی خۆیانە و
چەکیان ئەو قیژانەیە وا
سەر لە گردەلوول تێک دەدا.

لە رۆژئاوای کتێبەکانی ئەوڕۆدا
وانەی ژن دووپات بۆتەوە
ژنێک چەکی بە تەوێلی هیچییەوە ناوە
یەک سەنگەری گرت لە شکۆی شەوێک
بەسەر جوانیی ئەو هەرێمە داڕماوە.

جیهان بێدەنگ
لە لەشی ئەو منداڵە ڕاماوە
بووکەشووشەکانی بەر لە خۆی برینن
هەواڵنێرەکان زمانیان ون کردووە
ئەو کاتەی ژنێک هەڵدێ بە نازانمی گڕدا.

تەنیا دەنگێکم گەرەکە
بڵێ لافاوە هەستاوە لە رەنگی زەیتوون
رەنگە بوولەرزە بکەوێتە لەشی پردەکانی ئەستەمبووڵ
رەنگە مانگ بگیرێ ئەو کاتەی گورگەکان خوێن دەیانگرێ و
بوولەرزە دەکەوێتە جوغڕافیای هاواریان.

بای دێ
لە کانتۆنی ژنێکەوە فوڕات ناوێتی
لە داوێنی کیژێکەوە
دەریا بەشێک لە چاوێتی.

بەرێ خۆ دەدەنە ئاگر
ئەو مانگانەی رۆژێک خۆری ناو ئاوێنەکانی خۆیان بوون.
چەکی خۆ دەخەنە سەر دوایین ساتی تەمەنیان
ئەو دەمەی پۆتینەکانی ئەیاسووفیا
پیرۆزی زەیتوون دەشێلێ.

گردەلوولێک دێ لە کانتۆنی جزیرە
پڕە لە پیتی ئەویندار
سیمای لە مەمی ئاڵان دەچێ و ئەویش نا
روخساری لە خانی دەکا و پیرتریش
پۆلێک هەڤاڵن بە ناسنامەی کانییەوە
روو دەکەنە ئەو سنوورەی
بە لەشی زارۆک تەنراوە
پشت دەبەستن بەو چۆمانەی
کە لەپاشیان بە جێماوە
باڵدار بێ باڵ دەوەرێنێ لە رقیاندا
ناڵدار بێ ناڵ دەوەرێنێ
ئەو کاتەی ئەوان دەبنە رەمزی کتێبێک
ئەوینی تێدا و دەسووتێ.

لەکانتۆنی زەیتوونەوە کۆترەکان هەر شمشێر دەسوون
لە نیگای وشکەساڵێک ناوی بیابانە
لە رۆژێک دا
کە رۆژی لە دایکبوونی بارانە.

منیش سێ هەرێمم بۆ شێعرێک داناوە
کە لە مەترسی گورگ دایە

هەرێمی یەکەمم بۆو کچانەی
بسکیان لە چەکیان بەستووە؛

هەر دێڕێکم سەنگەریان بێ
هەر کۆپلەیەک رێگایان
بەرەو رووناکی.

هەرێمی دووەمم بۆو لاوانەی
بستێک لەو خاکە دزگیرانیانە؛

هەر پیتێکم بە ئەوینیان زاخاو دەدەم
هەر وشەیەک بۆ فێنکایی دڵی ئەوانە
دەکەمە نوێژە بارانە.

هەرێمی سێهەمم بۆو برینانەی دەڕۆن
بە رێگادا
شەکەت ئاوارەیی خۆیانن.

با لە پانتایی شێعرم دا
خوێنیان بڕژێتە رستەکانەوە
با سوور داگەڕێ زمانم
بە بڵێسەی حەیرانەوە.

هەزاران دار لە سەر رێگاکان وەستاون
دەست رادەدێرن بۆو کچانەی لە ترس ترازاوە ناویان.

هەزاران کانی لەسەر هەست
دەبنە ئاوێنەی سووتانی ئەو ژنانەی
لەئاور تێپەڕی ناویان.

دار دەنگی هەڵبڕیوە و یەک سروود
بە گەڵای بزۆزێوە دەلەرێ؛
چۆم خەریکی گۆرانییەکی رەسەنی خاکە؛
خاک هەستاوەتە سەرپێ و سەراپا دەنگە؛
هەموو بە رەمزی رۆژێک کە ئاوا دەبێ
یەکدی دەدوێنن
هەموو سروودێکی روون دەخوێنن
دوورە لە تەم.

خۆریش وێڕای ئەوان دەنگی داوەتەوە و
هەر دەڵێ: کینە ئەم.

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
دەفەیەک بە ریتمی خانەقای خاک
.
یوونس ڕەزایی
.
.
بەرێگای خۆمدا دەبم بە پاییز
گەڵایەک لێرە دادەنێم
یەک لە چیا.
جیاوازی نییە لە کوێ خەزەڵوەر پوورە بدا
بەکاتمەوە.

پیاوێک بە شەقامدا تەنیایی دەفرۆشێ
کەس نییە بەشێک تەنانەت
لە فرمێسکی بێ ئێوارە.

ژنێک بە کۆڵاندا
بۆتە کۆتەڵی بەفرانبار
کەس نییە چەترێک لانیکەم
بداتە دەست نیگای کزی.

هەر کەس ڕێگای خۆی خستووەتە جانتایەوە.
کێ ون دەبێ لەو مژەدا
گرینگ نییە
تەنیا مەبەست وێستگەیەکە
بتشارێتەوە
لە هەمووان.

نە زامی من کەس دەیناسێ
نە تەنیاییم
سەرقاڵی کێن ئەو نسێیانەی ڕوخساریان
وردە وردە تواوەتەوە؟

کەس کێشی خۆی
بە تەرازووی کوڕێکی خەتوو ناپێوێ
کە شەقامی کردووەتە پێخەف.
کەس گوڵێک ناخوازێ لە کچێک
کە شووشەی ماشینەکان بارانی دەکا و
بۆخۆشی پڕە لە هەور.

یەکێک ڕیشی سپی سپی بەفرانبارە
لە چاوەڕوانی پاش گوللەیەکی وێران.
یەکێک دەستی لەرزە لەرز نەدوا
لە پاش سەفەری تابووتێک دەفەی سینگی خۆی پێ کوتا.

کەس سپی نابینێ لەشاردا
دەفەیەکیش کە ریتمی خانەقای خاکە.

پاییز چییە کە ئێستا لە مندا روویدا؟
وەرین بە بەرچاوی ئاپۆرەیەکەوە
سەریان لە سەری شانی خۆیان دانا و
چاویان لە ئاسمان بڕیوە
مانگی یەکشەوە ببینن.

گەڵا ئاماژەی مانگێکی نوێیە
بۆ دەترسن
لە سیمای وەریو بڕوانن
کە وێنەی سبەی خۆتانە؟

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
لە نیشانەکانی من بيدەنگی نییە
.
یوونس ڕەزایی
.
.
لە نیشانەکانی من شەو نییە
ئاماژەم هەر بۆ چرایە
بۆ وشەش کە هەزار خۆری تێدایە.

دەست رانادێرم بۆ نسێ
دەستی من شەتڵی هەورێکە
کە هەزار رازی پێوەیە.

یەکیان ناڵێم کە بارانە
ئەوە دەڵێم کە نهێنی روانەوەیە
ئەوەش داڵدەی ئەو پەنابەرانەی
هیوایان بە ژیانەوەیە.

لە نیشانەکانی من بەفر نییە
بمتەکێنن
لە هەرچی بەستەڵەکە تکایە!

زمانم کوا جگە لە مانگی یەکەمی بەهار
وەرزێکی دیکەی تێدایە؟
نایەمە گۆ بە کلوو کلوو سەرماوە
دەنگ هەڵدەبڕم
ئەو حەلەی گوڵ
لە هەڕەتی تەنیایی نیشتمانم دا
پشکووتووە و
کات تا ئینسان هەر چرکەیەکی دی ماوە.

لە رۆژ، هەمووانم لە بیرە
چون ئەوی دڵی بە سەوزایی دار دابێ
دەبێ وادەی رووناکی بە دڵی دابێ.

لەشەوانیش دا دەیانم لە بیر ماوە
کە خاتوو خودای هەتاو تێیدا
دووگیان بوو
ئەوشەوانەی دیش بە یادی بەیانەوە
کایەمان بە ئاور دەکرد.

من دەستم بۆ لقێک دار نەبردووە خەڵکینە!
هەتا تامی سروشتم لە بیر بێ.
دارێک لە خوێنم دایە ناوی لەیلایە
بمتەکێنن با وەرزەکان
تەشەنە بکەنە کۆڵان
کە دراوسێی دەریایە.

من گوێم رانەگرت لە گۆرانی وەیشوومە
کچێک خۆی بوو بە هۆرە و کەوتە گیانمەوە
دەنگ هەڵبڕێ
دەبمە چیا
بقاسپێنێ
دەبمە باڵندەیەک ناوی خۆم ون دەکەم
لە ئاوردا و
سەر لەنوێ دەسووتێمەوە.

بمبیستن
کاتێک وشەم هەڵدەفڕێ
بە ئاسمانی نیگاتاندا
دراوسێی واتاکانی خۆتانم.

لە نیشانەکانی من بيدەنگی نییە
من بە وشەوە هاتمە دونیاوە.

هەر کات دڵتەنگی جەغزی تەسک کردەوە
پیتم لە لا داگیرساوە.

کاتێک بستە خاکێک ون بوو
لە وشەدا
پانایی و درێژایی تۆمار کراوە.

من هاودەمی بێدەنگی نیم
کچێک چڵێک تەنیایی رووشابێ
لقێک لە دەنگم وەریوە.

چۆمێک بەری پێگیرابێ
پەنگم خواردۆتەوە لە مانای تووڕەدا.

مرۆڤێک زامی بە کۆڵ دادابێ
جا با لەوسەری دونیا بێ
هاوار لە رستەم هەستاوە.

لە نیشانەکانی من بێدەنگی نییە
چاو لە دەستم کەن داهاتووتان بۆ دەڵێ
ئەی خۆرەتاوەکانی سبەینێم.

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
شێعرێک بە کاتی نیشتمان
.
.
.
رۆژی شەمبە بە کاتی کرماشان
دەبم بە کۆنینەناسێکی ئەویندار
لەسەر دیواری گەورەی شار
بە خەتتی بزماری ناوی خۆم دەنووسم.

لە پەنا ناومەوە
وێنەی شەپۆلێکیش دەکێشمەوە
تا بزانن سەردەمی من ئاژاوە بوو.

رووبەرووی تاقەوسان
پەیکەرەیەک لە - با - دادەتاشم
وەک یادگاری ئەوسەردەمەی
کە شەو تا بەر دەرگاکان دەهاتە پێشێ.

بەکاتی کرماشان دەڵێم: زوان داڵگی واتە دار
داڵگ خۆشی مانایەکی ئاماڵ رووباری هەیە دەزانم
خاکیش زمانی خۆی لە بیر ناباتەوە
کە رەگەزی دەچێتەوە سەر شاخ.

رۆژی یەکشەمبە بە کاتی ئیلام
لە قەڵاقیران تاقێکی نوێ دادەتاشم
بۆ حەسانەوەی ئەو ژنانەی گەنمیان چاندووە
بۆ میراتی ئەو کچانەی
لە کتێبەکان دا نیشتەجێن
لەوێ دەڵێم: باشوور چییە جگە لە نیگای کەنیشکێکی ئیلامی
کە خەریکی نووسینەوەی شەقامە
گەنم چییە بێجگە لە هێمایەک
بۆ شین بوون لە بڵوارەکان
تا هاتنەوەی موسافیرەکانی رێی باران.

رۆژی دووشەمبە بە کاتی سنە
رۆژژمێری ژنێک دەدۆزمەوە
پڕ بێ لە وشە
لە رێکەوتی جوانیی.

لەسەر ئاویەر بانگ دەکەمە مانگ
هەموو پەنجەرەکان دەکرێنەوە رووبەڕووم
بانگ دەکەمە گڕ
شەقام جمەی دێ لەو کوڕانەی نیگایان داگیرساوە
لەسنە، کەسێکیش تەنیایی لەگەڵ خۆی دەگێڕێ
غەریبی لە ئاوێنەدا دەدۆزێتەوە
جار جاریش ون دەبێ لە باڵندەکان دا.

کەسێکیش پەیکەرەی وشەیەکی ساز کرد و
کوتی:
سوێند بە پێنووس و ئەوەی دەنووسرێ
بەهار لەو شارە رادەبرێ.

سێ شەمبە بە کاتی ورمێ
دەبمە گۆلێک
گەمییەکان، ماندوو پاڵیان داوە بە بەستێنییەوە
دەبمە ترێ
بە شەقامی شێخ تەپەدا
ناوی شار بە مەستیی دەنووسم
لە مووزەش لە خۆم دەگەڕێم
کە ونم.

چوارشەمبە بە کاتی مەهاباد
ناوی پێتەختی باڵندەکان فێر دەبم و
کرۆکی هێلانەش دەزانم.

پێنج شەمبەش بە کاتی شێعر
دەنووسم نیشتمان
کچ
هەنار
بسکێکی سەرشێت لە بادا

هەینیش شێعرێک بڵاو دەبێتەوە
پڕە لە ئێوە
ئەی ئەوانەی
سنووری رۆژهەڵات و رۆژئاواتان لە بیرە.

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
وشەکان رێز دادەنێن بۆ خیابان
.
یوونس ڕەزایی
.
.
سەربازەکان دەبەمە پێش
وەک بردنە پێشی وشە لە رستەکاندا.

ریزێک کە هەموو واتای هێرشیان هەیە
ریزێک وشەش
کە هێرشیان کردووەتە سەر بێدەنگی

سەربازێکم
لە چوارگۆشە و هەرێمی رەش تێدەپەڕم
هەنگاو دەنێمە هەرێمە سپییەکانەوە
چاوەدێری ترسی ئاپۆرەی پەپوولەم
نیگابانی هێرشی پۆتینە دڕەکان

لەهەر ماڵێک وچان دەگرم
چاودەبڕمە ناو چاوەکانی شای ماران
کە لەسەر لەشی کۆڵان گوڵدۆزی کراوە.

گۆرانییەکی کوردی جێدێڵم
لەسەر چاڵاوێک
بەشکوو کاراوانەکانی سبەی
شەکەتییان لەوێ بدەنە دەستی با

سەربازێکم لەسەر رەشایی دەبزووم
بەرەو کەسێکی دیکە کە روون بێ
لە هەر جووڵەیەک دا دەڵێم:
یا جەنابی ژان
بوەرە لە لەشی وڵات!
لەگەڵ سەماکەرێکی هیندی
رێز بۆ دار و
رووبار دادەنێین.

لە شێعریشم دا
وشەکان رێز دادەنێن بۆ خیابان
بۆ ژنێک کە زبڵەکان دەدۆزێ
بە شوێن پلاستێکێک
بەماڕکی کووکا کوولاوە.

حورمەتیان هەیە وشەی دێڕی من
بۆ ئەوانەی بەیانان لەمەیدانی کرێکار
سەرقاڵی بێکاری خۆیانن و جگەرە دەکێشن.

ئەگەر هەموو بێنە ریزی ئەو کایەیە
پێ لەسەر رەشیی دادەنێن
دەگەنە کاتە سپییەکان
لەوێ لانیکەم دەرفەت هەیە بۆ روانین
بۆ هاوارێکی دوور و درێژتر
لە جەلە شاخەکانی زاگرۆس.

ئەسپەکان تاودەدەم بە سەر پانایی زەوین دا
ئەسپی سپی بە یاڵی باوە
بە حیلەیەک لەو بەری دەریاوە
ئەسپی سپی کۆڕژنێتی لە سەرەتای وەرزێکی نوێ
ئەسپی سپی بە حیلەیەک قەڵاکان دادەگیرسێنێ.

چەپۆکانی رەش و سپی دەبینم
لە چوارگۆشەیەکی رەش دا.

من هەموو چوار گۆشە سپییەکان دەناسم
رەشەکانیش
کە نیشتمانی ئەسپی من نابن.

بای دێ لە دەستەکانماندا
شەڕ گەرمتر لە دۆزەخی تەنیاییە
سواری فێلێکی سپی بووم
ئەسپەکان لغاو دەکەم و
قەڵای جوانی دەگرمەوە

لەدەوری قەڵا
ئاڵای کچێکی چاو شین هەڵدەدەم
واتە ئێمە تا ئاسمان زۆرمان نەماوە.

بەدیوارەوە دەنووسم
هاتوونە هەرێمی کەونارای زامی منەوە
تکایە بێدەنگی بپارێزن!
وێکڕا روو لە شایەک بکەن کە لەسەر رەشایی وەستاوە
با کیش بێ.

ئەوەی بڕوای بە تاجێکە و رەش دەژی
چوار دەوری بە سپیایی بتەنن
با مات دانیشێ بە دیار تاریکی خۆیەوە

سەربازێکم لەسەر نەخشەی سپی نیشتمانی خۆم
مەشقی نەققاشی دەکەم
تاج دەکێشمەوە و لەسەر ژنی دادەنێم
قەڵا دەکێشمەوە و پڕی دەکەم لە کرێکار
ئەسپ دەڕنگێنم کە چۆم رکێفی دەکوتێ

من کایە دەکەم لەگەڵ تاریکی.
لە چوار لاوە
بە جوانی دەوەری دراوە

وەک وشەکان
کە دەوری زامێک دەدەن لە شێعردا

رادەوستم لە کۆتایی کایەی رەنگەکان دا
وەک چۆن وشەم رادەوەستێ
لە رستەدا
بەدەم یاریی زمانمەوە
کە جیهانی لەقاوداوە.


@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
بە زمانی کوردی دەتوانم بنووسم کەشتی
.
یوونس ڕەزایی
.
.
بەچ زمانێک بڵێم ئاو
مەگەر ئێوە تینوو نین
ئەی ئەوانەی چاوەڕوان بوون
باران بێتە خەوتانەوە
کانی لە دەستتان دا هەڵتۆقێ
ببنە هەرێمێک بۆ ژیانەوەی سەوزایی

من بە زمانی کوردی دەتوانم
هەموو دەریاکان بانگ کەمە
جوغڕافیای ئینسانەوە
بە زمانی کوردی دەتوانم بنووسم کەشتی
بنووسم دوورگەی شەیتانەکانی تاسمانیش

بە زمانی دایکیی خۆم دەتوانم بڵێم
ئەی ئەوانەی
هەنگاوێکتان مابوو بگەنە بەیانی
تاریکان هیچی بەبەرەوە نەماوە
دەست بە لەشی کات دا بسوون
رووناک دەبن
چاو بکەنەوە و بانگی بەیانی بڵێن
دوور لە پەرستگەکانی رابردوو

بە چ بیانوویەک بچمە راستەی خیابان
چاو لە چاوی کچان بڕم و بڵێم:
ئەلف لام میم
ئەوە رێگایەکە هیچ گومانی لێناکرێ
دەمانگەیەنێتە بەر دەرگای خۆرەتاو
کێ بڕوای بە مانگ هێنابێ
رێ ون ناکا

من بیانووم تەنیا نیگای کزی ژنێکە
ماندوو
لە دەسکەنەی بسکی دەگەڕاوە
دوای ئەوەی تارای سووری لێ ون بوو
لە گۆڕستان
لەوە زیاتر
ناتوانم شەکەتی ژنێکی رەسەن بنووسم

چۆنی بشارمەوە ئەو خوێنەی بە رووتی دەڕژێ
ئەو خەڵکەی رووت بوونەتەوە لە بزە
ئەو دەریایەی رووت بۆتەوە
لە تەڕایی
بۆم ناشاردرێتەوە تەنانەت زمانم
کە هەزار پەپوولەی لەسەر فەوتان
هەزار شەوی لەسەر وێران.

بە چ زمانێک بڵێم رۆژهەڵات
بەڵام ماسیگرەکانی رۆژئاوا تێبگەن
مەبەستم برینە.

بڵێم دیوار
کەس بیر لە خانوو نەکاتەوە و
بزانێ
کەسێک خەریکە دەست دەکوتێ
بۆ رۆچنەیەک
لە پاش ئەوەی وەڕەز بوو لە بێدەنگی خۆی.

چۆن رووت ببمەوە لەو هەموو مژە
ئێوەی ئەی ئاوێنە رووناکەکانی جیهان
لانیکەم
ئەگەر دەنگم نادەنێ
هەر هاوڕێم بن.

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
کایە لەگەڵ دۆڵفینێکی خەمۆک
.
یوونس ڕەزایی
.
.
مەبەستم ئەوە بوو؛ بڵێم: دار
نسێیەکیش کە لەهەناوی دا
پیاوێکیش؛ کە پاڵی دابێتەوە بە هیچەوە و
بیر لە بازاڕەکانی ئاژاوە بکاتەوە.

نرخی ئەوڕۆی تەنیایی بەرێتە سەرێ
داکشانی دڵەکوتە، وردە وردە
بە مەزەندەی خەفەتی من
رابگرێ و
بڵێ: دژاورە شەوێک لەگەڵ دارێکی تەنیا
بیر بکەیەوە لە ژماری هەڵوەرینی باڵندە.

مەبەستم ئەوە نەبوو لە خوێن بەشی من چەندە
لە زام چەند کەرتی دەبێتە هی من
تاپۆی ئاوارەییشم کەی لەسەر تۆمار دەکرێ.

ویستم وێنەی زامێک بکێشمەوە و
واژۆی باڵێک ببینم.
واتە؛ ئیتر کۆتایی دێ بە بازاڕی رۆژهەڵاتی ناوین
کە گەرمترە لە برینی کۆڵبەرێکی بێ ناو.

مەبەستم شەو بوو
ئەو دەمەی هەتاوم بە پانایی کاناڵی سوئێز کێشاوە
دەمویست بە ناو تاریکیدا
کەشتییەکی نەزۆک بم.
لە مەترسی دزانی دەریایی بترازێم.
بگەمە بەندەرێک دڵنیایی تۆ ببینمەوە
کە نادڵنیا
کایەت لەگەڵ دۆڵفینێکی خەمۆک دەکرد.

نەمدەویست تەنانەت لە گومان رابرم
ئەو هەرێمە دارەکانی هەموو بەریان تەم و مژە
نەمزانی بۆ وێنە؛ بڵێم:
بە ئاڵای خۆمەوە نایەمە دەریاوە
دەبوو بێ ئاڵا ترپەی دەمارەکانی شەپۆلت لێکدابایەوە و
لەرەی کەشتییەکی درەنگ
کە سەری پڕ بوو لە زستان
دڵی لێواولێو لە بەهار
چاوی دارماڵ بوو لە پاییز
جەستەی تەنرابوو لە هاوین.

بۆچوونت چ بوو لەسەر نیمچە دوورگەکانی پیاوێک
کە نەیدەویست دوور لە ماسی
ئەو هەمووە شەپۆلە بژمێرێ؟

لانیکەم ئەگەر هەنگاوێک بنێیە ئەو لای تەمەوە
بایەوانێک دەبینی لە رەنگی دوێنێت.
فانووسێک رادێرە هەتا دەرفەت ماوە
ئەگینا شەو مەبەستی ئەوەیە
نەخشەی ئەوبەری بەیانی ون کەم.

مەبەستم تۆ بوو کە دارێکی لە پەنام
دەنا نسێی ئاور
بۆ درەنگانی من بەسە




@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
جوغڕافیایەک بەکاتی پایتەختەکانی تەنیایی
.
یوونس ڕەزایی
.
.
ئێواران بە سواری شەکەتیمەوە
هاتم دەنگت تۆمار بکەم
لەسەر کاسێتی خەفەتم
رایگرم بۆ ساتێک شەو دەنگ دەداتەوە
فڕیکانسی بارانم لێ دەگوازتەوە
بۆ رادیۆ دەنگی تەنیاییم.

دەنگ و باسی مەلێکی هەژارم پێبوو.
تێکهەڵچوونی تیمساحەکانیش لە سەر چۆمی نیل،
هەواڵی کچێکی ئێزەدیش کە لە دۆزەخ گەڕابۆوە.

ئێوارەیەک بە کاتی تۆکیۆ
بوومە ئەستێرەیەک لە باکووری دەریا
هەتاو لە چاوی منەوە لەدایک بوو
ئەو دەم کاتژمێر حەوت و چەند دەنک گێلاس
لە دونیا تێپەڕیبوو.

نیوەڕۆیەک بە کاتی کامبڕا
چوومە سەر رێگای کانگۆڕۆیەکی ئاشق
کە چەپکێک بەهاری لە کیسەکەی دابوو
ئەو سەردەم کاتژمێر لە دایکم نزیک ببۆوە
کە بە سینگییەوە هەزار بەهارم دیبوو.

بەیانییەک بەکاتی گرینویچ
بوومە ژامی کلیسایەکی وێرانە
زەنگ لەسەر زەنگ
بۆ ئایەتێکی شەڕابی لە ئینجیل
چاوەڕێ بووم کچێک لە میتڕۆی لەندەن
بە چاوی، تەنیاییم بخوێنێتەوە سەر لەبەر.

من بلیتی بەختەوەریم ون کردبوو
بەجێماو لە وێستگەیەکی دوانیوەڕۆی کاولی یەکشەمبە
کە پیرۆزێکی خەمینە.

چێشتانێک بە کاتی نیۆیۆرک
بە خیابانێک دا دەترسام
لە گورگەکانی والستریت
لە ئاسمانبڕە دڕندەکان
لە سیمای ساردی خیابان
لە زمانی گەرمی غەریبی
ئەو کات سەعات راست من و شەست خولەک لە ئاوارەیی بوو.

کاسێتێک لە جانتاکەم دەردێنم
دەنگت بڵاو دەکەمەوە لە چۆڵگەی غەریبیم
جوغڕافیایەک هەڵدەچنم لە پیتەکانت
وەک نیشتمانێک لە کۆچدا.

ئاڵبۆمەکەشم دەدەمە دەست نیگام
تۆ و رووبار و سێلفییەک لەگەڵ بارانە.
من و تۆ و بارانە و گورگێکی دوورەدەست.
شەقام و پلاکاردێک بە دەستنووسی لەرزۆکی هەور.
سفرەیەک لەسەر پەنجەی ئاور راخراو و
چەند کەسێکی لێڵ.
سەد وێنەی دیکەش لە خۆم و نسێکەم.

من دەنگی سنەوبەرەکان تۆمار دەکەم
بۆ رێبەندان.
ئاوازی دەریاوانەکان دەنووسمەوە
بۆ سەردەمی کۆچ بە تۆفان دا.
گریانی خۆشم بۆ بەرینایی تەنیاییم
کە لە خەتتی ئیستیواش تێپەڕیوە تەنانەت.

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
***
چەند رێ و شوێن بۆ رووبارێکی خەمۆک
.
یوونس ڕەزایی
.
.
گەر ماڵەکەت داگیر کرا
خۆ دارەکانت هەر لەوێن
تا هەموو ساڵ نەورۆزانە
بەشێک بن لە بیرەوەری گڕ
تۆ مەگەر ئاور نازانی؟

گەر چۆمت لێ داگیربکەن
ماسییەکانت لە ئاوی داگیرکراویشدا
بە یادت مەلێ دەکەن
خۆت مەگەر سەردەمێک ماسیت رانەهێنا
بە وشکەساڵ؟

گەر شاخت لێ داگیر کرا
خۆ ناوەکەی هەر دەمێنێ
لەسەر رووپەڕی کتێبی جوغڕافیا
تۆ خۆت سنوورت دیاری نەدەکرد
بۆو مەلانەی کلوو کلوو بە زستاندا رادەبردن؟

مەمرە جارێ باخی زامدار!
تا دەرفەتی دارت ماوە.
هەزار موعجیزەلە ریشاژۆی دایە
لە شێتی پاییزانیشی.

دانیشە دارێک بکێشەوە لە سەر دیوارت
ناوی بنێ؛ پارێزگای سەوزی کۆچکردوو.

هەستە هەڵفڕێنە حەیرانیی شاخێک
لەپەنجەرەی تاراوگە و
ناوی بنێ؛ دڵپڕییەکانی ڕەوەزێکی راکردوو

شەوێک دەرگا بخە سەرپشت
بە دزییەوە ببە رووبار
بخوشێ بە ماسییەکانی دڵتەنگیتەوە
تا قەراغ شار.

لەوێ هەزاران رووبار دەبینی
ناسنامەی کۆن بە دەستەوە
خەریکی سڕینەوەی تاریکین.

بێ ژمار ماسی دەناسی
سروودی نەتەوەیی باخ دەڵێنەوە تا سبەی.

مەمرە جارێ ئەی رووباری داهاتووی خاک!
تەنیا بە ماسییەکان بڵێ:
ڕەوەز واتایەکی دیکەی ئاوە.
خۆشت هەتاکوو دەتوانی
لە دەفتەرەکەت دا بژی و
هەر ناوی دەریا تۆمار کە
ئەی سبەینێ
باڵندەکان چی بخوێننەوە بە تەنیا؟

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
تاوانی روونی ئاوێنەیەکی تەنیا
"بۆ ئازیزێکی نەناس و مانگە روونەکان"
.
یوونس ڕەزایی
.
.
خەتای منە کە تەنیایی پەرە دەگرێ
باران زمانی دەگیرێ و
ئیتر نە کەسێک هەیە
دەست بە دەماری دیوارەکان دا بێنێ
نە پڕیشکێک لە شینایی ئاسمان
دێتە ناو ئاوێنەمەوە.

دەبێ رستەیەک بنووسم
هەم مانگ تێیدا گەیشتبێتە دوا وێستگە
هەم شەوی تا دوورەدەست بردبێ.
بۆ وێنە بنووسم؛
ئەرێ کێ دەزانێ رووناک بێتەوە؟
ئەو کاتەی هەرەسی هێناوە دەستێک
کە تا قووڵایی بە وێرانی دا رۆچووە؟

کێ دەتوانێ ببێتە دار
لە وەرزێک دا کە خەمۆکی
پاڵی وە دیوارەکانی کاتەوە داوە؟

خەتای تۆ تەنیا ئەوەیە
بە ناو مژدا سەفەر ناکەی.
دەنا هەزار گورگ لە پەناتەوە
وێنەی بەیانیی دەسڕنەوە
روخساری نەشتەر دەکێشنەوە لە قەراغ رێگا
و
لەگەڵ سروودی زەردی مانگ
دەلوورێنن.

رەنگە رۆژێک
سەرێک بکەی بە دەلاقەی تەنیایی دا
دەست لە لەشی خەفەتێکی کەونارا بسووی
پەردەی پەنجەرەکان لادەی.

یەکێک بڵێ:
چەند هەنگاوت بە تاریکی سپاردووە؟
تۆش بە قامکت ژماری گەڵاکانی پاییزێک نیشان بدەی.
ئاماژە بکەیە زستانێک
بە باڵندە کۆچەرییەکانییەوە.

خەتای منە
نەمتوانی دێڕێک غەریبیم
لەقاو بدەم
ناونیشانی دەنگی کەسێک وەرگرم
پڕ بێ لە رووبار
لەگەڕەکی هەراوی کاتێکی رابردوودا
کاتژمێرەکەم قورمیش کەم
لەسەر سەعات دوازدەی تەواو و
بڵێم:
ئێرە دەنگی نیشتمانی منە
بیسەرانی بەڕێز!
تەنیاییم ببیستن.
خوێنەرانی هێژا!
غەریبیم ببینن.

تەنیا خەتای تۆ ئەوە بوو
رادیۆیەکت هەڵنەکرد
بۆ هەواڵەکانی نیگام
کە بەردەوام باسی دەریای مەدیتەرانە دەکەن و
ئەو پەڵە هەورانەی قسرن.
کاتیشت لەسەر کاتژمێر دوازدە رانگرت
کە ببی بە رۆژژمێری میهرەبانی.

رەنگە ئیتر رستەیەک بدەمە دەست با
لەسەر دەستی گردەلوولێک هێمن راکشێم
تا بگەمەوە نیشتمانی سبەینێم
کە تۆفان خەریکی چەپۆکانە.

رەنگە گوێت لە حیلەیەکی تەڕ بێ
ئەسپەکان بەرە بەرە ماندوو بوون
من وردە وردە دەگەمە کاتت
تۆش پاڵ بدەوە بە خەمۆکیمەوە و
جگەرەیەک داگیرسێنە
مانگ خەریکە هەموو شتێک لە قاو بدا.

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
ئاماژەیەکی درەنگ
یوونس ڕەزایی
.
.
.

ئەگەر بگەمە بارانە
مەودایەکم نامێنێ هەتاکوو دەستت

لانی کەم
با هەورەکان بانگ کەمە شەقام
تۆ لە هەموو چوارڕێیەکان دا سەوزی
من لە هەموو چرا سوورەکان
تەنیا دەزانم
هەنگاوێک ئەولاتر بڕۆم

ئەگەر بگەمە کۆتایی زستان
لەوانەیە
چڵێک لە بزەت ببینمەوە سەر لەنوێ

تەنانەت
ئەگەر ناوی بەهاریشم لە بیر چوو
ناسنامەکەت دەر دەهێنم
رەچەڵەکی تۆ دەمباتەوە وەرزێک سەوز بێ

لەهەر وەرزێک تێپەڕیبی
ریزێک دار بە قەراغ رێگاتەوە.
هەر رێیەکم گرتبێتە بەر
بوومەتە دارستانێک لە سەرەتای دا

نەگەیشتوومەتە رۆژێکی درەنگ
تەنیا بیرم لە ئاوابوونی کەسێک کردەوە
درەنگانی پاییز لە نیگای دا دەدوا
خەمۆکیی هەموو شەقام بە لێوەکانییەوە

من بیر لە ریزێک کچ دەکەمەوە
بوونەتە دارستانی هەمیشەم
لەچکەکانیان بەقەرز داوەتە دەست با
بسکیان ئاماژەی وەرزی تازەی زمانمە

مەودایەک هەتا ئێوارە
دەبنە باران
وەرزێک تا سبەی دەبنە گۆرانی

لە چوارڕێی نیگای شەقام دا
سوور رادەبرن
ئەو دەمەی
دەستی من سەوز بە رستەکانەوە

پیاوێک لەوبەری ئێمەوە
پەردەی زستانی لاداوە و
ئادرەسی سبەی دەنووسێ
ژنێک سفرەیەکی راخستووە لە شەقام
دەستێک دەفرۆشێ
ئاماژەی بەرەو دەریا.

کیژێک کتێب دەفرۆشێ بە مەزەندەی باڵندە
بزە دەکڕێ بە پێوانەی مەرگ
بۆتە بارمتەی وڵات و
خەونی رووخانی دیوارەکان
دەیکاتە باران

پیاوێک خەمۆکیم دەپێوێ
تەنیاییم دەگێڕێتەوە بۆ شاخ
دەمگێڕێ بە غەریبی رستەکانی دا و
دوایین وێستگەکانی ساڵم پێ دەنوێنێ

چی وای نەماوە لە مرۆڤ تێپەڕین
درەنگانی جوانییە لەو وەرزەدا
کەناوی لە ناسنامەی دار دایە

ئەگەر بگەمە باران
هەموو چەترەکان ون دەکەم
رەچەڵەکی رووناکی خۆم ناشارمەوە.

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
***
"سییەڕۆ ماریا تودۆس لۆس ئانخلێس"**
.
یوونس ڕەزایی
.
.
بسکی کچێکی بۆکانیم دیوە
بیست و دوو میتر و دە سانت
لەو لای تاریکییەوە
دەشەکێ.
زەرد؛ وەک بسکی گەنمەشامی.

دەچێتەسەر حەوزە گەورە
و
لەخاڵی ماسییەک دەگەڕێ
کە رووی کردوەتە دەنگی رووناکی حەسەن زیرەک.

بیست و دوو میتر و دە سانت
دەڕژيتە ئاوەوە و
ماسییەکان دەفە لێدەدەن
بە زیکری یا حەزرەتی هەرچی جوانییە!
بۆ هەرچی مانگ بە لەشی دا رژاوە
بۆکانییە؟

کەزیەی کچێکی سەقزیم دیوە
بیست و دوو میتر و بیست سانت
لە خەونم دا با بردی!

وەک چۆن من با بردمی بە خەیاڵی چاوییەوە
و
بوومە پەپوولە پاییزە.

هاتە سەر پردی شار و کەزیەی بەرداوە
لە خۆشی ئەو؛
باڵندەی ئاوی سڵاواتیان لێداوە
لە دیداری ئەو دارەی
لەسەر رێی ئایچی روواوە!

ئەرێ بۆ هەر کەس زمانی شێوەی کانیدا
دەڵێن کیژۆڵەی سەقزە؟

پرچی کیژێکم دیوە نازانم
بۆ وا تێکەڵ چارەنووسم بووە
بیست و سەد میتر زیاترە
لەسەر هەموو شاخەکان
بۆتە رەمزی بای باشوور
لەسەر هەموو رووبارەکان
بۆتە پردێکی دڵنیا.

نازانم بۆ هەر کچێک رەمزی چیا لە چاوی دابوو
ئەوەی چۆم لەگەڵی کەوتە دوان
شێوەیان دەچێتەوە سەر شێوەی کیژەکانی نیشتمان؟

ئاشقی کچێکم پەلکەی بیست و دوو میتر و نیو
بە زامم دا شۆڕ بۆتەوە
بینووسمەوە دەبێتە ئوستوورەی تازە و
بە خەیاڵی تازەی جیهان دا رادەبرێ
نەینووسمەوە
بۆخۆی لە شەقام دەبێتە تەلی هەتاو و
بە گەنمەشامی هەرێمی باران دەناسرێ.

دەنکەهەنارەی من
سەر بێنە دەرێ لە رستەی شڵەژاو
پەنجەرەکان بکەوە بە ڕووی دونیا دا
بیست و دوو میتر و دە سانت
با خۆر بڕژێتە تاریکیی.
.
.
.
.
«ناوێکی ساکار و خۆشە و شیکردنەوەی زیاتری ناوێ. بڕوا ناکەن گوێ بۆ گوتەکانی "گابریەل گارسیا ماکێز" رادێرن.»

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
کاتژمێری جوانییەکان
.
یوونس ڕەزایی
.
.
چاوەڕوان لەبەر دەرگای بەرد.
ئایا دەپشکوێ باوەشێک؟
ئەو کۆڵانە ساردترە لە زستان!
پایزتر
لە تەمەنی چۆمێک؛
کە بە دەشتی نادڵنیا دا رادەبرێ.

سەرما، بە هەموو زمانم دا دەگەڕێ
بەفر دێتە گۆ لەگەڵ من
بەستەڵەک لە دەستم دا نوستووە
تەنانەت نەورۆزێک وەبیر بێنێتەوە
تێدەپەڕم.

چاوەڕوان، لە بەر شکۆی بەهارێک
ڕووبەڕووی من ڕاوەستاوە
کەسێک کە درێژەی شەقام
لە چاوی دا هەڵکورماوە

دەنگ هەڵدەبڕێ
دەڵێ: لەبەرد تێبپەڕە
پێ بە بەستەڵەک دا بنێ
تا بەشێک لە بەهار بێتە کاتتەوە.

دەنگ هەڵدەبڕی لەسەر فڕێکانسی باران
من بێ چەتر دەبمە شەتڵی پیتەکانت
دەڵێی: تۆ خەڵکی باشووری ژن بووی
بۆ لە رۆژهەڵاتی زستان دا کەسیرەی

دەڵێم: راماوم لە بەفر
تا کۆتایی بێ بە هەرێمێک کە سەخڵەتی دەزانێ.

لەبەر دەرگا دەستەیەک کۆترە باریکە
چەپڵە لێدەدەن بۆ دوو دەست
کە کراونەوە بە دەوری گۆی زەویدا.
بۆ چاوێکیش؛
کە ئوقیانووس بەشێک لە گلێنەی گەشی.

باوەشت پڕە لە کام با؟
کە لەگەڵ خۆی
تا دەنگێکی زەردم دەبا.

من هەموو تابڵۆ زەردەکانم لەبەرە
دەنگت کەلاوی کێها بەیانە؟
کە هەرجارێ جامانەیەکی تێدا ون دەکەم.

بەخێر بێی بۆ هەرێمی تەنیاییم
پێکەوە لە سنووری بەرد رادەبرین
لە ناو کەوانەی تاریکی
فانووسێک بە دیاری دەدەینە دەست ژنێک
روون و گەرم
دەست پێدەکەینەوە باشووری بزەیەک
کە پایز خەریک بوو نەشتەری لێدا.

چاوەڕوان لە بەردەرگای شێعرێکم
ئاڵایەک بەدەستەوە تا ئامێزی کات
تۆ مەگەر کاتژمێری جوانییەکان نەبووی؟


@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
چەند رستەیەکی رووناک
.
یوونس ڕەزایی
.
.
نە رابردووت چرایەکی لێ داییسێ
نە ئێستاکەت رووناکاییەک شک دەبا
تۆ دوو دڵی
لە نێو تاریکی و بوولێڵ دا

تۆسقاڵێک رووناک ببەوە!
رەنگە هەنگاوێک سەوزایی ببینی.

تۆزێک خۆ بەدەم دەنگی مەلەوە بدە
لەوانەیە
باڵ بێتە ناو هەنگاوتەوە.

لەگەڵ تاریکیی دەست تێکەڵ مەکە!
با کۆتایی بێ بە زاوزێ شەو.

بێشکەیەک راژێنە
تەنانەت ئەستێرەیەکی بریندار
تێیدا وچانی گرتبێ.

خۆر بە تەشقی ئاسمانەوەیە
بیبینە!
مۆمی دەستت
تەنیا بزەی تاڵ دەخاتە
سروشتەوە.

مانگ خەریکە بە پانەوە
بەخەونی دار دا
رادەبرێ
خەیاڵی تاریک مەنووسە لەسەر گەڵا
تەنانەت گەر پاییزیش بێ.

دەرفەتێک بدە بە بەهار لە خۆت دا
بەشکوو ساڵێک لە تۆ دا دەست پێبکا
یەکەمی مانگی گوڵانی
پڕ بێ لە پیاسەی کۆتر.

دوایین رۆژی رەشەمەشی
ئاشنا بێ
لەگەڵ دەستنووسی گەرمی گڕ.

بەتەنیا رێگا ماندوویە
رێبوار دوور و درێژ دەبێتەوە لە خەمۆکی بادا.
بە تەنیا خەون ئاڵۆزە
هەزار خەنجەری تێدا شاراوە.

خۆر لە تەشقی رستەکاندا
مانگ بە تەوێلی شێعرەوە
لەوە زیاتر موعجیزەیەکت گەرەکە؟

بڕوا ناکەی
تەنیا رستەیەک زیاد کە
لە جیهان.

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
رۆژی جیهانی دەریایەک لە پاڵ دەستم، کە دوورە
.
.
"بۆ ئاڵای ژیانم و هەموو کچانی رووسوور و بوێر و رووناکی کورد"
.
.
.
.
رۆژی چاوت جیهانییە
بە پێوانەی دەریا دەڵێم
کە گەرای خستووە
لە قووڵایی نیگات دا.

بمکە ماسی
با تا دەرفەت هەیە ئازادانە بژیم
لە شینایی بێ سنووردا.

رۆژی بزەت جیهانییە
بە کێشی بزەی چۆم دەڵێم
کە دەکەوێتە سەر لێوت
دووپاتیش دەبێتەوە بەستێناو بەستێن.

بمکە گەمییەکی تاقانە
با بەدەم وردە شەپۆلی بزەتەوە
موسافیر بم
لە بەستێنی ئەوینەوە
تاکوو دەراوی نیشتمان.

رۆژی دەستت جیهانییە
بە مەزەندەی ئەو وشانە دەڵێم
دەیاننووسی لەسەر پەنجەرەی تەنیاییت.

هەر کام پڕن لە نەخشەی نیشتمانی کچ
هی وڵاتیش
لە بسکی کچی دەمەو رۆژئاوا
کە لە رۆژنامەکاندا جریوەیان بەرزە
رۆژهەڵاتیش.

بمکە وشەیەک لەسەر شووشەکانی شەوانت
تا تاریکی هیلاک دەبێ
دەدرەوشێمەوە
روو بە نیوکورەی خەونت.

باڵات کردووە لە پێنووسم دا
وەک هەڵچوونی لاولاوەیەک
بە بەژنی کاتژمێرێکی کەونارادا.

هەڵچووی لە رستەکانم دا
وەک هەڵچوونی خەڵفێک بە دێراوی بەیانییەوە.

چی بنووسم
تۆ لەو بەرییەوە دیاری
چی بناسم
بەشێک لە رووبارێتی تۆ
لەهەناوی دا حەشارە.

بوومێک دانێ لە سەر میزی دڵتەنگیی خۆت
رەنگێک بخوازە لە بیرەوەریم
بیکە سەرەتای لەدایک بوونت
رەنگێک هەڵگرە لە خەمم
بیکە ناوەندی نەققاشیت
دواتر کایە بە رەنگەکان بکە
لە رۆژی جیهانی خۆت دا
کە جیهانی من کەلاوی رەنگێتی.

منیش وردە وردە دەتنووسم
با جوانیی پەرەبستێنێ
لە شێعردا.

@younesrazaie
Forwarded from عکس نگار
***
هێمایەک بە تەوێڵی کاتەوە
.
.
.
قورینگێکی* کاغەزی ساز کە
بیدە بەئاوی دەریادا
دەیگرمەوە لەو بەری هەرچی سەنگەرە.

قورینگێکی رەش
کە بزانێ سەر پشتی پڕە لە هەواڵ
قورینگێکی سپیش بنێرە
کە هەواڵەکانی شەڕ
لەسەر باڵەکانی بە ئاور نووسرابێ

من هەزارومین قورینگی کاغەزیت بە یادگار رادەگرم
کۆتایی دێنم بە شەڕی وشەکان
بە تێکهەڵچوونی شەپۆلەکان
ئارام دەنووم بە دیار نەخشەی جیهانەوە
رادەکشێم لە پاڵ خەونێکی ژنانەوە.

لە خەونیش دا
هەواڵەکانی بۆمبارانی ئۆکڕاین دەسڕمەوە.

تەقینەوەی مینەکانی سەر سنووری نیشتمان
لە خەفەتی کۆڵبەرەکاندا
پاک دەکەمەوە.

زەربی سوور
بەسەر پشتێنەی تەقینەوەی کابرایەک
لە میتڕۆی لەندەن دادێنم
لە کلیسایەک دوعا بۆ منداڵێکی ئەفغان دەکەم
لە مزگەوتێک بۆ کچێکی جوولەکە دەپاڕێمەوە

جامی پڕی نیگای تیزاب
لە دەست پیاوێک دەفڕێنم
کە هەنگاوێکی مابوو جوانی وێران کا

بۆچی لە جوانیی دەترسن ئەو خەڵکە؟

لە میتڕۆ مەگەر نسێیان نەدیتووە
کە دەکەونەوە بیر خەنجەر؟

مینەکانیش
زمانی هەژاری تێناگەن
زمانی کوردیش!
ئەوان هەر لە زاراوەی خۆیان تێدەگەن
کە لاقی بڕاوە بە چاوی بابردۆوە.

هەزار قورینگی کاغەزیت بە رووبار دا بۆ دەنێرم
ئارەزوو دەکەم
وردە وردە بێ ماناتر بن سنوور

کۆڵبەرەکان بچنە ناو دێرەکانی دوێنێوە
زمانی منیش پێی بنووسرێ
پەراوێزەکانی جوانیی.

قورینگێک بنێرە سپی بێ
با بە پیریش
تا دوایین ساتی تابووت سروود بخوێنێ و
رووناکی ببێتە میراتی سبەینێ.

من وێنەی چەکێکی شکاویش **هەڵدەواسم
لە ناوەندی ئەو شێعرەدا
تۆش لەوبەری ئەو دێڕانەوە
پێشانگایەک دابنێ
لە چەکی شکاو
لاقی شکاو
دەستی شکاو
لە ژنێکیش ترسی شکا
لە سڕینەوەی تەنیایی و
گۆڕینی واتای گوللەکان

چەکێک لە پاڵ برینەکانەوە
لە چاڵ دەنێم
لەسەر کێلیشی دەنووسم
تەواو بوو ئەو سەردەمەی خوێن هەرزان بوو
کۆتایی هات بەو رێیەی دەگەیشتە هیچ
لەسەر کێلەکەی دیکەی دەنووسم:
بێ ناونیشان
تا نەناسرێتەوە لەو نیشتمانەدا
و
بۆخۆم لە بن دار زەیتوونێک
خەریکە خەو دەمباتەوە.
.
.
.

* لە کولتووری ژاپۆن دا قورینگ هێمای ئاشتی جیهانییە و هەر کەس هەزار قورینگی کاغەزی ساز کا هەموو ئاواتەکانی بەرئاوەردە دەبن. ساداکو ساساکی کچێکی نەخۆشی دوای بۆمبارانی ئەتۆمی ویستی هەزار قورینگی کاغەزی سازکا، بەڵام دوای سازکردنی ٦٤٤ قورینگ مرد.

** چەکی شکاو هێمای راگرتن و دژایەتی شەڕە

@younesrazaie

#هزار_درنای_کاغذی
#هەزار_قورینگی_کەغەزی
#فرهنگ_ژاپن
#کولتووری_ژاپۆن
#ئاشتی_جیهانی
#ضد_جنگ
#دژی_شەڕ
#شعر_جهان
#شعر_نو
#شێعری_نوێ
Forwarded from عکس نگار
دوایین دێڕەکانی کتێبێکی ون کە تازە دۆزراوە
.
یوونس ڕەزایی
.
.
دوایین ساتی مانگم دیوە
کە رادەبرێ بەسەر جەستەی تابووتم دا.
دوایین ساتی تابووتم دیت
کە لە خەفەتی هیچ کەس دا...
دوایین پێکیشم لە تەنیایی خۆم داوە
تاڵ و درێژ.

مانگ قەت لە دەستم دا هەڵنەهات
دەنا دەمتوانی قاشی کەم
هەر قاشێک بدەمە دەست منداڵێک
رووناکیی لە بەشکردن دایە
وەک بەشبوونی جەستەی من بەسەر
مەرگ دا.

رووناکی پەرە هەر دەگرێ
چۆن من پەرە دەگرم
لە بەیانییەک دا کە دوایین هیوا
چەکێکە و
رێگایەکی بن بەست.

دوایین تابووت کێ دەزانێ
چۆن دەنووسرێ
هەر بەو پیتانەی ناوی منی پێ نووسرا
بەو وشانەی باسی ئاسایی دڵتەنگی پێ گوترا و
بەو رستانەی واتای نیشتمان لە ناویان دا
سوورترە.

نە تاقەتی دارم هەیە
نە توانای رووخاندنی دیوارێک
کە خەریکە بەرە بەرە لە دەستم
باڵای بەرزتر دەبێ
لە دروشمی کچێک کە رووت ببۆوە لە شەو.

نە هێزم هەیە بچمە ناو سەنگەرێک و
بڵێم: بە ناوی خودا
دەست دەکەم بە پارێزگاری لە خاک و ئاور
لە با و ئاو
لە ماکەی هەرچی ئایینی کۆنی مرۆڤە
نە بەخۆم دەوەستم خۆم رادەستی
نیگایەک بکەم هەمووی ریشاژۆی لە ماردایە.

دوایین ساتی ژنێکتان دیتووە
کە خۆی رادەستی ئاوێنە دەکا
چۆم دەباتە ئەوێوە
نیگەرانی سبەینێشی
مانگ دەردەخا لەوێدا
ترسی لە مێگەلی گورگیش
دەست بە بسکی دا دەسوێ
بەلەشی ساردی خەمێکی کۆنیشدا

من ئەو دوایین ساتەم
کە دەست لە لەشی تابووتم دەسووم
ئەو ئاوێنەیەش دەناسم
کە پێشانگای رووبار و
وشکەساڵیشە.

خۆر قەت لە جەستەم دا نەدرەوشایەوە
دەنا گەرمام دەدا بە شاخ
بە رنووە بەفرە پیرەکانیش هەروەها

تینم دەدا بە شەقامێک
کە سەراپا
رێبەندان تێیدا ئاپۆرەی داوە.

بە دەستی ئەو منداڵانەی کابولیش
کە بووکە بەفرینە لە بۆمب ساز دەکەن.

وەک منداڵانی عەفرین کە چەک ساز دەکەن
لە ئيسقانی پشیلەی ماوە بەسەرچوو
سەگی رابردوو بە مەرگدا
لە پەنجەرەی برینداری ماڵی خۆشیان.

وەک کچانی عازەبی غەزەش
کە لە ئاوێنەدا
چەپکە گوڵ و تەنانەت پیاوێک دەبینن
بزەی دێتێ.

لە گوێن کۆڵانێکی بەساڵاچووی سابڵاغیش
کە چاویلکەکانی خەریکە دەگۆڕێ و
دەڵێ: زستان لە هەنبانە بۆرینەدا نییە

دوایین ساتی خۆمم دیوە
دەست دەکەم بە نووسینەوەی نۆتی ئاور.

تەمبوورێک دەخوازم لە کچێکی هەورامی
کە چاوی پڕە لە ئایینی بەرد
ئایەتی ئاوریش
لە کتێبی پیرۆزی ئاو
کەلامی رووتی باش.

پێم خۆشە بەر لە خۆر هەڵات
سواری تابووتی خۆم بم و
تا وێرانییەکانی نیشتمان
با
بمبا.

@younestazaie
Telegram Center
Telegram Center
Канал