View in Telegram
Forwarded from عکس نگار
دەنگدانەوەی خۆرێک بە کاتی رۆژئاوا . یوونس ڕەزایی . . لە ڕۆژئاوای لەشی مندا ئەسپەکان دەبێ ژێر پێیان ئاورینگ بێنێن بە ناو واتای زەیتوونەکانی عەفریندا یاڵی ئاور ڕاشەکێنن دڕندەیی رووی کردووەتە لەشی پیرۆزی شاخ و ڕەوەز تەنیا قەڵافەتی راوەستاوە. ئەسپی من ناوی فوڕاتە ڕوو لە گورگە بەلەسەکان دەبێ تۆز لە رۆژهەڵاتی ناوین هەستێنێ رووبارەکان وەفرۆز هاتوون لە دەستی رەشی گورگێک سیمای گۆڕیوە بە کانی لەدەست ئاوازەکانی وێرانیی کە لەئەوکی کاولی سەگەل دێتە دەر. لە رۆژئاوای زمانم دا دەبێ ناوی وڵات هێند دووپات کەمەوە سەنگەری لوورە تێکڕووخێ دەبێ کانتۆنێک بۆ حورمەتی دایکانی ئاوایی دانێم یاسان بسکی خۆیانە و چەکیان ئەو قیژانەیە وا سەر لە گردەلوول تێک دەدا. لە رۆژئاوای کتێبەکانی ئەوڕۆدا وانەی ژن دووپات بۆتەوە ژنێک چەکی بە تەوێلی هیچییەوە ناوە یەک سەنگەری گرت لە شکۆی شەوێک بەسەر جوانیی ئەو هەرێمە داڕماوە. جیهان بێدەنگ لە لەشی ئەو منداڵە ڕاماوە بووکەشووشەکانی بەر لە خۆی برینن هەواڵنێرەکان زمانیان ون کردووە ئەو کاتەی ژنێک هەڵدێ بە نازانمی گڕدا. تەنیا دەنگێکم گەرەکە بڵێ لافاوە هەستاوە لە رەنگی زەیتوون رەنگە بوولەرزە بکەوێتە لەشی پردەکانی ئەستەمبووڵ رەنگە مانگ بگیرێ ئەو کاتەی گورگەکان خوێن دەیانگرێ و بوولەرزە دەکەوێتە جوغڕافیای هاواریان. بای دێ لە کانتۆنی ژنێکەوە فوڕات ناوێتی لە داوێنی کیژێکەوە دەریا بەشێک لە چاوێتی. بەرێ خۆ دەدەنە ئاگر ئەو مانگانەی رۆژێک خۆری ناو ئاوێنەکانی خۆیان بوون. چەکی خۆ دەخەنە سەر دوایین ساتی تەمەنیان ئەو دەمەی پۆتینەکانی ئەیاسووفیا پیرۆزی زەیتوون دەشێلێ. گردەلوولێک دێ لە کانتۆنی جزیرە پڕە لە پیتی ئەویندار سیمای لە مەمی ئاڵان دەچێ و ئەویش نا روخساری لە خانی دەکا و پیرتریش پۆلێک هەڤاڵن بە ناسنامەی کانییەوە روو دەکەنە ئەو سنوورەی بە لەشی زارۆک تەنراوە پشت دەبەستن بەو چۆمانەی کە لەپاشیان بە جێماوە باڵدار بێ باڵ دەوەرێنێ لە رقیاندا ناڵدار بێ ناڵ دەوەرێنێ ئەو کاتەی ئەوان دەبنە رەمزی کتێبێک ئەوینی تێدا و دەسووتێ. لەکانتۆنی زەیتوونەوە کۆترەکان هەر شمشێر دەسوون لە نیگای وشکەساڵێک ناوی بیابانە لە رۆژێک دا کە رۆژی لە دایکبوونی بارانە. منیش سێ هەرێمم بۆ شێعرێک داناوە کە لە مەترسی گورگ دایە هەرێمی یەکەمم بۆو کچانەی بسکیان لە چەکیان بەستووە؛ هەر دێڕێکم سەنگەریان بێ هەر کۆپلەیەک رێگایان بەرەو رووناکی. هەرێمی دووەمم بۆو لاوانەی بستێک لەو خاکە دزگیرانیانە؛ هەر پیتێکم بە ئەوینیان زاخاو دەدەم هەر وشەیەک بۆ فێنکایی دڵی ئەوانە دەکەمە نوێژە بارانە. هەرێمی سێهەمم بۆو برینانەی دەڕۆن بە رێگادا شەکەت ئاوارەیی خۆیانن. با لە پانتایی شێعرم دا خوێنیان بڕژێتە رستەکانەوە با سوور داگەڕێ زمانم بە بڵێسەی حەیرانەوە. هەزاران دار لە سەر رێگاکان وەستاون دەست رادەدێرن بۆو کچانەی لە ترس ترازاوە ناویان. هەزاران کانی لەسەر هەست دەبنە ئاوێنەی سووتانی ئەو ژنانەی لەئاور تێپەڕی ناویان. دار دەنگی هەڵبڕیوە و یەک سروود بە گەڵای بزۆزێوە دەلەرێ؛ چۆم خەریکی گۆرانییەکی رەسەنی خاکە؛ خاک هەستاوەتە سەرپێ و سەراپا دەنگە؛ هەموو بە رەمزی رۆژێک کە ئاوا دەبێ یەکدی دەدوێنن هەموو سروودێکی روون دەخوێنن دوورە لە تەم. خۆریش وێڕای ئەوان دەنگی داوەتەوە و هەر دەڵێ: کینە ئەم. @younesrazaie
Telegram Center
Telegram Center
Channel