View in Telegram
Forwarded from عکس نگار
دوایین دێڕەکانی کتێبێکی ون کە تازە دۆزراوە . یوونس ڕەزایی . . دوایین ساتی مانگم دیوە کە رادەبرێ بەسەر جەستەی تابووتم دا. دوایین ساتی تابووتم دیت کە لە خەفەتی هیچ کەس دا... دوایین پێکیشم لە تەنیایی خۆم داوە تاڵ و درێژ. مانگ قەت لە دەستم دا هەڵنەهات دەنا دەمتوانی قاشی کەم هەر قاشێک بدەمە دەست منداڵێک رووناکیی لە بەشکردن دایە وەک بەشبوونی جەستەی من بەسەر مەرگ دا. رووناکی پەرە هەر دەگرێ چۆن من پەرە دەگرم لە بەیانییەک دا کە دوایین هیوا چەکێکە و رێگایەکی بن بەست. دوایین تابووت کێ دەزانێ چۆن دەنووسرێ هەر بەو پیتانەی ناوی منی پێ نووسرا بەو وشانەی باسی ئاسایی دڵتەنگی پێ گوترا و بەو رستانەی واتای نیشتمان لە ناویان دا سوورترە. نە تاقەتی دارم هەیە نە توانای رووخاندنی دیوارێک کە خەریکە بەرە بەرە لە دەستم باڵای بەرزتر دەبێ لە دروشمی کچێک کە رووت ببۆوە لە شەو. نە هێزم هەیە بچمە ناو سەنگەرێک و بڵێم: بە ناوی خودا دەست دەکەم بە پارێزگاری لە خاک و ئاور لە با و ئاو لە ماکەی هەرچی ئایینی کۆنی مرۆڤە نە بەخۆم دەوەستم خۆم رادەستی نیگایەک بکەم هەمووی ریشاژۆی لە ماردایە. دوایین ساتی ژنێکتان دیتووە کە خۆی رادەستی ئاوێنە دەکا چۆم دەباتە ئەوێوە نیگەرانی سبەینێشی مانگ دەردەخا لەوێدا ترسی لە مێگەلی گورگیش دەست بە بسکی دا دەسوێ بەلەشی ساردی خەمێکی کۆنیشدا من ئەو دوایین ساتەم کە دەست لە لەشی تابووتم دەسووم ئەو ئاوێنەیەش دەناسم کە پێشانگای رووبار و وشکەساڵیشە. خۆر قەت لە جەستەم دا نەدرەوشایەوە دەنا گەرمام دەدا بە شاخ بە رنووە بەفرە پیرەکانیش هەروەها تینم دەدا بە شەقامێک کە سەراپا رێبەندان تێیدا ئاپۆرەی داوە. بە دەستی ئەو منداڵانەی کابولیش کە بووکە بەفرینە لە بۆمب ساز دەکەن. وەک منداڵانی عەفرین کە چەک ساز دەکەن لە ئيسقانی پشیلەی ماوە بەسەرچوو سەگی رابردوو بە مەرگدا لە پەنجەرەی برینداری ماڵی خۆشیان. وەک کچانی عازەبی غەزەش کە لە ئاوێنەدا چەپکە گوڵ و تەنانەت پیاوێک دەبینن بزەی دێتێ. لە گوێن کۆڵانێکی بەساڵاچووی سابڵاغیش کە چاویلکەکانی خەریکە دەگۆڕێ و دەڵێ: زستان لە هەنبانە بۆرینەدا نییە دوایین ساتی خۆمم دیوە دەست دەکەم بە نووسینەوەی نۆتی ئاور. تەمبوورێک دەخوازم لە کچێکی هەورامی کە چاوی پڕە لە ئایینی بەرد ئایەتی ئاوریش لە کتێبی پیرۆزی ئاو کەلامی رووتی باش. پێم خۆشە بەر لە خۆر هەڵات سواری تابووتی خۆم بم و تا وێرانییەکانی نیشتمان با بمبا. @younestazaie
Telegram Center
Telegram Center
Channel