بەڕێوەچوونی سێهەمین کۆڕەشێعری ساڵانەی "تا زرێبار و دێڕێک"، لە ژێر ئەو چەترەی کە خۆزگە نەک چەترێکی ڕەش، دەوار و ڕەشماڵێکی کوردانە بووایا!
✍ جەبار شافعیزادە
سێهەمین کۆڕەشێعری ساڵانەی کوردی "
تا زرێبار و دێڕێک"، لە ڕێکەوتی سێشەمە و چوارشەمە، بیست و بیست و یەکی خەرمانانی ساڵی ۱۴۰۳ی کۆچی هەتاوی، لە شاری مەریوان بە بەشداری ۴۰ شاعیر و کۆمەڵێک لە ئەدەبدۆستان و لایەنگرانی ئەدەبی کوردی، بەڕێوە چوو.
خاڵی گرینگی ئەم کۆڕە شێعرییە ئەوەیە کە جوگرافیایەکی کۆمەڵایەتی بۆ هەموو زاراوە کوردییەکان پێک دەهێنێت کە لە کەشوهەوایەکی دیمۆکراتیکدا پێکەوە وتووێژ بکەن و ئەزموونەکانی تاکەکەسی و بەکۆمەڵی خۆیان لە بواری شێعرەوە پێشکەشی یەکتر بکەن و بەم چەشنە ڕۆڵی خۆیان لە بەرەو پێشەوەبردنی ئەدەبی کوردیدا بەباشی بگێڕن.
خاڵی بەرچاو لە هەر سێ کۆڕەکەدا بەهێزبوونی ئەو دەقانەیە کە هەردوو پێشکەشکار کەڵکی لێ وەردەگرن کە من بۆ خۆم لەو بڕوایەدام سنووری نێوان شێعر و پەخشانی تێپەڕاندووە و پاڵی داوەتە پاڵ شێعری مودێڕنەوە و جیا لە شێعرییەتی دەقەکان و خاوەن خەون و خەیاڵی شاعیرانە، بەردەنگ لەگەڵ مێژووی ئەدەب و هونەری کوردی و جوگرافیا و لایەنی کۆمەڵایەتی کوردستاندا ئاشنا دەکاتەوە. لایەنی تری بەرز ڕاگرتنی جێگە و پێگەی ئەو کەسانەیە کە وەک شاعیر یان کەسایەتی کاریگەر ناوزەد دەکرێن.
بێگومان ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی پڕۆفشناڵی وەها کۆڕێک، جیا لە ئەزموونی چڕ و پڕ، توانا و لێهاتوویی تایبەتی خۆی دەوێت، کە کاربەدەستانی ئەو کۆڕە لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا ئەوەیان سەلماندووە. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە نکۆڵی لەوە بکەین کە ناکرێت کۆڕەکە بە شێوازێکی باشتر بەڕێوە بچێت. بۆیە بەش بەحاڵی خۆم وەکوو بەشداربوویەک سەرەڕای دەسخۆشی ئەمەگناسانە و ڕێزی هەرە تایبتم بۆ هەر هەمووی ئەو بەڕێزانەی ماندوونەناسانە سێهەمین خولی کۆڕەکەیان بەڕێوە بردووە تەنها وەک بەرزڕاگرتنی کۆڕەکە و هەوڵ و تێکۆشانی هەموو ئەو بەڕێزانە چەن پێشنیاریان پێشکەش دەکەم:
۱ـ پێکهێنانی لێژنەیەکی پسپۆڕ لە ڕەخنەگرانی ئەدەبی کوردی بۆ هەڵبژاردنی شێعرەکان، لە دەرەوەی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریواندا.
۲ـ ڕاگەیاندنی ناوی ئەو شاعیرانەی کە لێژنە شێعرەکانیانی هەڵبژاردووە پێش لە بەڕێوەچوونی کۆڕەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
۳ـ ئامادەکاریی ڕێزوومەیەکی کورت و شیاو لە چالاکیی بەشداربووان و پێشکەشکردنیان لە ڕواڵەتی پیشانگایەکدا؛ بۆ ئاشنابوونەوەی ئامادەبووان لەگەڵ شاعیران و ئەزموونەکانیان.
۴ـ دانانی کورسییەکی بەتاڵ، بۆ ئەو زاراوە کوردییانەی کە، یان لە کۆڕەکەدا بەشدارییان نەکردووە، یان ئەوەی ئاستی شێعریی بەشداربووانی لە ڕادەیەکدا نەبووە کە بتوانێت لە کوڕەکەدا پێشکەش بکرێت. بۆ وەی هەم ڕێگە لە پێشکەشکردنی شێعری لاواز بگیردرێت و هەمیش، ئاوێنەیەکی ڕەخنەگرانەی ڕاستەقینە لە ڕەوتی شێعری کوردی له ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی کورددا دابنێت.
۵ـ هەڵسەنگاندنی گشتیی پلە و پایەی ئەزموونی شاعیرانی بەشداربوو و ئاستی شێعرەکان و ڕاگەیاندنی لە بەیاننامەی کۆتاییدا بۆ جیددی وەرگرتنی ئاستی کۆڕەکە و هەوڵدان بۆ خولقاندنی بەرهەمی باشتر بۆ چوارەمین کۆڕ.
۶ـ ئامادەکردنی برووشوور یان نامیلکەیەکی شیاو، لەژێر ناوی کۆڕەشێعری ساڵانەی کوردی "تا زرێبار و دێڕێک" و هێنانی ناوی شاعیران و لانیکەم یەک شێعریان لەو نامیلکەیەدا.
۷ـ بەڕێوەچوونی لانیکەم یەک پەنێلی شێعری بەشێوازی هێمایین لە تەنیشت زریباردا بۆ هێنانەوەی شێعری کوردی بۆ ناخی کۆمەڵگە.
٨ـ دابینکردنی خاتوونێکی پێشکەشکار لەگەڵ پێشکەشکاری پیاو کە دەنگی ژنانیش زۆرتر بێتە گوێ.
۹ـ دامەرزاندنی لێژنەیەک بۆ خەسارناسیی کۆڕەکە لە ناوە و دەرەوەی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان بۆ بەهێزکردنی کۆڕ لە داهاتوودا.
وەک دەستخۆشییەک بۆ هەمووتان.
🆔 @meriwan_edebi