♦️کۆماری سێدارە
#شێرکۆ_بێکەس▪️بە یادی گیانبەخت کردنی شیرین عەلەم هوولی و لەیلا قاسم؛ نێو و یادیان بەرز و پیرۆز!
ئەمڕۆ "با" بریندارەو
هەتاوێکی سووریی لێ دەچۆڕێتەوە
هەموو درەختەکان بوون بەدار هەنار
هەموو ماڵەکان ئەرخەوانین
هەموو شەقامەکان هەڵساونەتە سەر پێیان
ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەما
پۆلێ کۆتری سوور لە زیندانەوە
لە سەر سێدارەوە هەڵفڕیون و
شەقژن شەقژن گەڕاونەتەوە کوردستان
کۆترە سوورەکان ئەڵێن
ئێمە گمەی ئەو چیایانەین
کە ناگوێزێنەوە!
ئێمە گەرووی ئەو شیعرانەین
کە وشک ناکەن!
ئێمە لە نەسلی ئەو باهۆزانەین
کە نانووشتێنەوە!
ئەمڕۆ کۆترە سوورەکان
بە ئێجگاری گەڕاونەتەوە و
ناچنەوە تاران
کۆترە سوورەکان ئەڵێن:
کۆماری سێدارەی ئیسلامی
خوارخوار بۆتەوە و
بەڵام ئێمە تازە وا خەریکین
لە ملەی بەرزەوە دەست بۆ خۆر بەرین و
دایبگرینە سەر ئەرز!
لەم بەیانییەوە شەقامە هەرە گەورەکەی سنە
ناوی خۆی گۆڕی بە "فەرزاد کەمانگەر"
لەم بەیانییەوە گەورەترین باخچەی مەهاباد
بوو بە "شیرین عەلەمهۆلی"و
مانگی کردە سەر !
لە کازیوەی ئەمڕۆوە هەموو ئەو
مناڵانەی لەدایک بوون،
بە مێیەکانیشەوە ناوی "فەرهاد وەکیلی"یلان لێنرا
لە ئەمڕۆوە
لە یەکەم گزنگی سووری بەیانەوە
"مەهدی ئیسلامیان" بوو به گۆمی وان و
"عەلی حەیدەریان" بوو بە تاقوستانی کرماشان کۆترە سوورەکان ئەڵێن:
دەبا کۆماری سێدارە سنە لە سێدارە بات
مەهاباد بکا بە سڵنگەوە؟؟؟؟
نەهێڵێ گیا سەوز بێ و
نەهێڵێ ئاو هاژە بکات و
نەهێڵێ باران ببارێ و
نەهێڵێ مناڵەکانمان لەدایک بن
من ئیتر لەمڕۆوە عاشقی
چاوانی "شیرین عەلەمهولیم"
لەمڕۆوە هەرچی شیعرم هەیە
ئەیانکەم بە گوڵی گۆرانی بۆ باڵای
"شیرین عەلەمهۆلی"
لە ئیستەوە من تاڵێ لە قژی ئەوم
لە ئیستەوە من نینۆکی پەنجەی ئەوم
لە ئیستەوە من ئیتر ئەبمە ئەو جووتە پێڵاوەی،
کە بۆ دواجار لە پێی کرد و
پێوەی چووە سەر سێدارە..!
لە ئیستەوە من بازنی بەجێماوی
دەستی شیرینی عەلەمهۆلیم
گوارەی بەجێماوی ئەوم
خەونی بەجێماوی ئەوم
من ئیستە بووم بە جانتا بچکۆلە دەستییەکەی
"شیرین عەلەمهۆلی"
بە شانەی قژی و بە ئاوێنەی تەماشایی و
من ئیستە بووم بە دوا تیکە نانی بەجێماوی و
بە دوا نامەی نیوەشەوی و
من ئیستە بووم بەخۆڵی ژێر
پێڵاوەکەی "شیرین عەلەمهۆلی"
کۆترە سوورەکان وا ئەڵێن:
کۆماری سێدارەی ئیسلامی
ئەوەی ناتوانێ
هەرگیز
هەرگیز
هەرگیز
لە سێدارەی بدا
ئایندەیە و ئـــازادی
#ژینیار 🔺https://t.center/KurdiJinyar