وڵات بۆتە "هەرێمی زۆنگ و زەل"، رێویەستانە. "کوێخا شەریف"ەکان حوکمڕانن و بە درۆن و ئەرتەشی بەکرێگیراو پۆشتەن.
"سمایل شەریفزادە"کان دەبێ زۆر وشیار و دووربین و دانا بن. لە "دارێنە" هەتا دەشتی "دارێ"، لە گەرمێن تا کوێستان دیدەبانی بدەن و "مین"ڕێژ کەن ئاسمان و زەوی کوردستان لە کوێخاکان جا "کێلەشینی"بن یان بێگانە.
هەرچی هەیە دەبێ خۆمان ئێستا بیکەین، مێژوو ئاوێک بۆ کەس گەرم ناکا.
پرسی لە مراوی ماسیەکی لابرژاو
کوا تازە بڵی بە جۆگەدا بێتەوە ئاو؟
پێیگوت بەمە چی؟! کە ئێمە مردین
دنیا دەریا بێ، تراویلکە بێ یان هەور و ساو
کوێخا شەریف ساڵحیان خەڵکی ئاوایی کێلەشینی سەقز خۆی بە ڕژیمی شاە دەفرۆشێ و خەیانەت لە هاوڕێکانی دەکا. سمایل شەریفزادە لەگەڵ تیمێکی هاوڕێی بە نێوەکانی: کوێخا شەریف ساڵحیان، عەبدوڵا کەریمزادە، میرزا محەمەد شاتمانی، حسین رحمان ڕابی و عەلی عەوڵا کۆڵ شەوی ۱۱ی بانەمەڕی ۱۳٤۷ بۆ حەسانەوە
لە دێی دارێنە،ی بانە دەمێننەوە. کوێخاشەریف دەڵێ ئێوە ماندوون بنوون، من نیگابانی دەدەم. پاش ئەوەی پێشمەرگەکان خەویان لێدەکەوێ لە پەنجەرەوە تەقەیان لێدەکا و دانێکیان بریندار دەبێ، هەڵدێ بۆ نزیک ترین پاسگای ڕژیم و هێزی زۆریان دێنێتەسەر.
لەو شەڕەدا تەنیا عەبدوڵا کەریم زادە بە برینداری خۆی دەرباز دەکا و ئەوانی دی گیانی ئازیزیان لە ڕێگای ئارمانجە بەرزەکانیان کە لە سەرەوەی هەموانیان ڕزگاری کوردستان لە داگیرکەر و چەوسانەوە و هەژاری بوو، فیدا دەکەن.
کوێخا شەریف دوای ئینقلابی ۱۳٥۷ چەکی ڕژیمی ئیسلامی هەڵدەگرێ و دەبێتە سەرۆکی بەکرێگیراوانی ئاوایی "میردەدێ". کۆمەڵە چەند جار هەوڵدەدا بیگرێ و دادگایی بکات، بەڵام بەرناکەوێ. تا ئەوەی سەرەتای دەیەی شەستی هەتاوی پاش شەڕێک لە دەشتی دارێ، پێشمەرگەکانی کۆمەڵە کەمین و مین بۆ کوێخاشەریف دادەنێن و بە ماشێنەوە دەکەوێتە سەر مینەکە و لە ناو دەچێ.
ئارێس
https://t.center/komala1