لە فوقدانی کاک فواد کێ زەرەرمەند بوو؟ کاک فواد لە کێ رۆیی؟
بینش و مەنشی کاک فواد، ئاگاهی دان بە خەڵکی زەحمەتکێش و رێکخراوکردنی ئەوان بۆ بەدەست هێنانی مافە رەواکانیان بوو. کاک فواد هەر شتێک ویستبای بیکا، لە پێشدا بەو عینەکە چاوی لێ دەکرد کە ئایا بە قازانجی خەلکی کورد و خەلکی زەحمەتکێشە یان نا. تەنیا وڵامی ئەو پرسیارە مەعلوومی دەکرد کە کاک فواد ئەو کارە دەکات یان نای کات.
سەبارەت بە دورستکردنی حیزبی کمونیستی ئێرانیش بە دڵنیاییەوە کاک فواد لە ژێر زەررەبینی ئەو عەینەکەوە سەرەنجام هەنگاوی عەمەلی بۆ ئەوە دەنا کە بیکا یان نەیکا.
هەر چەند بە بەڵگە و دوکومێنتەکانی مێژووی کۆمەڵەدا دەچمەوە، زیاتر لەو فکرە نزیک دەبمەوە کە کاک فواد لەگەڵ سەهەند و باقی فارسەکان حیزبی کمونیستی ئیرانی پێک نەدەهێنــا.
لەوانە بوو موافقی دروستکردنی حیزبی کمونیستی کوردستان بێ و بە غەیری کوردەکانیش بڵێ ئێوەش ئیختیار بەدەست خۆتانە کە ئایا حیزبی کمونیستی ئێران دروست دەکەن یا نا.
مێژوو سەڵماندی پرۆژەی دروستکردنی حیزبی کمونیستی ئێران، بە ئابووری و سەرمایەی سیاسی و ئینسانی کۆمەلە هەڵەیەکی کوشندە بوو کە سێ کەس (بەرێزان ابراهیم علیزادە، منصور حکمت و عبداللە مهتدی)، کردیان.
ئەم هەڵەیە لە درێژماوەدا بوو بە هۆی سەرلێشێواوی کادرەکان و پەرەم پەرەم بوون و نابوودی هژموونی ئینسانی و سیاسی کۆمەڵە.
بینش و منشی کاک فواد، دوورئەندیشیەکی پێدابوو، کە هەر ئەو کات دەیتوانی بزانێ پرۆژەی دروستکردنی حیزبی کمونیستی ئێران لەسەر زگی کۆمەڵە، بە مانای پاشەکشەکردن بە حزووری زەحمەتکێشان لە کۆمەلە دا و، هاتنە پێش و جێ خۆش کردنی رووناکبیرانی «کمونیست» ە.
شەڕی ئیدەئۆلۆژی کاری زەحمەتکێشان نیە بەڵکوو عادەتی دێرینەی رووناکبیرانە.
بڵاوبوونی کۆمەڵە بە دەست رووناکبیران و شەر فیکرییەکانیان، سەرهەڵدانی ئوپۆرتۆنیسم و بۆچوونی بورژوآمنش، هەرگیز موردی پەسەندی کاک فواد نەبوو. بۆیە هەر لە سەرەتاشەوە دوو دڵ بوو کە کار لەگەڵ هێندێک کەس بکا کە بیرێکی ساخی خاکی و خەڵکیان نەبوو.
بەداخەوە کۆمەڵەی دوای کاک فواد و «حیزبی کمونیستی ئێران»ی کۆمەڵەش، هەتا هاتووە زیاتر و زیاتر بووە بە مەیدانی رقابەتی رووناکبیری و سیاسی، سێ کەس یان سێ بۆچوونی غەیری کاک فوادی کە هەرکامەیان خوازیاری قودرەت، میراثی سیاسی، منصب ی تەشکیلاتی و سەرەنجام تەنیا ناوی کۆمەڵە بوون.
فوقدانی کاک فواد، خەسارێکی گەورە بوو نەک لە کۆمەڵە، بەڵکوو لە خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان، رەوتی مافخوازی زەحمەتکێشان و ، بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان.
بە گیانبەختکردنی ناوەختی کاک فواد، زەحمەتکێشانی کوردستان، خەباتکاران و تێکۆشەرانی دڵسۆزی کوردستان و نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەورەترین دۆست و دڵسۆز و رەهبەر و هاورێی راستەقینەی خۆیان لەدەست دا.
حسێن شەبەق
https://t.center/komala1