شهپۆلی دهریا
شعری عەبدوڵا سلێمان(مەشخەڵ)
کامران ئەحمەد ساڵی ۱۹۹۳ کردویە بە سرود
شەپۆلی دەریا با شەپۆل دا دەریا هەستان و ڕاپەڕین
دانەمرکێ کەف و کوڵی ناڕەزایی
با گوێی لێبێ
تەواوی دونیا گوێی لێبێ
هەتا دوێنێ پشتمان لە ژێر باری ستەم چەمابۆوە
هەتا دوێنێ هاوارێک بووین کپ و خامۆش
ئەمڕۆ دونیا دێنینە جۆش
ڕاپەڕیوین
دەریاێکمان داوەتە پێش
لێ ناگەڕێین دەنگمان کپ بێ
هەنگاومان ناوە بەرەو پێش
زۆر لە مێژە خەون و حەز و ئارەزووەکان
لە زیندانی دونیای ڕەشی چینایەتی پەلبەست دەکرێن
هەر لە قۆزاخەی خەیاڵ و هەناسە ساردی دەپوکێن
ژیاننامەم بە ئاگری داخی ستەم تۆمارکراوە
لە دەروازەی زۆر ڕێگادا
زۆر دەرگام بەڕوو داخراوە
هەتا هاژەی یەکگرتنم لە ڕووباری ڕزگاریدا
بەگوێی جادەو کۆڵان داوە
ڕاپەڕیوین
دەریایەکمان داوەتە پێش
لێ ناگەڕێین دەنگمان کپ بێ
هەنگاومان ناوە بەرەو پێش
با بشەکێ ئەو ئاڵا سوورە نەسرەوتوەی
کە هەمیشە لە ناو دڵا شەکاوە بوو
با بشڵەقێ ئەو گۆمە مەنگە بەرینەی
ژیان تیایا هەر زنجیر بوو
ڕاپەڕینم سرودێکە و لەسەر زارە
بانگەوازێکە ئێجگار بەرز
بۆ دونیایەکی یەکسانە کە جوانتر بێ لە هەمیشە
ڕاپەڕیوین
دەریایەکمان داوەتە پێش
لێ ناگەڕێین دەنگمان کپ بێ
هەنگاومان ناوە بەرەو پێش
ئەوا هاتین
بە پانایی شەقامەکان سروود دەڵێین
بورکانی شۆڕشێکی نوێین
موژدەی خۆرێکی نوێین هەڵدێین
با بلەرزێ عەرشی زێڕپۆشی چەوسێنەر
ئەوا هاتین کێ خۆی دەگرێ
لەئاست زریانی شۆڕشا ؟
ڕاپەڕیوین
دەریایەکمان داوەتەپێش
لێ ناگەڕێین دەنگمان کپ بێ
هەنگاومان ناوە بەرەو پێش
مەشخەڵ
٢١ ی کانوونی دووەمی ١٩٩١
هەولێر
@komala1https://t.center/komala1