ڕۆژی دوایی لاس هەواڵێکی ناخۆشی هێنایەوە. "ئاغاکانی تەمووتە لە میرەدێ ڕێیان بە ژنە ئەفسەرەکان گرتووە و تاڵانیان کردوون. جگە لەوەش تەمایان لە نامووسیان کردووە". خانزاد لەو هەواڵە داچڵەکی. ئەوە یەکەم جار نەبوو هەواڵی دەستدرێژی بۆ نامووسی ئافرەت تەزووی بە لەشدا دەهێنا و دایدەچڵەکاند. بە شەرمەوە سەیری لاسی کرد و لێی ورد بۆوە. لاس هەمیشە ئەو چەشنە هەواڵانەی بە بێزەوە دەبیست و دەگێڕایەوە. لەوەدوا بێزەکەی دەبووە بێزاری و دواتر دەبووە چەشنێک سووکایەتی پێکردن و پێهاتن. خانزاد نەیدەزانی کامە بەشی ئەو هەواڵە وەها هەستێکی لە پیاودا دەورووژاند. کردەوەکە، کە داگیرکردن و تاڵانکردنێکی زۆرەملە بوو؟ بکەرەکە، کە داگیرکەر و تاڵانچی و "هەمیشە پیاو بوون"؟ یان تاڵانکراوەکە، ئافرەتێکی بێدەسەڵات و بێتاوان؟ کامەیان؟ خانزاد تێنەدەگەیشت. هەستەکەی لاس ئاڵۆز بوو، خۆی بە دەستەوە نەدەدا. ڕاستە دژوێنەکانی ئاراستەی تاڵانکەر دەکرد و کردەوەکە بە لایەوە پیس و قیزەون بوو؛ بەڵام هیچ هاوخەمییەکی لەگەڵ تاڵانکراوەکە تێدا نەبوو. ئەگەر بەزەیی و هاوخەمییەکیش بوو؛ "بۆ ژنەکە نەبوو، بۆ خاوەنەکەی بوو، بۆ بنەماڵە و بە تایبەت مێردەکەی بوو". خانزاد لە شتێکیتر دەگەڕا. دەیویست بزانێ دەربارەی ژنەکە چۆن بیر دەکاتەوە. شتێک کە ڕەنگە لاس هەرگیز بیری لێ نەکردبێتەوە. خانزاد ڕۆژانی دوای ئەو تەزوو و داچڵەکینە بیری دەکردەوە؛ لەو دەستدرێژییانەدا ئەوەی بە تاڵان دەبرا سامانی ژن بوو، "خودی ژن و هیچیتر". کەواتە دەبوو لەگەڵ ئەودا هاوخەمی بکرێت. بۆیە لە ناخەوە بۆی دەگریا. بیناسیایە یان نا، نزیک بووایە یان غەوارە، کورد بووایە یان عەجەم، ژنە ئەفسەر و خان یان ژنە ڕەعیەت و هەژار، هیچ جیاوازییەک نەبوو...
🖊 #عەتا_نەهایی▫️لە ڕۆمانی:
#گوڵی_شۆڕان▫️ لاپەڕە: ۷٦-۷۷
🎨 نیگارکێش:
#ڕەوەند_جەعفەر▫️#ڕاوێژیسم@Rawezhism