“ستایشی من بۆ دەسەڵاتداران”ئێوە گەلەک شۆخن، بەیانیان وەک پاساری ڕیقنە بەسەر حەقیقەتدا دەکەن
گەلەک مەزنن ، شەوان وەک کوکوختی ڕیقنە بەسەر تریفەدا دەکەن
ئەمە دیاری ئێوەیە، میلەتێک بە سەد دەست لێتان ڕادەکات، نەتەوەیەک هەزار قاچ قەرزدەکات و دەچێتە ناو هەزار ئاگر و هەزار باڵ دەخوازێت و بە هەزار نینۆک بە سەر زەمینی هەزار بێگانەدا دەڕوات میلەتێک خۆی بەهەزار ڕەشەبا و هەزار جەنگەڵ و هەزار دەریا دەبەخشێت، گیرفانەکانی پڕ دەکات لە تووتڕکی هەموو میلەتانی تر دەنوشتێتەوە بۆ هەزارەها دەریاوان و دەلیل و ئەستێرەناسی تر
ئێوە واتانکرد بۆ یەکەمجار جەهەنەم لە بەهەشت جوانتر بێت.
دەریایەک لە خۆڵەمێشتان بۆ داناین و گووتتان ئەمەیە ڕوناکی، لمتان بۆ کردینە کاس و گوتتان ئەمەیە شەراب، شەیتانتان بۆ ڕازاندینەوەو گوتتان ئەمەیە خودا، کینەتان دەرخوارداین و گوتان ئەمەیە ئازادی.
ئێوە واتان کرد بۆیەکەمجار تاراوگە لە ماڵ جوانتر بێت
ئەمە خەڵاتی ئێوەیە، میلەتێک لە با دەپاڕێتەوە دەریای لێ نزیک بکاتەوە، میلەتێک قیامەت بەکرێ دەگرێت، مەحشەر زەخرەفە دەکات، تابووت دەژمێرێت، کفن بەسەر ئێوارەکاندا دابەشدەکات، بە تلیاکی هەموو جەنگێک خۆشنوودە، بە حەشیشەی هەموو کینەیەک ڕازییە
ئێوە واتانکرد بۆیەکەمجار شەیتان لە خودا جوانتر بێت.
✍🏻: "بهختیار عهلی"
دیوانی: "تا ماتەمی گوڵ، تا خوێنی فریشتە"
https://instagram.com/p/BkQYCJLlSF6/