Смотреть в Telegram
Forwarded from عکس نگار
*** هێمایەک بە تەوێڵی کاتەوە . . . قورینگێکی* کاغەزی ساز کە بیدە بەئاوی دەریادا دەیگرمەوە لەو بەری هەرچی سەنگەرە. قورینگێکی رەش کە بزانێ سەر پشتی پڕە لە هەواڵ قورینگێکی سپیش بنێرە کە هەواڵەکانی شەڕ لەسەر باڵەکانی بە ئاور نووسرابێ من هەزارومین قورینگی کاغەزیت بە یادگار رادەگرم کۆتایی دێنم بە شەڕی وشەکان بە تێکهەڵچوونی شەپۆلەکان ئارام دەنووم بە دیار نەخشەی جیهانەوە رادەکشێم لە پاڵ خەونێکی ژنانەوە. لە خەونیش دا هەواڵەکانی بۆمبارانی ئۆکڕاین دەسڕمەوە. تەقینەوەی مینەکانی سەر سنووری نیشتمان لە خەفەتی کۆڵبەرەکاندا پاک دەکەمەوە. زەربی سوور بەسەر پشتێنەی تەقینەوەی کابرایەک لە میتڕۆی لەندەن دادێنم لە کلیسایەک دوعا بۆ منداڵێکی ئەفغان دەکەم لە مزگەوتێک بۆ کچێکی جوولەکە دەپاڕێمەوە جامی پڕی نیگای تیزاب لە دەست پیاوێک دەفڕێنم کە هەنگاوێکی مابوو جوانی وێران کا بۆچی لە جوانیی دەترسن ئەو خەڵکە؟ لە میتڕۆ مەگەر نسێیان نەدیتووە کە دەکەونەوە بیر خەنجەر؟ مینەکانیش زمانی هەژاری تێناگەن زمانی کوردیش! ئەوان هەر لە زاراوەی خۆیان تێدەگەن کە لاقی بڕاوە بە چاوی بابردۆوە. هەزار قورینگی کاغەزیت بە رووبار دا بۆ دەنێرم ئارەزوو دەکەم وردە وردە بێ ماناتر بن سنوور کۆڵبەرەکان بچنە ناو دێرەکانی دوێنێوە زمانی منیش پێی بنووسرێ پەراوێزەکانی جوانیی. قورینگێک بنێرە سپی بێ با بە پیریش تا دوایین ساتی تابووت سروود بخوێنێ و رووناکی ببێتە میراتی سبەینێ. من وێنەی چەکێکی شکاویش **هەڵدەواسم لە ناوەندی ئەو شێعرەدا تۆش لەوبەری ئەو دێڕانەوە پێشانگایەک دابنێ لە چەکی شکاو لاقی شکاو دەستی شکاو لە ژنێکیش ترسی شکا لە سڕینەوەی تەنیایی و گۆڕینی واتای گوللەکان چەکێک لە پاڵ برینەکانەوە لە چاڵ دەنێم لەسەر کێلیشی دەنووسم تەواو بوو ئەو سەردەمەی خوێن هەرزان بوو کۆتایی هات بەو رێیەی دەگەیشتە هیچ لەسەر کێلەکەی دیکەی دەنووسم: بێ ناونیشان تا نەناسرێتەوە لەو نیشتمانەدا و بۆخۆم لە بن دار زەیتوونێک خەریکە خەو دەمباتەوە. . . . * لە کولتووری ژاپۆن دا قورینگ هێمای ئاشتی جیهانییە و هەر کەس هەزار قورینگی کاغەزی ساز کا هەموو ئاواتەکانی بەرئاوەردە دەبن. ساداکو ساساکی کچێکی نەخۆشی دوای بۆمبارانی ئەتۆمی ویستی هەزار قورینگی کاغەزی سازکا، بەڵام دوای سازکردنی ٦٤٤ قورینگ مرد. ** چەکی شکاو هێمای راگرتن و دژایەتی شەڕە @younesrazaie #هزار_درنای_کاغذی #هەزار_قورینگی_کەغەزی #فرهنگ_ژاپن #کولتووری_ژاپۆن #ئاشتی_جیهانی #ضد_جنگ #دژی_شەڕ #شعر_جهان #شعر_نو #شێعری_نوێ
Telegram Center
Telegram Center
Канал