🦅 هەڵۆهۆنراوەی: سوارە ئیلخانی زاده
خوێندنەوەی: عەلی خزری
🍂 پاییزە، دار و دەوەن بێ بەرگە
دڵ پەشۆکاوی خەیاڵی مەرگە
🍁ھەر گەڵایێ کە لە دارێ دەوەرێ
نووسراوێکە بە ناخۆش خەوەرێ
تاو ھەناوی نییە وا مات و پەشێو
لەشی زاماری دەکێشێتە نشێو
ڕۆژ پەڕە، ساردە کزەی بای زریان
کاتە بۆ ژینی لەدەسچوو، گریان
دڵی پڕ بوو لە پەژارە و لە دڵۆ
ژینی خۆی ھاتەوە بیر پیرەھەڵۆ
بە قسە خۆشە مەترسیی مردن
تاڵە ئەو ھەستی بە مردن کردن
کاتی کۆچکردنە، وەختی سەفەرە
داخەکەم سەختیی نەمانم لە بەرە
ھەربینا ھات ئەجەل و من مردم
با لە شـیوێ پەڕ و باڵی بردم
تۆ بڵێی پاشی نەمان ژینێ بێ؟
بۆ لەشی ساردەوەبوو تینێ بێ؟
تۆ بڵێی ئەو خەوە ھەستانی بێ؟
یا نە ئەو قافـڵە وەســتانی بێ؟
مەرگە دێ و دوا بە ھەموو شت دێنێ
ھەموو ئاواتێ لە دڵ دەستێنێ
پاشەرۆکێکی بکەم لەم باخە
تاکوو باڵ و پەڕی من پەرداخە
ھەر بڕۆم نابەڵەد و بێسەر و شوێن
دیار نییە خێڵی ھەڵۆیان لە کوێن
شارەزای ڕێگەی مردن کێیە
چییە ئەو مەنزڵە کوێنەی جێیە
نابمە ڕێبواری کەلی ھات و نەھات
چارە کەم بەشکوو ئەوا ھات و نەھات
خۆی بە خۆی گوت کە دەچم بۆ لای قەل
کەیخودای پیر و بەبیری گەلی مەل
ھەڵفڕی ڕاوکەری زاڵی کەژ و کێو
لە چیای بەرزەوە ڕووی کردە نشێو
کەوتە ئەو دەشتە لە ترسا تەق و ڕەو
دەرپەڕی کوڕکوڕ و کڕ مایەوە کەو
ھاتە لای قەل بە کزی و بێوازی
قەل گوتی: مامە ھەڵۆ ناسازی؟
▶️گوتی قاڵاوە ڕەشەی پسپۆڕم
پیرم و پێیە لە لێوی گۆڕم
باخی ژینم بە خەزان ژاکاوە
کاتی مەرگە و ئەجەلیش ناکاوە
پێم بڵێ چۆنە کە تۆ ھەر لاوی
زۆر بە ساڵ پیری بەڵام چا ماوی
ھێزی ئەژنۆم نییە باڵ بێھێزە
ھەموو گیاندارێ ژیانپارێزە
▶️قەل گوتی باشە کە گوێ ڕادێری
پەندی من پاکی بە دڵ بسپێری
ئەو دەمەی بابی بەھەشتی من مرد
دوور لە تۆ دەرد و بەڵای ئێوەی برد
پێی کوتم ڕۆڵە ھەوای ڕاز و نزار
ھەیەتی دەرد و نەخۆشی بە ھەزار
دیق و زەردوویی و ئاھۆ و وەرھەم
بە گژەی بای بەقەوەت دێن بەرھەم
گۆشتی کەو چەندە کە تامدارە بە ناو
ھەنگ و ھاڵاوێ دەھەنوێتە ھەناو
تا وزەی بیر و خەیاڵ سەردەکەوی
کە لە گوڕ کەوتی وەھا وەردەکەوی
پەین و پاڵێ کە لە پاڵی دێیە
مەنزڵی نۆکەری خۆتی لێیە
کەرە تۆپیو و کەلاکی گوێلک
ھەڵمی دڵ ڕوونکەرەوەی سەرگوێلک
پێکەوە چینە بکەین لەو پەینە
بۆی سەنیر مەڵحەمی بیر و زەینە
ورد بەوە چەندە بە مانا قووڵە
مەسەلە و گفتی قەلی ماقووڵە
بیکە سەرمەشقی ژیان ئەو ئیشە
ھەر لەسەر داری نەوی ھەڵنیشە
▶️ھاتەوە بیری ھەڵۆ ڕابردووی
پاکی بووژانەوە یادی مردووی
گوڵ کرا ڕایەخ و پایەندازم
چەندە ئاژوا لەشی کێو ئاوازم
چەندە ڕوانیمە زەوی لەو بانە
کێو و دەشت لەو سەرەوە چەند جوانە
چەن چکۆلەن پەلەوەر لەو بەرزە
ئاخ کە چەن خوێڕیگرە ئەم عەرزە
چەندە ڕاوی کەو و کەوباڕم کرد
دوژمنی تاقمی شمقاڕم کرد
کۆلکەزێڕینە وەکوو تاقی زەفەر
ئاسمان بۆ منی بەست کاتی سەفەر
حەوتەوانان بوو میداڵی شەڕی من
چەندە شۆراوە بە خوێن شاپەڕی من
ئێستە بۆ وا ڕەبەن و داماوم؟
من ھەڵۆ چاو لە دەمی قاڵاوم!
سا کە ئەو کارە وەھا ساکارە
مەرگە میوانی گەدا و خونکارە
ھەوری ئاسمان بێ خەڵاتم باشە
یا لەشم خاشە بکێشن باشە
گوتی وا ژینی درێژ پێشکەشی خۆت
گۆشتی مندارەوەبوو ھەر بەشی خۆت
ژینی کورت و بە ھەڵۆیی مردن
نەک پەنا بۆ قەلی ڕوو ڕەش بردن
لای ھــەڵۆی بەرزەفــــڕی بەرزەمـــژی
چۆن بژیی خۆشە نەوەک چەندە بژی@rojnama 💠🍁 ڕۆژنامە