💠جەلال مەلەکشا
بۆ عەبدوڵڵا پەشێو
خۆشەویستم!
زۆر لەمێژە
تاسەی دووریت
وەک دڵۆپێ فرمێسک لە ناو
گلێنەی چاوما قەتیس ماوە!
هەوری ئازار
بە سەر کێلگەی تینووی دڵما
پرچی ڕەشی خەم و زووخاوی ئاڵاوە!
خۆشەویستم!
تاسەی دووریت، بوو بە تفەنگ،
دەستی لە مل چیا کرد و نەهاتەوە.
تاسەی دووریت، بوو بە خەیاڵ
ڕۆیی دەرگای سنوورەکان بکاتەوە!
تاسەی دووریت، بوو بە حەللاج
سێدارەی کرد بە، جێژوانی دڵداری و ماچ
خۆشەویستم!
لە نێوانی من و تۆدا
دەریای ئاگر شەپۆل ئەدا
سنوور وەک سەگ ئەلوورێنێ
قەپ بە پاژنەی قاچا ئەکا
هەنگاو بە هەنگاو تێمانە
بەڵام من، ئەو ئەویندارەم
لە ناو خوێنا ئەژێیمەوە
شەقڵی سنووریان ئەشکێنم
بە حەیران و سیاوچەمانە!
خۆشەویستم!
باسی دڵداری من و تۆ
دنیای گرت و هێشتا ئێمە لە یەک دوورین
باسی دڵداری من و تۆ
چاوی مێژووی
کردە کانیی فرمێسک و خوێن
هێشتا ئێمە
سەدە و ساڵ و مانگ ئەژمێرین
خۆشەویستم
تۆ ڕێکەوە
من هەوڵ ئەدەم
با بە یەکتر بگەینەوە!
تۆ بانگم کە،
من پڕ بە دەم هاوار ئەکەم!
وەڵام یەکتر بدەینەوە.
قەف قەف زنجیر سنوورەکان بپچڕین و
ئەو هێلانە شێواوەمان
بکەینەوە بە نیشتمان
جەلال مەلەکشا
💓💓
@rojnama ⚡️
ڕۆژنامە