📢ڕێزگرتن لە مامۆستا ئیبراهیم مەردۆخی لە لایەن "ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی - مەریوان"ەوە✅ئەندامانی کومیتەی فەرهەنگی و بەشێک لە ئەندامانی دستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان و بەشێک لە ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان لە ڕێکەوتی ٢٧٢٤/١٠/٣ی کوردی، بۆ ڕێزگرتن لە تەمەنێک نووسین و تێکۆشان و خەباتی کەسایەتی ماندوویی نەناس مامۆستا " ئیبراهیم مەردۆخی" کە یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەن، سەردانی ماڵی مامۆستایان کرد.
چەن کەس لە بەشداربووان سەبارەت بە دەوری کاریگەر و گرنگی مامۆستا ئیبراهیم مەردۆخی لە ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان و دیکەی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان قسەوباسیان کرد. پاشان سپاسنامەی ئەنجومەن لە ڕێگەی خاتوو منیرە، هاوسەر و خێزانی مامۆستاوە، بە مامۆستا ئیبراهیم مەردۆخی بەخشرا.
📜دەقی سپاسنامەی ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان بۆ مامۆستا ئیبراهیم مەردۆخی:
👇 «سپـاسنــامــە»
ڕێزدار و خۆشەویست مامۆستا "ئیبراهیم مەردۆخی"!ئەنجومەنەکەی گشتمان وەک هەمیشە شانازی بە ڕۆڵەی مەزنی وەک ئێوە دەکات کە لە پاڵ مزگەوتە سوورەی قەڵا ئەردەڵانییەکەی دراوسێی مەلا ئیبراهیمی شارانییەوە، شنەی بەرامەیەکی شێخی خاڵ و ڕۆحسووکییەکی مەلا مودەڕیسی بیارەمانی پێ گەییوە.
ئێوە مێژوویەکی زیندووی ئەم نیوسەدەیەی مەریوانتان لە خۆتاندا کۆ کردوەتەوە، میراجی شایەتی دەدات بۆ بەگژداچوونەوەت دژ بە زۆرداری و ناهەقی. ئەو بوێرییەت بە ڕەگەز دەچێتەوە سەر شێخی پیران و نەهری و سەید ڕەزای دەرسیم.
ئێوە، هێندە زمانی کوردی لاتان خۆشەویست بووە، حەزتان کردووە، تیشکێ لەو پیرۆزییانەی نێو دڵتانی پێ ببەخشن و گەورەیی زمانی نەتەوەکەتان بخەنەوە پێش چاوانی ئەوانەی چاویان بە ڕوویدا هەڵنایەت.
ئەم گشتە ساڵەی هاوڕێیەتی هەمیشەییتان لەگەڵ ئەنجومەن و ئەو گشتە هەوڵی بێوچان و چالاکییە بێچاوەڕوانییەتان بۆ فەرهەنگ و زمانی کوردی بەرز دەنرخێنین، دڵنیاین ناوی ئێوەی ئازیز کە تەمەنێکتان لە پێناو گەشەی فەرهەنگی، پێشکەوتنی زمان و سەربەرزی نەتەوەکەمان دانا و نیشتمان بەشێکی نەبڕاوەی گریان و پێکەنینەکانتان بووە، بە سیمای ئەم شارەوە دەمێنێتەوە.
ئەم سپاسنامەیە پێزانینێکی بچووکە بۆ گەورەیی ئێوەی هێژامان کە کۆڵەکەیەک بوون لە چالاکییەکانی ئەم مەریوانی بێسارانی و قانعە بەرەو داهاتوویەکی ڕوون.
ئەنجومەنی فەرهەنگی_ئەدەبیی مەریوان
٣ی بەفرانباری ۱٤۰۳ی ک. هەتاوی (٢٧٢٤ی کوردی)🆔 @meriwan_edebihttps://t.center/Midyafayl/771ـــــــــــــــــــــــــــــ
🌅لە میدیای سەربەرزی هاوڕێمان بن
Telegram |
Instagram