تکاومەتە سەر گیاکان،
من شەونمی خەواڵووی ئەستێرەیەکم
کە تکاومەتە سەر گیاکانی تاریکی..
شوێنم ئێرە نەبوو،
پسکەپسکی شێداری گیاکان دەژنەفم،
شوێنم ئێرە نەبوو..
ئەم فانۆسە لە بێشکەی بەگوڕی دەریادا خۆی دەشوات..
ڕووەو کوێ دەچێ ئەم فانۆسە،
ئەم فانۆسە دەریاپەرستە تینووە مەستە؟
بە سەکۆی کاشیی ئاسۆی دوورەوە؛
نیگام لەتەک سەمای تەماویی پەریياندا دەسووڕێ..
نارەنارانی شەو لەڕەگەکانمدا دەڕوێن
بارانی پڕ لە قەوزەی مەستيی؛
بەسەر دیواری تینووی ڕۆحمدا دەتکێ..
من ئەستێرەی تکاوم،
لە چاوینەبینراوی ھەڵەوە تکاوم..!
ــــــــــــــــــ
#سوهراب_سپێهری #ڕاوێژیسم وەرگێڕ :
#توانا_ئەمین @Rawezhism @rawezhism