١- کۆڵبەری پێشە نییە، کۆڵبەری شێوەیەکە لە ژیانی کۆتایی پێهاتوو، شێوەیەک لە ژیانی کۆژراو و شێوەیەک لە ژیانی بەفیڕۆدراو لە دۆخێکی کۆلۆنیالیستیدایە.
٢- کۆڵبەری دیاردەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و پرسێکی مێژووییە. کۆڵبەری درێژەی شێوازەکانیتری چەوساندنەوەی نەتەوەی کوردە. کۆڵبەری بەردەوامی ژینۆساید، کیمیاباران، تێرۆر، کۆچی بەکۆمەڵ، دەربەدەری کۆمەڵآیەتی و هتدە. کۆڵبەری بەرهەمی بارودۆخێکی مێژوویی و دەرئەنجامی پرۆسێسێکی دوورودرێژ لە کۆلۆنیالیسمە.
٣- مەرگی یەک یان چەند کۆڵبەرێک، مردنی تاکەکەسێک یان "گروپێک"نییە، بەڵکو مەرگی هێدی هێدی نەتەوەیەکە. مەرگی
کۆڵبەر، دەستدرێژی دڕندانەیە بۆ سەر گۆڕەپانی ژیانی میلەتی کورد. مەرگی
کۆڵبەر، مەرگی هێدی هێدی کوردستانە.
۴- کەمکردنەوەی هۆکاری کوژرانی
کۆڵبەر بۆ پۆلیس، سپای ئێران یا کۆماری ئیسلامی، هەڵەیەکی گەورەیە. هۆکاری کوژرانی
کۆڵبەر، بونیادێک و پێکهاتەیەکی مێژوویی–سیاسییە کە هەزاران ساڵ مێژووی لە پشتەوەیە و وردە وردە بووەتە هۆکاری کوژرانی سوژەی کوردی. هۆکارەکان دەگۆڕدرێن، بەڵام پێکهاتەکان جێگرن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پتەوتر دەبنەوە.
۵- ئیدانەکردنی
کۆڵبەر لەلایەن هەندێک لە کوردەکانەوە بە هەر هۆکارێک بێت، کەمکردنەوەی پرسێکی پێکهاتەیی-مێژووییە بۆ پرسێکی تاکەکەسی–بەکۆمەڵ. ئەم جۆرە کەمکردنەوەیە لە کۆتاییدا خزمەت بە گوتاری داگیرکاری دەکات.
٦- ڕێگای ڕزگاری، تەواوبوون و کۆتایی کۆڵبەری نییە. کۆڵبەری تەنیا یەک ئەڵقەیە لە زنجیرەی چەوساندنەوەیەکی مێژووییە. کۆتایی کۆڵبەری، سەرەتای جۆرێکیتر لە ئازار و چەوساندنەوەیە. ڕێگای ڕزگاری ئەوەیە کە ڕێڕەوی ئەو پێکهاتە مێژوویی-سیاسییە بگۆڕدریت کە ستەم و مەینەتیی میللەتی کوردی بەرهەم هێناوە.
٧- کۆڵبەری خەریکە دەبێتە ئوبژەی نمایشی "ئەویتر" و فۆرمێک لە نواندنەوەی ئایدیۆلۆژیکی چەوساوە بۆ پتەوکردنی گوتاری زاڵ! ئەمە سامناکە و بێگومان دەبێتە هۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم دۆخە مێژوویی-پێکهاتەییە. نمایش، پێشەکییە بۆ دووبارە بەرهەم هێنانەوە.
#کۆڵبەر
#کۆڵبەری
#کوردستان