🔳 جیاوازی و تازەگەری لە شیعردا
✍#کەیهان_عەزیزی
لە پانتای بەرینی ھونەردا ناتوانین باس لە گەشەکردن بکەین. گەشەکردن ئەو چەمک و ڕەوتەیە زیاتر لە دونیای تەکنۆلۆژیا و زانستدا مانای ھەیە. تراکتۆر لە بەستێنی وەرزێڕیدا لە گاوئاسن گەشەسەندووترە، کەوابوو، تراکتۆر لە گاوئاسن باشتریشە. بەڵام گەشەسەندووتر و باشتربوون، قۆناغ قۆناغ و لۆژێکی بەرەوپێشەوە دەڕۆن و بەردەوام لە بوونابوون(صیرورت) دان. زانست دەکرێ لە بەرامبەری وارگەکانی ڕابردووی خۆی ھەڵویستێکی نەبێت؛ کەچی شێعر وەک بەشێکی گرنگ لە جۆغرافیای ھونەر، ناتوانێت لە ئاست مێژووی خۆی بێلایەن بمێنێتەوە و ھەڵویستی نەبێت. لە دونیای شێعر، لە جیاتی گەشەسەندن و باشتربوون دەبێ باس لە «جیاوازی» و لەیەکنەچوون بکەین. چوون شێعر و شاعێر لە سەریان فەرزە، بەردەوام ھەوڵی خۆ جیا کردنەوە بدەن. شێعر پێویستە بەنیسبەت مێژووی خۆی خوێندنەوە و پلانی ھەبێت، ئەڵبەت ئەم ھەڵویستگرتنە بۆ ئێنکارکردن و گالتەپێکردن نییە؛ بەڵکوو، بۆ خۆ جیاکردنەوە و بۆ دووبارە نەکردنەوەیە. چوون یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی شاعێر ئەوەیە ھەوڵبدات لە جیهانەکانیتر نەچێت. بە دڵنیاییەوە جیاوازبوون جەوھەری شێعر پێکدێنێت. شاعێران ھەمیشە لەو ھەوڵەدان شتێک بنووسن کە پێشتر کەس نەینووسیوە. ھەموو شێعرێک بە سەرکەوتوو و ناسەرکەوتووشەوە لە ڕاستیدا ئەم ھەوڵەی بۆ دراوە.
ھەر بەو تەرزەی کە پێشتر گوتم جیاوازی زاتی شێعرە. یەکەم شاعێر لە پێناوی جیاوازیدا شێعری نووسیوە، بە دڵنیایی دواھەمین شاعێریش ھەر بەو خۆزگە و ئاواتەوە شێعر بەرھەم دێنێت. ئەگەر جیاوازی جەوھەری شێعر بێت، دەکرێ وەک یەکەم وارگە و یەکەم ھەنگاو لە ھونەری شێعردا لێی بڕوانین. بەڵام پاش ئەم یەکەم وارگە نۆبەتی دووھەم وارگەیە کە لە بۆچوونی مندا ناوی «تازەگەریی»ە. تازەگەری پلەیەکی ترە لە پرۆسەی بە شێعرکردن، شاعێر بە پێچەوانەی جیاوازییەوە پێویستە بەسەر پلەی تازەگەریدا بەئاگا و وریا بێت. لەوانەیە شاعێرێک بە شێوەی خۆڕسک یان لە ڕووی بەھرەی شاعێرانەوە بتوانێت خۆی جیاکار بنوێنێت، بەڵام تازەگەری زانیاری و خوێندنەوە و خۆماندووکردن و ھەنبانەیەکی زەنگینی پێویستە.
شتێک کە من ھیچ لێی دوودڕنگ نیم ئەوەیە درەختی تازەگەری لە کانیاوی جیاوازییەوە ئاوی پێ دەگات و دواتر پەلوپۆ دەردەکات و ئینجا لەق و چڵێکیتری لێ دەبنەوە. کەوابوو جیاوازی مەرجە بۆ تازەگەری، بەڵام بەس نییە. شێعری سەرکەوتوو نابێ تەنیا بە جیاوازبوون ڕازی بێت. چوون ھیچ جیاوازیەک ناتوانێ بە تاق و تەنیا نوێخوازی مسۆگەر بکات. تازەگەری ھەندێ کەرەستە و ھەندێ شتیتری جگە لە جیاوازی گەرەکە کە شاعێر پێویستە وەچنگیان بخات.
لە ھەوڵەکانی جیاکاریدا شاعێر دەکرێ، ڕابردوو بە لەونێکیتر و بە شێوەیەکی جیاوازتر بەڵام وەک خۆی هەمتر بکاتەوە و پێداگریش بکات و بڵێ من شاعێرێکی جیاکارم. کەچی لە بەستێنی تازەگەریدا ئێمە بۆمان نییە سوننەت و ڕابردوو هەمتر بکەینەوە. ئەڵبەت ئەمە بە مانای ئێنکارکردنی سوننەت و مێژوو نییە. بەڵکوو وەک لیۆتار دەڵێ: سۆننەت نەبۆ ئێنکار دەبێت نەبۆ تێکرار. بۆیە شاعێری نوێخواز نابێ ترادسیۆن جارێکیتر دووبارە بکاتەوە. بۆ نموونە بە باوەڕی من
بێسارانی ھەم شاعێرێکی جیاوازە ھەمیش شاعێرێکی نوێخواز؛ بەڵام مەولەوی زیاتر شاعێرێکی جیاوازە تا شاعێرێکی نوێخواز. (دیارە ئەمە باسێکە زۆر ھەڵدەگرێ، با بمێنێ...)
یەکێک لە جیاوازییە سەرەکییەکانی مۆدێرنیتە بەگشتی و سوننەت بۆ ئەم باسە دەگەڕیتەوە کە لە جیهانی سوننەتدا دەبێ ترادسیۆنەکان ھاوشێوەی یەکتر بن و وەکوو یەک دووبارە ببنەوە؛ کەچی لە مۆدێرنەدا ترادسیۆنەکان دەتوانن لە گەڵ یەکتر جیاکار بن. مۆدێرنە خوازیارە، ھەموو ترادسیۆنەکان وەک نەریت بە ھەموو جۆراوجۆرەکانیانەوە لە خۆیدا تۆمار بکات، ئەویش نە بۆ سەرسپاردن، بەڵکوو بۆ تەجاوەزکردن و تێ شکاندن و تێ پەڕاندن. کەوابوو بە زمانێکی سادە تازەگەری بریتییە لەوەی ئەگەر ھاتوو تازەگەریەکانی دوێنێ گەڕانەوە نابێ ھەرگیز دووبارە ببنەوە. ئەمەش مسۆگەر نابێ، مەگەر سیستمی کۆنە بۆ سیستمی تازە بگۆڕین. و....
▫️درێژەی ئەم بابەتە بە ناوی "هەوڵێکی ڕەوا لەپێناو جیاوازی" لە کتێبی "ڕاڤەی پێدەشتەکانی شاخ" بخوێننەوە.
🤝لێرەین
↙️
🆔 @perantez_net
➖➖➖➖➖➖➖