... درێژەی لە ☝️
🔳 فەلسەفەی هونەری هێگل بە زوانی سادە (3)
✍#کەیهان_عەزیزی
"ئەگەر دیالێکتیکیانە بڕوانیەنە ئەم پرۆسەی گەشەکردن و پێشکەوتنەی هونەر، هەرکام لەم جۆرانە [کە باسمان کردن] ناکۆکی و کەموکورتی هەڵگرتووە. لە هونەری هێماییدا ناوەڕۆک نەیتوانی بە گوێرەی پێویست خۆی دەربخات. بەڵام خۆدرخستنەکە لە هونەری کلاسیکدا ڕووی دا و لەگەڵ ماتەریاڵدا هاوتەراز وەستا. کەچی ناوەڕۆک لە هونەری کلاسیکدا هێندە لە خۆدەرخستنەکەیدا سەربەست نییە و ناتوانێت واز لە پەیوەندییەکەی بە ماتەریاڵەوە بهێنێت، ماتەریاڵ مەرجداری دەکات؛ بۆیە بە ناوەڕۆکێکی سنووردار دادەنرێت. [ناوەڕۆک] بۆ تێپەڕکردنی سنووردارێتییەکەی پەیوەندییەکەی هەڵوەشاندەوە و سەربەستانە خۆی دەرخست. لەم خۆدرخستنەدا کە هونەری ڕۆمانسی دەهێنێتە کایەوە [هێشتا] بە تەواوی سەربەست نییە و پەیوەندی بە ماتەریاڵەوە هەیە."
(محمەد کەمال، 2017: 70)
هێگل لە پۆلێنبەندییەکی تر چەشنە جۆراوجۆرەکانی هونەر بە هۆی پەیوەندییان کە لەگەڵ ڕۆح و خۆیەتی دەروونییەوە (درون زات) هەیانە دەکاتە دوو بەشەوە
: یەکەم ئەو هونەرانەی کە بە تەواوی گرێدراوی مادەن، وەک تەلارسازی و پەیکەرتراشی. دووهەم هونەرە ڕۆمانتیکەکانن کە بە شێوازێکی تر جوانی بەرهەم دێنن؛ وەک نیگارکێشی و موسیقا و شیعر. بە باوەڕی هێگل شیعر، لە بەرزترین هونەرەکانە.
(کەریم موجتەهێدی، 1476: 128)
هێگل پاش دابەشکردنی هونەرەکان بە سێ قۆناغی گشتی، (هێمایی، کلاسیک، ڕۆمانتیک) بە پێی دەرکەوتنی ڕۆح لە مادەش هونەرەکان بە پێنج هونەری هەندەکی و تایبەت جیا دەکاتەوە کە هەرکام بە شێوازێک جوانی مانا دەکەنەوە. بەمبۆنەوە تایبەتمەندی و هەڤیازی هەریەک لەو پێنج هونەرە بەم شێوازەیە:
1ــ هونەری تەلارسازی ناتوانێ بە تەواوی ناوەڕۆک لە مادە بەرجەستە بکاتەوە. ئیتر لە هونەرەکانی تر ناتەواوی و کەموکورتی زیاتری هەیە.
2ــ لە پەیکەرتراشیش زۆر بە دەگمەن دەکرێ بە مانایەکی پەتی بگەین. ئەم هونەرە زیاتر هاوئاهەنگی و هاوتەرازی پاژەکان پێشان دەدات. هێگل پێی وایە پەیکەرتراشی دەتوانێ پێشەکییەک بێت بۆ هونەری ڕۆمانتیک بە تایبەت نیگارکێشی.
3ــ خاڵی ناوازەی نیگارکێشی وەک پەیکەرتراشی ئامادەبوونی جەستەی کەسێکە.
(هێگل زیاتر چاوی لە نیگارکێشانی دەموچاوە) بەڵام لە نیگارکێشیدا بە پێچەوانەی تەلارسازی و پەیکەرتراشی یەکێ لە سێ ڕەهەندەکە دەسڕێتەوە، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە بۆ ئەم هونەرە، هەرچەند هێشتا گرێدراوی ئەو دوو ڕەهەندەکەیە.
4ــ موسیقا زیاتر لە نیگارکێشان دەچێتە پێشەوە. چون لەم هونەرە هەر سێ ڕەهەندەکە نامێنن. بە پێی بەراوەرد لەگەڵ ئەو هونەرەکان، هونەرێکە زێهنی و ئابستراکت. لەم هونەرە خۆیەتی زاڵە و زیاتر گەڕاوەتەوە بۆ نێو خۆ، بۆیە موسیقا بە زووترین کات هەناو و دەروونی ئێمە دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. کەچی پەیکەرێک یان تابلۆیەکی نەقاشی شتێکە لە دەرەوەی ئێمەیە. هەروەها هێگل موسیقی و تەلارسازی پێکەوە بەراوەرد دەکا. دەڵێ ئەمانە هەرچەند جیاوازیش بن، هێشتا خاڵی هاوبەشیان هەیە، چون هەردوو لەگەڵ نموونە سروشتییەکەیان سەربەخۆیی خۆیان پاراستووە. خاڵی جیاوازیشیان ئەوەیە تەلارسازی بۆ هەمیشە وابەستەی شوێنە و لەبەرامبەر بینەرەوە ڕاوەستاوە، کەچی موسیقا لە زێهن دەگوزەرێ و لە بێدەنگیدا ون دەبێ. لەبەر ئەوەی موسیقا گرێدراوی شوێن نییە خۆی بە هەرەباشترین هونەرەکان واتە شیعر نزیک دەکاتەوە.
5ــ بە باوەڕی هێگل شیعر خۆی لە هەموو شتە مادیەکان دادەماڵێ، بۆیە بە پێی بەراوەرد لەگەڵ هەموو هونەرەکانی تر باشتر ڕۆح دەتوانێ خۆی لەناویدا بەرجەستە بکاتەوە. لە شیعردا ڕۆح دەتوانێ خۆی بنوێنێتەوە. شیعر، نە پێویستی بە کەرەسەیەکی بەرهەست و عەینی هەیە، نە پێویستیشی بە دیاردەی سروشتیی و ئامرازە درووستکراوەکانی مرۆڤ هەیە. بۆیە لە شیعردا ئیدی نیشانەیەک لە مادە، ڕەنگ، جووڵە و هتد نامێنێ. شیعر بۆ دەرخستنی هەست و سۆز و دەربڕینی ویستەکانی دڵ، تەنیا پێویستی بە وشەکان و جەختکردنەوە و دەربڕینی دەلال هەیە. نەسر زیاتر سەرقاڵی بابەتی دەرهەست و گشتییە، کەچی شیعر سەرنجی بابەتی پاژەکی و بەرهەست دەدات، تێدەکۆشێ ئەم بابەتانە گوێڕایەڵی ئاگامەندی بکات.
(موجتەهێدی، 1376: 129 تا 131)
🤝لێرەین ↙️
🆔@parantez_net
➖➖➖➖➖➖➖
درێژەی لە... 👇