🔳 فەلسەفەی هونەری هێگل بە زوانی سادە (1)
✍#کەیهان_عەزیزی
دەزانن ئاسەوارە هونەریەکان لەبەر ئەوەی بەرهەمی خەیاڵکردن هیچ زانستێک ناتوانێ پێناسەیان بکات، واتە بەرهەمی هونەری بەرناسی هیچ زانستێک نییە و هیچ زانستێک لەسەر بەرهەمێکی هونەری بڕیار نادات. بۆیە یەکەم پرسیار لە باسی هونەردا لە فەلسەفەی هێگل ئەوەیە ئایا ناسینی درووست و جێگای متمانە لە بواری هونەردا ئیمکانی هەیە؟ ئایا لە بەرهەمە هونەریەکان دەتوانین هەقێقەت ببینینەوە؟ ئایا شیکاری و لێکۆڵینەوە لە پێناوی هونەر شتێکی شیاوە؟ جوابی هێگل لەم بارەوە پۆزەتیڤە، ئەو پێی وایە ناسینی ڕاستەقینە لە هونەر و لە بەرهەمە هونەریەکاندا شتێکی گونجاوە و دەکرێ. ئەم وڵامە و ئەم ڕوانگە دیارە پەیوەندی بە کۆی فەلسەفەکەی هێگلەوە هەیە؛ چون ئەو سیستمێکی فەلسەفیی سەرجەمگیری هەیە، هەموو شتێ لەسێبەری ئەو سیستمە فەلسەفییەدا شی دەکاتەوە.
سیستمی فەلسەفی هێگل لەسەر بنەمای بوونی ئاگامەندی و بەرجەستەبوونی ئەو ئاگامەندییە دادەمەزرێت. بە پێی فەلسەفەی هێگل ئاگامەندی (ڕۆح) بوونێکی ڕەهای هەیە، ئەو خۆی دەردەخات، خۆ دەرخستنەکەی ئاگامەندی دەبێت بە جیهان و بە مێژوو. جیهان، نوێنەرایەتی سروشت و مێژووش نوێنەرایەتی چالاکییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵ دەکات.
(محەمەد کەمال، 2017: 65) ئاگامەندی کاتێک خۆی دەردەخات پرۆسەیەکی سێکوچکەیی واتە تێز و ئانتیتز و سەنتێز دێنێتە ئاراوە. ئاگامەندی پاش ئەوەی خۆی دەرخست ئەویدییەک لە شێوەی سروشت بۆ خۆی دروست دەکات، دیارە سروشت لە ئاگامەندی جیا دەبێتەوە، بەڵام وەک ئەو ڕەها نییە، بۆیە دەبێتە دژەتێز. پاشان ئاگامەندی تێدەگات سروشت لە ئەو دوور کەوتوەتەوە و تووشی "نامۆبوون" هاتووە، بۆیە ئاگامەندی تێ دەکۆشێ جارێکی تر دەست بەسەر سروشتدا بگرێتەوە و کۆتایی بە نامۆ بوونەکە بهێنێت. ئینجا ئاگامەندی تێزە، سروشت دژەتێزە، تێهەڵکێشراوی (سەنتز) ئەم دوانە ژیان یا مێژووی لێ دەکەوێتەوە. کەوابوو سروشت، مێژوو، بیرۆکە، شارەستانیەت و ئەدەب و هونەر، [هەموویان] بەشێکن لە ڕۆحی ڕەها کە لە واقیعدا و لە دەرەوەی ئاگامەندیدا نوێنەرایەتی ئەو دەکەن.
(محەمەد کەمال، 2017: 66) کەوابوو هونەریش دەبێتە بەستێنێک ئاگامەندی دەتوانێت خۆی لەناویدا دەربخات و خۆی بەرجەستە بکاتەوە. بۆیە ناوەڕۆکی (ماهیت) هونەر شتێکی جیاواز لە ڕۆحی ڕەها نییە. بەڵکوو شوێنی خۆدەرخستنی ڕۆحی ڕەهایە.
بەرهەمە هونەریەکان لە هەر چەشنێک هەبن لە لایەکەوە دەرکەوتنی ڕۆحی ڕەهان لە چوارچێوەی مادە، لە لایەکی تریشەوە خۆ دەربازکردنی ڕۆحە لە دەستی مادە. کەوابوو هونەر، شوێنی نواندنەوەی ناسازگاری و بەرامبەریەتی ڕۆح و قاڵبە. هەروەها شوێنی پەیوەندی گرتنی ئەم دوانەشە، لە شوێنێک ئەگەر ڕۆح بتوانێ بەسەر ماتەریاڵدا زاڵ ببێت بەرهەمی هونەری دەسڕێتەوە. واتە کاتێک هونەرێک دەگاتە پلەی کامڵبوون کەسایەتی خۆی لە دەست دەدات و بە تەواوی دەبێتە شتێکی نامادی و نابەرهەست و لە قاڵب دادەبڕێت. "مەبەست لەو وتانەی سەرەوە ئەوەیە لە بەرهەمی هونەری ڕۆح یان ئاگامەندی ناچارە لە قاڵبێکی مادی دەرکەوێت، بەڵام مادە بەربەستە هەتا ئاگامەندی یا ڕۆح بتوانێت بە تەواوی خۆی بەرجەستە بکاتەوە. لە لایەکی ترەوە ئەگەر ڕۆح بەسەر مادە زاڵ ببێت ئەوا قاڵبی بەرهەمی هونەری دەسڕدرێتەوە.
(کەریم موجتەهدی، 1376: 123) بۆیە بەرهەمی هونەری شوێنی ململانێ و پێکدادانی مادە و ڕۆحە. لە لایەکەوە ڕۆح بۆ بەرهەمی هونەری پێویستی بە مادەیە، لەلایەکی ترەوە مادە بەربەستە و ناهێڵێت ڕۆح ئازادانە دەرکەوێت. بەمبۆنەوە لە هەر قۆناخێکی مێژوویی ڕۆح و مادە چۆن بکەونە بەرامبەر یەکترەوە هونەریش لەو سەردەمەدا دەکەوێتە ژێر کاریگەری و تایبەتمەندی ململانێی ڕۆح و مادەوە. "کەوابوو کاتێک ئێمە لە بەرامبەریی بەرهەمێکی هونەری قەرار دەگرین، لە ڕاستیدا لە بەرامبەر ئاستێکی دەرکەوتنی ئاگامەندیدا ڕاوەستاوین کە لە کاتێکی تایبەت و دیاریکراودا لە دنیای دەرەوە بەرجەستە بووەتەوە."
(موجتەهدی، 1376: 124)
🤝 لێرەین ↙️
🆔 @parantez_net
➖➖➖➖➖➖➖
درێژەی لە... 👇