View in Telegram
🔳 بەشێک لە وتاری ویژدانی نەتەوەیی و هەست بە تاوان #کەیهان_عەزیزی نەتەوەیەکی داگیرکراو، ئەگەر لە داگیرکراوبوونی وەڕەز نەبێت و نەکۆشێت بەرەو خۆیەتی خۆی بگەڕێتەوە و لە هێژمۆنی ئەویدی خۆی قوتار بکات، هەرگیز ناتوانێ داهێنەرانە بوونی خۆی دابهێنێت و بە ئازادی بگات. نەتەوەیەک داگیرکراوبوونی فەرامۆش بکات و هێزی داهێنان بدۆڕێنێت، ناتوانێ ئیدعای "هەبوون" بکات. بەبێ هەبوون داهێنان مومکێن نییە، بۆیە پێویستە سەرەتا هەبوونێک هەبێت هەتا بتوانیت دابهێنیت. چون بوون بنەڕەتی هەموو شتێکە، هەموو شتێک لەسەر بوون ڕادەوەستێ، بوون، مانابەخشی هەموو دیاردەکانە. ئەگەر بوونت نەبوو یا بوونت داگیر کرا، ئیتر هیچ جوڵەیەکت ناکەوێتە خزمەتی بوونی خۆتەوە. دیارە مێژوو، ئەدەبیات، هونەر و وڵاتیشت نابێ. کورد وەک نەتەوەیەک لە هونەر و ئەدەبیات و زانست و تەنانەت لە هەر کایەیەکدا هەرچی دەکات بۆ ئەویترە، لە خزمەت بوونی خۆیدا نییە. تەنانەت جاران سەرکەوتنەکانی کوردێک لەچاو خەڵکانێکەوە چوون لە چوارچێوەی هەبوونی کورد نین بە سەرشۆڕی شرۆڤە دەکرێن. هایدیگێر لە تەفسیری شیعرێکی هۆدرێرلین کێشەی بێوڵاتی یان دوورە وڵاتی بە مانای پارچە خاکێکی دیاریکراو نازانێ، بەڵکوو دەڵێ: "بێوڵاتی فەرامۆشکردنی بوونە" (محەمەد کەمال،1401: 156) تۆ بوونت نەبوو خاوەنی هیچ شتێ تەنانەت خاکیش نیت. نەتەوەیەک ئەو کاتەی بێوڵاتە بوونی لە لایان ئەویترەوە داگیر کرابێت، یان خۆی نەناسێ و هێزی داهێنانی دۆڕاندبێت. چون بەبێ داهێنان، ئیدعای مێژووش ئەفسانەیە. بۆیە ناسینی "هەبوون" دەتوانێ ئێمە بۆ بوونی نەتەوایەتیمان بگەڕێنێتەوە. ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ وڵات، گەڕانەوەیە بۆ ناو جەرگەی مێژوو. ئێمەی کورد هەتا ئێستەش هەڵەیەکی گەورە دەکەین. بەرلەوەی بوون و کوردبوونمان، بسەلمێنێن و "هەنایەتیمان" * بۆ خۆمان و بۆ ئەویدی ڕوون کردبێتەوە لەسەر "ناوەڕۆک" مشتومڕمانە. واتە لە نێوان کێشەی کۆنی ناوەڕۆک (ماهیت) و بوون (وجود)، بەبێ ئەوەی بیرمان لێ کردبێتەوە ناوەڕۆک و چییەتیمان خستوەتە پێشەوە. کەچی ڕوونمان نەکردوەتەوە ئەم ناوەڕۆکە بۆچی دەگەڕێتەوە و لەسەر چی ڕاوەستاوە؟ کاتێ تەنیا باسی ناوەڕۆکی کورد بکەین ئەوەی فەرامۆش دەکرێت "بوونی کورد"ە، بوون کراوە بە هیچ. وەک ئەفلاتوون کە دەڵێ بوون لێرە نییە و لە شوێنێکی ترە، ئەوەی ئاوری لێ دەداتەوە ناوەڕۆکە و ئەمیش بە ڕاستەقینە نازانێ و دەڵێ سێبەرە. ئەمە وەک ئەوە وایە بەرلەوەی باسی بوونی درەخت بکەین و بوون بە بنەڕەت دابنێین، هاتووین بوونی درەختمان لەبیر کردوە و لەسەر ناوەڕۆکی درەخت یان چییەتی درەخت مشتومڕمانە. کەچی ئەگەر درختێک بوو ئەوا خسڵەتەکانی درختیش هەن. بە جارانیش ناوەڕۆکی ئەوان و ئێمە تێکەڵک کراون. ئەوەی نەبینراوە بوونی ئێمە بووە، یان بوونی ئەوان هەبوونی ئێمەی داپۆشیوە. ئێمە، ناچار لە ئاست هاوبەشیەکانی خۆمان و ئەواندا، سازشمان کردووە. وردە وردە لە ڕێی ئەم سازشەوە ئەوان ئێمەیان داگیر کردوە و بوونی ئێمەیان سڕیوەتەوە. دواجار ئێمە بووینەتە ئەوان. ئەگەریش لە ئاست ئەوان ناڕەزایەتی دەرببڕین بە چەندین ناتۆرەی سەمەرە تاوانبار دەبین. ئەمەش لەبەر ئەوەیە ڕەسەنایەتی دەراوەتە ناوەڕۆک و بوون کراوەتە لاوەکی. کەچی کاتێ بوونێک هەبێت ناوەڕۆکیش خۆی دەردەخات، چون چییەتی لەسەر بوون ڕادەوەستێ. تەنیا بەم جیاوازیەوە کە دازاین ناوەڕۆکی کاتییە و لە زەمەندا بە پێی ژیانێکی ڕەسەن و "هونەرمەندانە" خۆی دەردەخات و لە یەک ئاستدا نامێنێتەوە. بەگشتی "کات، شوێنی کردەوەی مرۆڤە." ئەگەر تۆ گشتیەتێک یان هەبوونێک وێنا نەکەی ئەی چییەتیت لەسەر چی خۆی ڕادەگرێ؟ بە زمانێکی ئاسانتر کاتێ یەکگرتوویەک نەبێ جیاوازیەکان یەکتر ناناسنەوە و هاوبەشییەک وێنا ناکەن. دەکرێ بپرسین بەڕاستی ئەگەر گشتیەتێک نەبێ جیاوازیەکان بۆ چی و بۆ کام نیاز یەکتر بناسنەوە؟ ئایا ئەگەر گشتییەتێک نەبێ پێویست بە ناسینەوە دەکات؟ بۆیە هەتا کاتێک کورد، هەبوون و یەکگرتوویی و گشتییەتێک وێنا نەکات ناتوانێ خۆی بناسێتەوە. بەڵکوو دواجار لە گێرە و کێشەی جیاوازیەکان ئەوەی ون دەبێ و ناناسرێتەوە بوونیەتی وەک نەتەوە، بوونیەتی وەک کورد. ـــــــــــــــــــــــــــــــــ * "هەن" به واتای هەبوون، شتێ کە هەیە. 🤝لێرەین 👇 🆔 @perantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾
Telegram Center
Telegram Center
Channel