یاد و نام عزیز کاک فواد و طهمورث اکبری همواره جاودان خواهد ماند.
۹ شهریور ۱۳٥٨ در منطقە سرشیو سقز تا آخرین نفس قهرمانانە جنگیدن و جانباختند.
- تۆ هەبای، لە کۆمەڵەدا (قۆناخ) مانای نەدەبوو، لە هزردا (نەتەوەییبوون) و لە کرداردا (چالاکبوون) ون نەدەبوو.
- تۆ هەبای، وەکچۆن دژی برەودانەوە بە کەلتووری خێڵەکیی و رێکخستنی دەرەبەگ و هزر و کرداری کۆنسەرفاتیڤی فیۆدالیی لایەنی دیکە وەستایتەوە؛ لە کۆمەڵەدا (ئاغاوات) بنجی دانەدەکوتا و دەمڕاستیی نەدەکرد.
- تۆ هەبای، ئێران نەیدەتوانی کەلتوورسازیی بکات و ملهوڕانە لێبخوڕێت. نەیدەتوانی ئێرانیسم و گوتاری ئێرانیی بخزێنێتە ناو کۆمەڵە.
- دوای تۆ، نەک هەر جووتیار و کرێکار، بەڵکو مامۆستا و پیشەساز و بگرە بۆرژوای نەتەوەیی و پێشکەوتنخوازی کورد کۆستیان کەوت و هەستی بێکەسیی دایگرتن.
- دوای تۆ، نەک هەر ئەڵمانە و مەریوان، بەڵکو سنە و سەقز و بانە و موکریان و سەروو و خوارووی رۆژهەڵاتی نیشتمان و بگرە گشت کوردستان چارەنووسیان لێڵ و خەم دایگرتن.
- تۆ (چەپ) بوویت، بەڵام پڕ لە هێما و ئاماژە و مشووری (نەتەوەیی) بوویت. چەپی نەتەوەیی ئەو دەستەواژەیە کە پڕبەپێستی پێناسەی تۆ و خەسڵەتی تۆیە.
- تۆ (گیرسان)ی پێکەوەی چەپ و نەتەوە بوویت. ئاوێتەبوونی چەپ و نەتەوە لە تۆدا، لەمپەری سەرەکیی بەردەم هەم پاشڤەڕۆیی و هەم سەرمایەداریی و هەمیش (کۆلۆنیالیزم)ی ئێرانیی بوو. (ئێران زۆڵە، لە بڕبڕەی پشت دەدات.)
- تۆ نە وشک و دۆگم و نە کەوچکی لە ئاگر گەرمتر بووی. تۆ لێهاتوو و داهێنەر و تۆ پیاوی مەیدان بوویت.
- تۆ گوتار و پراکتیکت هاوتەریب بوو.
- تۆ وەکچۆن نوێنەک(الگو)ی تێکپەڕینی چەپ و نەتەوەییبوونیت، نوێنەکی یەکانگیریی نافەرمانی و خەباتی مەدەنی لەگەڵ خەباتی چەکداریت. تۆ نەک هەر رێکخەری کۆچی مێژوویی شاری مەریوان و دامەزرێنەری شۆڕای شار و گوند و کۆڵانەکان و رێکخراوەیلی مەدەنی بوویت، بەڵکو دامەزرێنەری یەکیەتیی جوتیاران و یەکەم دەستەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەش بووی.
- تۆ ئەو پیاوە هێمن و هێمنیخوازە بوویت کە لە پێویستییەکانی توندوتیژیی -بە پێی پێویست- ئاگادار بوویت.
- گومانم نییە تۆ رزگاریخواز بوویت، رزگاریخواز بە هەر دوو دیو و مانا چەپ و نەتەوەییەکەی. تۆ یەکخەر و پەرچدەرەوەی هەر دوو دیو و ماناکەی رزگاریی بوویت.
- دڵنیام ئەم وتەیە هی تۆیە؛ "سۆسیالیزم بە کوردایەتییەوە خۆشە".
- کێ نازانێ تۆ لە سی ساڵیدا و لە سەنگەری خۆڕاگریدا گیانت بەخت کرد و دوای گەشمردەبوونت، بێجگە لە جلی خوێناویی، تەنیا پێنج تمەنت لە پاش بەجێما!
- کێ دەتوانێ تۆ و بنەماڵەکەتان بە نموونەی پێشەنگیی و شۆڕشگێڕیی، رەنجدەریی و لەخۆبوردوویی و فیداییبوون نەزانێت!
- کێ دەتوانێ تۆ و بنەماڵەکەت بە کۆی ناوەڕۆکی داستانە قارەمانانە و تراژیکەکەیەوە، بە لاپەڕەی زێڕین و خاڵی بەترووسکەی مێژوومان نەزانێت!
- با کورد هەر بمێنێت و وەک مێژوومان دەڵێ؛ (سەرهەڵدەدەینەوە و ناتوێینەوە و ناتوێینەوە)، بەڵام نەمانت زەبرێکی قورس بوو بۆ کوردستان و کوشندە بۆ کۆمەڵە.
- با مرۆڤیش وەک تاک بە چەشنی کۆمەڵ یان رێکخراو لە کۆخەسڵەت و کۆمەڵە ئایدیایەک پێکهاتبێ، با تاکیش هەڵگری هەڵە و شیاوی رەخنە لە هێندێک ئایدیای نەرێنی یان کارێک و دووانی بەکەموکووڕیی بێت، بەڵام هیچ تێبینیی و رەخنەیەک لە گەورەیی و لە گیانفیداییت کەم ناکاتەوە.
(من رەنگە نەتوانم نەک هەر هەست بە ئازارەکانت بکەم بەڵکو تەنانەت وێنای ئازارەکانی دایە بەهیە و دادە مەلەکە و کەسوکار و هاواڵانیشت بکەم، ئاخر تۆ خۆت خوێنی رژاو بوویت و ئەوانیش ئازارچەشتووە راستەوخۆکەی ناو جەرگەی بەسەرهاتە تراژیک و خوێنلێتکاوەکەتان... من ناتوانم لە ئاست وێناکردنی خەون و قارەمانێتیی و ئازار و گەشمردەبوونی تۆدا بم، بەڵام لەم نیوەشەوی ٩ی خەرمانانەی ٤٥ساڵ پاش گەشمردەبوونەتدا و لە یادی تۆ و تاڵەسوار و دایە بەهیەدا، خەمبارم و بەو بستام و سەرشیوەی سەقز؛ دڵم پڕە.)
شاهۆ مەلەکی
@Komala1