📘کتێبی "زەبیحی ڕووناکبیرێکی گۆڕغەریب"
▫️کتێبی "زەبیحی ڕووناکبیرێکی گۆڕغەریب" کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەیەکی وردە لە سەر ژیان، تێکۆشان و بەرهەمەکانی مامۆستا
#زەبیحی کە لە لایەن
#فەرەیدون_حەکیمزادەوە کاری بۆ کراوە. حەکیمزادە حەول و بەدواداچوونی چەندین ساڵەی خۆی لە هەمبەر عەبدولڕەحمان زەبیحی، لەو کتێبەدا گەیاندووەتە سەرئەنجام و پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە.
▫️ئەم کتێبه لەخۆگری هەشت بەشە کە لەو هەشت بەشەدا وتارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئەدەبی، زانستی، فەرهەنگی و زمانەوانییەکانی زەبیحی جێی گرتووه، هەروەها لە بەشەکانی تر وتووێژەکان، بەڵگەنامەکان و ڕاوبۆچوونی هەندێک لە کەسایەتییەکانی کورد سەبارەت بە زەبیحی هاتوونەتەوە، ئەو کتێبە هەنگاوێکە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایییەکانی نەناساندن و پەراوێزخستنی کەسایەتی هەڵکەوتە و تێکۆشەری کورد؛ عەبدولڕەحمان زەبیحی.
▫️نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێیت: عەبدولڕەحمان زەبیحی یەکێک لە کەسە چالاکەکانی سەدەی بیستەمی زایینییە کە توانی لە بواری ڕۆژنامەگەری و نووسین شوێنێکی ئەوتۆی هەبێ.
#زەبیحی سەرۆکی ڕۆژنامەگەری کوردی لەو ساڵانەدا بوو، گۆڤاری
#نیشتمانی ژمارە ١ی تا ژمارە ٧ و٨و٩ی [کە بە یەکەوە بوون] لە ناوخۆی وڵاتدا چاپ کردووە. سەرەڕای ئەوە زەبیحی لە ڕۆژنامەی
#کوردستان (مەهاباد ساڵی١٣٢٤هـ/١٩٤٦ز) وگۆڤاری
#نیشتمان (مەهاباد ساڵی١٣٢٢هـ/١٩٤٣ز) و دوای پەڕیوەبوونی بۆ گەرمێن لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی باشوور وەک: هاوکاری، ڕۆشنبیری نوێ، چریکەی کوردستان (بە نێوی برزوو)، خەبات (بە نێوی زانا)، ڕزگاری (مامۆستا عیسا)، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا نووسینی هەبووە. بە وتەی خوالێخۆشبوو
#نەوشیروان_مستەفا، گۆڤاری باهۆزی بە زمانی عەڕەبی و پێشڕەو(ی) بە زمانی کوردی لە بەغدا دەرکردووە.
▫️دەبوو زەبیحی و ئیشەکانی لە ماوەی ساڵانی ١٣٢٠ تا ١٣٥٩ی هەتاوی دووپاتە و چەندپاتە خوێندنەوەیەکی بۆ بکرێتەوە. بۆ ئەو کارە هاتوچۆ و گەڕان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ناوخۆ و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانی گەرەک بوو کە ئەز بە هاوکاری هاوڕێیانم، توانیم نزیکەی زۆربەی وتار و نووسراوەکانی وەدەست بێنم. شارەکانی مەهاباد، سلێمانی، هەولێر، تاران، سنە، قەڵادزێ و ڕانیەی گەڕام و زۆر بابەتم هێناوە. زانستگای هەولێر و سلێمانی گەڕام و ڕۆژنامەی «خەبات»، «هاوکاری»م لەوێ دەست کەوت.
▫️لێرەدا دەمهەوێ بڵێم کاتی خۆی کاک
#عەلی_کەریمی (خوشکەزای مامۆستا
#عولەما) لە ساڵی (٢٠٠٥ز)دا کتێبێکی لە سەر ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمانی زەبیحی نووسی بوو و ئەزیش وەک سەرچاوە کەڵکم لێ وەرگرت. وتارەکانی مامۆستا زەبیحی کە کاتی خۆی لە گۆڤاری
#نیشتمان چاپی کردوون و عەلی کەریمی لە کتێبی نیشتمان چاپی کردوون، خۆم لێ نەداون. تێکۆشاوم تا بۆم دەلوێ لە دووپاتە خۆم ببوێرم، بۆی هەیە لە چەند جێگەدا لە دەستم دەرچووبێ و دووپاتەکاری کرابێتەوە، ئەویش مەبەستێکی تێدا بووە. لە کتێبی ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمانی زەبیحی چەندین وتاری مامۆستا نەهاتبوون.
▫️وەنەبێ گەلی کورد کەسایەتی هەڵکەوتە و زانای خاوەن بیر و ئەندیشەی لە چەشنی زۆربەی گەلانی تر نەبووبێ و نییەتی، بەڵکوو بە دەیان و سەدان لەو کەسایەتییانە هەبوون که لە تەموتومانی زەمەنی نالەباردا، یان ون بوون و سەرگوریشتە و چارەنووسیان نەخراوەتە بەرچاو، یاخود کەمتر ئاوڕیان لێدراوەتەوە. عەبدولڕەحمان زەبیحی یەکێک لەو کەسایەتییە ناودارانەی کوردە کە تاکوو ئێستا بە کەمی ئاوڕ لە ژیان و تێکۆشان و بەرهەمەکانی دراوەتەوە. زەبیحی لە ساڵی ۱۹۲۰ ز، لە شاری مەهاباد لە دایک بووه، لە تەمەنی لاوییەتیدا کۆمەڵەی ژێکاف لە سەر دەستی ئەو و چەندین کەسایەتی تر دادەمەزرێت، زەبیحی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ڕووداوە گرینگەکانی ناوچە و کوردستاندا هەبووە و لە کاتی پەڕیوەبوونی بۆ باشوور سەرەڕای گرینگیدان بە زمان و کلتوور، درێژە بە چالاکییەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆی دەدا و هتد.»
▫️#فەرەیدون_حەکیمزاده ساڵی ۱۳۴۷ی ههتاوی لە شاری سەردەشت لە دایک بووه، له ساڵی ۱۳۷۸ی ههتاوی بهکالۆریۆسی زانستی پهروەردەیی وەرگرتووە. حەکیمزاده لە ساڵی ۱۳۷۰ی ههتاوییەوە دەستی کردووە بە چالاکی فەرهەنگی و نووسین، و دەیان وتاری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کراوەتەوە.