(لەدایکبووی ١٩٢٧ - مردووی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٠)، ماڵی باپیری لە قەڵاچۆلانەوە ھاتوونەتە سلێمانی، ساڵی ١٩٢٧ لە گەڕەکی گۆیژەی ئەو شارە لەدایکبووە.
دیلانی شاعیر لە تەمەنێکی زووی لاوێتیدا ئارەزووی نووسینی شیعر و مەقام بێژی لا دروست بووە. لە ساڵی ١٩٤٩ دەستی کردووە بەشیعر نووسین تا ڕۆژی کۆچی دوایی لەگەڵ شیعردا ژیاوە. لە تەمەنی بیست و یەک ساڵیدا شیعری بڵاوکردووەتەوە و جێدەستی خۆی لە ئەدەبیاتی کوردیدا بەجێھێشتووە. لە دوای گۆرانی شاعیر بەسەرتۆپی نەوەیەکی نوێی شیعری کوردی لەقەڵەم دەدرێت. دیلانی شاعیر ھەر لە لاوێتییەوە خۆی و بەرھەمە ئەدەبییەکانی تەرخانکرد بۆ خزمەتکردنی کێشەی گەلەکەی و دژایەتیکردنی کۆنەپەرستان و بەکرێگیراوان. لە ساڵی ١٩٤٨ تا ١٩٦٦ نۆ جار زیندانی کراوە و گەلێک جاریش دوورخراوەتەوە و تووشی ئازار و ئەشکەنجەدان و نانبڕین بووە.
دیلان جگە لەوەی کە شاعیرێکی گەورەو تێکۆشەرێکی خاوەن ھەڵوێست بوو، دەنگخۆشێکی کەموێنەو ئاوازدانەرێکی دەگمەنیش بوو، کە ھەمیشە جۆش و خرۆشێکی بێ وینەی لای گوێگرانی دروست دەکرد و شیعرەکانی پی زیندووە دەکردەوە. گۆرانیی و مقامە بەسۆزەکانی دیلان کە شیعری زوربەیان نووسینی خۆیەتی و تا ئێستاش ھەر زیندوون و لە زۆربەی زۆری بۆنە نەتەوایەکاندا بەر گوێ دەکەون. ھەندێک لە دیارترین کارەکانی دیلان-ی شاعیر و ھونەرمەند بریتین لە (مامە کوڕنوو)، (ئەی نازەنین)، (سوبح پێ ناکەنێ) و چەندینی تریش لە بەرھەمی ناوازە و کەم وێنە.
شاعیری نوێکاری کورد و مەقامزانی محەممەد ساڵح دیلان لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٠دا و لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە وێژە و لە ھونەر و کورد و کوردستان کرد و ناو و خزمەتگوزاریی بۆ میللەتەکەی تا ھەتایە بەنەمریی مانەوە.
🆔 https://t.center/kawe_alphabet