🎥 هەنگەوێ بە ریوایەتی کامێڕا#بەشی_دووهەمهەموو چرکەکانی مێژوو پڕن لە بیرەوەری خۆش و ناخۆش. هەر بەشێک لە ژینگەی مرۆڤەکان کۆمەڵێک بیرەوەری تێدا تۆمارکراوە کە هەرگیز تۆزی فەرامۆشیان بە سەرناکشێ. سی ساڵ بەر لە ئێستا رێوڕەسمی ئیجازەنامە لە مزگەوتی گوندی هەنگەوێ بەڕێوە چوو. بە بەشداری کۆمەڵێک میوان و لە سەرخوانی خەڵکی ئاوایی، کۆڕێکی بەشکۆ و پڕ لە سێحری جوانی سادە و ساکاری خەڵکی بەشدار بوو. چاوی روونی کامێرا بازبازێنی دەکرد بەسەر قەڵافەتی بەشداربووان، بەداخەوە سیمای گەلێک کەڵەپیاوانم دین کە ئێستا لە ناومان نەماون و تەنانەت بیرەوەریەکانیشیان کاڵ بوونەتەوە، رەنگە هێندێک لە قابێکی تەم گرتوودا بە ملی بزمارێکی ژەنگ گرتوو لە گۆشەی ژورێکدا هەڵواسراون و بە نیگایەکی ئەفسووناوی لە هەڵسوکەوتی وەچەی خۆیان دەڕوانن. فۆکسی کامێرا لەسەر وتار و سروودی مامۆستایان لەم کۆرەدا وێنایەکی لەم گوندە کردووە ، گەلێک سرنج راکێشە، ساکاری بینای مزگەوت و پێکهاتەی گوند دیمەنێکی دڵڕفێنی بە فیلمەکە بەخشیوە. لاپەڕەیەکی سی ساڵ لەمەوەبەرت بە نیشان دەدا، فرمێسکی حەسڕەت بە تەلانی گۆناتدا هەڵدەڕژێنی، ئاخۆ ئەم کلتوورە جوانە چۆنە لەناوماندا کاڵ بۆوە، بزری جیهانێکی مۆدێڕن بووین و خۆن لە خۆن بێگانە بووین.
جێگای ئاماژەیە ئەم ئیجازەنامەیە لە سەر ئیزنی زانای ئایینی مامۆستا مەلاحەسەن محەممەدی ناسراو بە " مەلاحەسەنی کەوپەڕێ " لە ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوێ لە مزگەوتی گوندی هەنگەوێ دەرکراوە
✅پیرانشار ڕووداو
🆔:
@piranshahrrudaw