Смотреть в Telegram
چاپەمەنیی مانگ
Photo
"گرەوی بەختی هەڵاڵە" بەناوبانگترین ڕۆمانی عەتا نەهایی، نووسەری ڕۆژهەڵاتییە. ڕۆمانەکە جگە لەوەی کە خۆی بەسەرهاتی سەرنجڕاکێشی کچێک بە ناوی "هەڵاڵە"یە لە ناخی خۆیدا هەڵگری زۆریەک لە داڵغەکانی نووسەر و کۆمەڵگاکەیەتی. مەسەلەی سەرەکیی ئەو ڕۆمانە بەختی شکەستخواردووی هەڵاڵەیە، کچێک کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاخان و لە هەندەران ئەو جۆرە ژیانە ناژی کە خۆی پێی خۆشە و هەر جارەو کەسانێک پێش بە بەدیهاتنی خەونەکانی دەگرن. ڕۆمان ڕاوێژی شەڕی نێوان حکوومەت و شۆڕشگێڕەکان لە شەستەکان و ژیانی هەڵوەشاوی خەڵک بەبۆنەی ئەو مەسەلەیە و ژیانی شۆڕشگێڕەکان دوای بەجێهێشتنی شارەکان و بڵاوبوونەوە بە سەر شاخەکاندا و دواجار پەرتەوازەبوون بۆ هەندەرانە. عەتا نەهایی لە شێوازی "بازی زەمان" کەڵک وەردەگرێ یانی دەمێک ئێستا باس دەکات و دەمێک ڕابردوو دەگێڕێتەوە. داڵغە و نیگەرانییەکانی نووسەر گەرچی نەک بە زەقی بەڵام بە وردەکارییەکی کەموێنە لە ناو ڕۆمانەکەدا ڕەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە: پیاوسالاری، ژن بەسەرهێنان، ترس لە بوونی پەیوەندیی خۆشەویستانەی کچەکان لەگەڵ کوڕەکان، حەرام و تابۆ و ناشایست‌بوونی دەرخستنی خۆشەویستی لە لایەن کچەکان، سەرکوتی هەستی خۆشەویستی لە لایەن کچەکان، ڕەگەزی دووهەم‌بوونی ژنان، مەسەلەی شوناس (چ شوناسی نەتەوەیی چ شوناسی ڕەگەزی و چ شوناسی تاکی)، سەرلێشێواوبوونی تاکی کورد لە هەندەران و قبووڵ‌نەکردنی جیاوازییەکان و خواستی بابەکان لە سەر ئەوەوەی کە منداڵان دەبێ شوێن‌پێی بابەکان بکەون، دیتنی ژن وەک شەرەف و نامووس و ماڵ و موڵکی پیاو نەک تاکێکی سەربەخۆ و ملکەچی و بێ‌دەسەڵاتیی ژن یان خواستی ئەو مەسەلەیە لە لایەن پیاوەکان تەنانەت لە هەندەرانیش، بێ‌متمانەیی بە هەرجۆرە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و سەرکەوتنی ژنان و هتد. عەتا نەهایی باس لەوە دەکات کە بیرۆکە و ئاکارە وەدواکەوتووەکانی کۆمەڵگا تەنانەت لە گرووپە شۆرشگێڕەکان و لە کۆچەرەکانیشدا لەناو ناچێ و بە شێوازی جۆراوجۆر سەر هەڵدەداتەوە، هێزێکی هێندە چڕی هەیە کە تەنانەت ژنێکی بوێری وەک" هەڵاڵە"ش ناتوانێت تا سەر لە بەرامبەریاندا ڕاوەستێت. @MangPub
Telegram Center
Telegram Center
Канал