بە یادی پێشمەرگەی فیداکار و شۆڕشگێڕی کۆمەڵە «ئەبوبەکر ئێسپەندی» ئازیز
کاک ئەبوبەکر ئێسپەندی لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشی دێی «دووئاو» لە ناوچەی «نەغەدە» لە دایک بوو. ژیانی هەر لە سەرەتای منداڵییەوە تێکەڵ بە کار و ڕەنج و کوێرەوەری بوو. هێشتا تەمەنی منداڵی تێپەڕ نەکردبوو کە لەگەڵ زۆر ئەرک و سەختییەک ئاشنا بوو. ماوەیەک چوو بۆ کورەخانەکان بۆ کار و لەگەڵ ڕەنج و مەینەت و مافخوراوی کرێکاران ئاشنا بوو.
هاوڕێ ئەبوبەکر دەرد و ڕەنجی کرێکاران و زەحمەکێشانی لە نزیکەوە و بەکردەیی دەدیت و تێگەییشت کە کرێکاران هەموو شتێک لە ناو وڵات بەرهەم دەهێنن، بەڵام بۆخۆیان بێ بەشن. خشت ئەوان دەیبێژن، بەڵام خۆیان بێ ماڵن. کارخانەکان ئەوان دەیگەڕێنن، بەڵام خۆیان بێ بەشن. هەروەها ئەوەی دەدیت کە خەڵکی کوردستان گەلێک مافی لێ زەوت کراوە، ئەوەش سەرباری هەموو دەردانە. بۆ بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕا کە دژی ئەم زوڵم و بێدادییە هەڵگەڕێتەوە تێگەیشتبوو کە خەڵکی زەحمەتکێش و بندەست تەنیا بە تێکۆشان و خەباتی یەکگتروو دەتوانن بەر بە زاڵم بگرن و مافیان وەستێنن و بە ئامانجی خۆیان بگەن.
پێش شۆرشی ساڵی ۱۳٥۷، هاوڕێ ئەبوبەکر لە گەڵ کۆمەڵە ئاشنا بوو. لە ئامانجی کۆمەڵە تێگەییشت و زانی کە ڕێگای خۆی دۆزیوەتەوە. لە کاتێکدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هێرشی دڕندانەی بۆ سەر کوردستان دەست پێ کرد، کاک ئەبوبەکر زانی کە کاتی شۆڕش و وەستانەوە و فیداکارییە. گوندەکەی ماڵی هاوڕێ ئەبوبەکر واته "دووئاو" لەلایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی بێجگه لە چەند ماڵێک، سەراپای سووتێندرا. لە کاتی پێشمەرگایەتیدا بەڕاستی نموونەیەک بوو لە فیداکاری و دلێرایەتی. کام کار و ئەرک دژوار بوو ئەو دەیگرتە ئستۆ و ئەنجامی دەدا. هیچی بۆ خۆی نەدەویست و هەرچی هەبوو لە ڕیگای شۆرش بۆ ئازادی و عەداڵەتدا بەختی کرد.
بەداخەوە هاوڕێی خۆشەویست و پێشمەرگەی وشیاری کۆمەڵە، ڕۆژی ٨ی ڕەشەمەی ١٣٥٨ لە «شنۆ» بە هۆی نەخۆشییەوە گیانی ئازیزی بەخت کرد.
* وێنەکە کاک سۆڵتان خوسرەوەی هێژا ناردوویەتی
ئەگەر زانیاری زیاترتان بوو، بۆم بنێرن زیادی دەکەین.
@Komala1