«لە ماڵەکەی نزار قەببانیدا»ماڵێک لە شیعر.. ماڵی پیاوە دیمەشقییەکە
هەر لە زەنگی دەرگاوە تا سەرپێخەفەکە
وەکئەوەی قەسیدە مەنزڵ و ئەندازەی هەور بێ
ئەو لە نووسینگە و لەسەر مێز نەیئەنووسی
ئەو لەسەر بالیف ئەینووسی
خەونەکانی.. یادەوەرییەکانی کۆترەکێویلەیان تەواو ئەکرد
بە هەناسەی ژنێ لە دارخورماکانی عیراق بێدار ئەبۆوە
کە یاسەمینی لە گوڵدانا بۆ تەیار ئەکرد
ئەو وەک پەڕی تاوس شیک بوو
وەلێ «دۆن جوان» نەبوو
ژنان وەک کەنیزەکی مانا لەسەر دڵی ئەنیشتنەوە و
ئەچوونە وشەی گۆرانییەکانەوە
ئیتر ئەو بەتەنیا ئەڕۆی
نیوەشەوان خەون قسەی پێئەبڕی:
لەناوما کۆمەڵێ ژوور هەن
کەسێ نییە بۆ سڵاو پیایانا تێپەڕێ
لەوکاتەوەی کە دیمەشقم جێهێشتووە
وەکو ڕوباری «بەرەدا» لەزمانما هەڵقوڵیوە و
هەراو بووم.
منی شاعیری ڕۆشنایی و گوڵەیاسەمین
سێبەرێک نییە.. سێبەرێک نییە لەزمانما
هەموو شتەکان ئەمانبەنەوە لای یاسەمین
منی خۆڕسک و گەش.. ئەسپی جۆش و خرۆش
لەسەربانەکانی گۆرانيیا ئەخەمەسەما و
هەورێک تێکم ئەشکێنێ.
وێنەم ژیانمی نووسیوەتەوە و
بۆ ژوورەکانی کەناردەریا دووری خستوومەتەوە.
ماڵی پیاوە دیمەشقییەکە..
ماڵێک لە شیعر
زەویی دەستەواژە شینە، ڕوونە.
شەویشی شین وەکو چاوی
گوڵدان شین و پەردەکان شین
ڕاخەری ناو ژوورەکەی شین
فرمێسکی شین.. کاتێ لە ڕاڕەوەکانا بۆ مەرگی کوڕەکەی ئەگری.
کەلوپەلی ژنەکەی لە باوڵا شین
چیدی زەوی پێویستی بە ئاسمان نییە
کەمێ «بەحر» لە شیعریدا
بەسە تا شینێکی ئەبەدی
بەسەر ئەلفوبێدا بڵاوبێتەوە
کاتێ کە پێکەوە مردین
بەتەنیا و لەلاوە پێم وت:تۆ پێویستیت بە هەوای دیمەشق هەیە!
وتی: کەمێکی تر بازئەدەم
تا لە چاڵێکی ئاسمانی دیمەشقا پاڵکەوم.
پێم وت: چاوەڕێکە تا چاک ئەبمەوە
تا دوا پەیڤت لێ وەرگرم
چاوەڕێم کە و ئێستا مەڕۆ
تاقیم مەکەرەوە و بەتەنیا مەبە بە ئاسی یەک لۆ
وتی: تۆ چاوەڕێکە، تۆ دوای من بژی
خۆ ئەبێ شاعیرێ هەبێ چاوەڕێ کا
منیش چاوەڕێم کرد و .. مەرگی خۆم دواخست.
ــــــــــــــــــ
#مەحموود_دەروێش #ڕاوێژیسم وەرگێڕ:
#ئازاد_بەرزنجیسەرچاوە: ل. فەیسبووکی ئازاد.ب
🔸«
مەحموود دەروێش» هاوڕێی نزیکی نزار قەببانی بووە و کاتێک دوای مەرگی نزار دەچێت بۆ ماڵەکەی لەدیمەشق، ئەم شیعرەی بۆ دەنووسێت.
@rawezhism @rawezhism