یەکەم نیشانەی ئەو نەفرەتە کە دوای شێتبوونی نازدار لە گیانی لاسدا هێلانەی کرد؛ تفێک بوو کە لە خەیاڵیدا لە نێوچاوانی حسێن ئاژانی کرد. «تف بێشەرەف» لەوەدوا هەرچی تەمەنی هەڵدەکێشا، ڕۆخساری حسێن ئاژان لەو قاپە نەفرەتەی بەر چاوی، کاڵتر دەبۆوە. ئەوەی لە چوارچێوی قاپەکەدا دەما باڵای پیاوێک بوو بە جلووبەرگی حکوومەتی و تەپڵەی شێروخورشید نیشانەوە. ئەمنییەیەکی بێڕوخسار کە هەر ساتە و لەدوای هەر ڕووداو و کارەساتێک، ڕوومەتێک لەو بۆشایی و کاڵەوەبووییدا دەردەکەوت. بەو پێیە نەفرەتەکەی لاس هەموو پیاوانی حکوومەتی دەگرتەوە. ئاژان، گرووبان، سەروان و تەنانەت ڕەزاشای چاوبزی سمێڵ قیتیش کە ڕەسمی بە یەکەم لاپەڕەی هەموو کتێبەکانەوە بوو. حوکمەتێک کە میکڕۆبی کوشەندەترین نەخۆشی بەشاردا بڵاو کردبۆوە. ترس، لەپادگانی سەرچاوەوە بە دەمارەکانی شاردا، بە ڕاستەشەقامە خۆڵینەکە و بە کۆڵانە تەسک و پێچاوپێچەکاندا بۆ حەوش وحەساری ماڵەکان و بەناو دڵی یەکەیەکەی دانیشتواندا بڵاو دەبۆوە. ترس لە گرتن، لێدان و کوشتن؛ ترس لە بێئابڕوویی شێتکردن. ئەو ئازموونە تاڵە جیهانەکەی لاسی مێرمنداڵی بەقەدەر گەورەیی شارەکە هەراو کردبوو. لاس وردەوردە شاری دۆزییەوە. پەی بە حەقیقەتی بەرجەستەو ئاشکاری برد؛ شارێکی چۆڵ، خامۆش و خەمبار لە ژێر سێبەری ڕەشی تفەنگ و هەڕەشە و ئەمرە بەرەودواکانی حکوومەت؛ تفەنگ بۆ کوشتن و پاراستنی سێبەرەکەی، هەڕەشە بو بەڕێوەبردنی ئەمرەکان. ئەمری داکەندنی جلوبەرگی کوردی و لەبەرکردنی ئەلمۆدە، ئەمری دەس هەڵگرتنی خەڵک لە خوو و خەدە و داب و نەریتیان. هاوکات لەگەڵ ئەو ڕۆژانە لاس پۆلی نۆی قوتابخانەی تەواو کرد و بە ناچاری وازی لە خوێندن هێنا. تەنیا هۆی دڵخۆشی بۆ دابران لە قوتابخانە فڕێدانی دوولنگە و لەبەر کردنی ڕانک و چۆخەی مەرەز بوو. بەو کارە هەستی بە یاخیبوون دەکرد؛ یاخیبوونێکی پاڵەوانانە.
✍🏻 #عەتا_نەهاییلە ڕۆمانی: "گوڵی شۆڕان"
لاپەڕەی ٤٦
نیگارکێش:
#لوقمان_ئەحمەدگۆرانیبێژ:
#ڕەزا_ھەنارەھۆنراوەی:
#محەممەد_ڕەزا_سەفایی©️ @rawezhism