بارانێک لەسەر ئەلف و بێی ئاور
.
.
.
گڕێک بەربۆتە دەماری ئەو چیایە
کە داڵدەی کاتەکانم بوو
بە کاتی رەز
.
نە ویرەی با دروەستی دێ
نە نمە نمەی بارانێک
کە خەمۆک داباریوەتە سەر رەوەز
.
هەر دارێکم مەشغەڵێکە لە تەنیایی
هەر دوندێک دەراوێک بۆ بڵێسەی تازە
.
من دەمێکە
دۆزەخ بە لەشم دەپێوم
ئەی گەزارەی هەزارەی نوێ
نە سووتان مێژووی سەوزم کاڵ دەکاتەوە
نە ئەو باڵانەی هەموو ئەلف و بێی گڕن
.
دارێکم دابگیرسێ بەیانی
کیژۆڵەیەک لە بەر دەمی
دەبێتە نمە نمەی بارانە
و
سروودی خۆی دەڵێتەوە
لە هەزار و یەک هەوردا
کە گشت هەناویان تەنیوە
.
لێرە کچ دەچێتە سەر ئاکاری رووبار
بە گەرووی دۆزەخ دا چۆڕە چۆڕ
بسکی خۆی
کە دەریایەکی بێ کەوشەن
.
داوێنێ شاخێک گەر بگەشێتەوە نیوەڕۆ
کوڕێک لە بنارەوە دەبێتە کانی
دەستی بە گەرما دەنوێنێ
و
دوو لەت دەبێ رستەی دۆزەخ
.
دەستێکی سارد واتای ئاور دەسڕێتەوە
.
لێرە کوڕ بە دابی باران
هەر پەرەدەستێنێ دەنگی
لە دەرفەتی ناسکی سووتان دا
.
دەنگی باران
وێنەی هەڵفڕینی ئاور دەشواتەوە
.
ئەو زاگرۆسەی جەستەمە
جارێکی دیش
بەهار دەژی
بە چاوی ئەو کیژانەوە
کە خوازەی سەوزاییەکانن
رۆژێکی دی
لە هەر زامێکی لەشی دا دارێک باڵا دەکا
لە گوێن منارەی باڵای
کوڕێک; بانگی نیشتمانی دابێ
.
سوێند بە سوتمانی ئەو نیشتمانەی قەقنەسە
دیسان سەرهەڵدەدەینەوە
وێڕای بەڕوەکان
کە مێژووی ئاسک و پڵینگیش دەزانن
و
دیرۆکی نەزۆکی گڕیش
.
بە لەشی دەردەداری زاگرۆس سوێند بێ
هەزار و یەک راوێژی مەشغەڵ لاڵ دەبن
ئەو دەمەی زمانی باران
لە دەستەکانی ئێمەدا
سروودی نەتەوەیی چیا بێ.
.
.
#یوونس_رەزایی#لەیلا_ساڵحی#زاگرۆس#مەریوان@Komala1