پاییز
🍂
پڕووشەی وردی گەڵایە
دەمە و ئێوارەی پاییزە
زەردەپەڕی چەم و چیا
زایەڵەی زامی ئازیزە
هێشووی گوارەی شۆڕی دار مێو
پڕ لە شیرینی ژیانە
هێلانەی چۆڵی سەر گۆییژ
ڕاز و زەنای ژین و ژانە
سێوی وەریو لە نێو کانی
بۆ و بەرامەی عەتری یارە
ئەستێر لێوڕێژی سۆزی باخ
پڕ لە تاسەی دوا دیدارە
ماڵئاوایی لە ئاوایی
باخێ ئاوا بوونی پێوە
زرینگەی دوایین نیگای نیگار
خۆری داچووی داوێن کێوە
مەلی کۆچەر بە پۆل نیشتوون
لە لێواری چۆم و ڕووبار
دەبێ زستان چۆن تێپەڕکەن
بە تاسەی ئامێزی بەهار
بۆنی خاک و نمەی باران
خۆشترین بۆنی سەرزەوی
گەڵاڕێزانی باخە سێو
زیاتر دەکات ژانی ئەوی
لە سێ کوچکەی بیرەوری
بڵێسەی دێ پشکۆی یادێ
مانگەشەو نوقمی هەور ئەبێ
بێدەنگ دەڕوا ئەمشەو یا دێ!؟
✍ پشکۆ یاسینی
گۆلاو، کانی شوانان
٤ی ڕەزبەر ۲۷۲٤
@pshko_yasini60