پێم بڵێ چۆن بیر لە کورد بکەمەوە؟
ڕیشەدۆزیی بۆ چەمکی جاش
بڵند ئێزەدی
میهرداد ئێزەدی[5]، لە کتێبە گرنگەکەیدا بەناونیشانی: کوردەکان (The Kurds) ڕیشەی جاش و جاشایەتیی لەناو کورددا، دەبەستێتەوە بە سەرەتاکانی شارستانییەتەوە، بەتایبەتیش داستانی گیلگامێشەوە، پاشتریش داستانی فۆلکلۆری شیرین و فەرهاد[6]. لای میهرداد ڕیشەی جاشایەتیی بریتییە لە داننان بە وەحشییەت و شاخاوی و بەربەریەتی کورددا، بە واتا ڕوانینی ٤ هەزار ساڵەی شارستانییەت بۆ کورد، پێکهاتەیەکە لە وەحشییەت و بەربەریەت و شاخاوی و نەزان[7]. میهرداد ئێزەدی ئاماژە بە چیرۆکی خیانەتی ئینکیدۆ دەنێو داستانی گیلگامێشدا دەدات و پێی وایە ڕیشەی چەمکی جاش و چاشایەتی، پێیەکی گەورەی دەنێو هێنانە خوارەوە و خیانەتکاریی ئینکیدۆوە هەیە لەنێو شاخەکانەوە[8]. لە گیلگامێشدا، سەمەرە وێنای ئینکیدۆ دەکرێت، ئینکیدۆی زاگرۆسنشین; وەک گیاخۆر و هاوەڵی دێو و دڕندەکان لێی دەڕوانرێت. ئەم نیگایە بۆ کورد دوولایەنەیە، لایەنێکیان ئەوی تری ناکوردە، ئەوی دیکەیش ڕوانینی کوردە بۆ پرسەکە. لەو مێژووەدا خیانەتکارەکان لای کورد خۆفرۆش و پاشەڵپیسن، کە بەدرێژایی ٤ هەزار ساڵە وەکوو شێوەیەک لە ژیانی کۆمەڵێک کورد ڕیشەی داکوتیوە و لە فۆڕمێکی گۆڕاودا، دوادواییەکەیان جاشەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نیشتیمانن، بەتایبەت جاشەکانی مەنگووڕ، کە بەشێکی گیراوانی ئێستای شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن جاشە مەنگوڕەکانەوە بەگیران دراون.
لینک لە وێبسایتی ناوەخت:
https://bit.ly/3HrsI9j
لینک لە تێلیگرام:
https://bit.ly/3WaS7IK