View in Telegram
📝ژانڕی تڕاژێدی و بەراوردی نواندنەوەی هەڵەبجە و سابڵاغ (بەشی ٢) ✍️دئەحمەد ئەحمەدیان تێکڕای گەلانی خودان مێژووی دێرین و خاوەن ژیاری کەونارا و هەروەها سەرجەم نەتەوەکانی زیندوو و خۆڕاگر و پێشکەوتوو و پێگەیشتوو، یەکێک لەم بەردەبازانەی وا لە مێژووی پڕکارەسات و پڕنسکۆ و پڕڕووداو و هەروەها لە دیرۆکی لێوانلێو لە کەوتن و هەڵەنگووتن و داشکان و داکشانی خۆیان‌دا، بۆتە هۆ و هەوێنی پەڕینەوە و گەیشتن بە ڕۆخی حەساوەیی و دڵئەرخەیانی و پشکووتن و پێگەیشتن، بایەخ‌دان بە ڕەوتی سەرلەنوێ‌نووسینەوە و تۆمارکردنی ڕووداو و ڕێکەوت و هەڵکەوتە مێژووییە ڕاچڵەکێنەر و داچڵەکێنەر و شکۆدارەکانیانەوە لە بەستێنی ژانڕی تڕاژێدی‌دا. گەلۆ! بۆ ئەوەی ڕووداوێکی تڕاژێدیکی مێژوویی-نەتەوەیی، بە هەرماوی و هەتاهەتایی بمێنێتەوە و کەوشەن و سنوورەکان ببەزێنێ و بە تێکڕای تاق و تاقمی گەلانی جیهان بناسێندرێ و ڕابگەیێندرێ، دەبێ خاوەنی 2 تایبەتمەندیی سەرەکی و بناغەیی بێ، کە بریتین لە: 1.هەبوونی دەفرییەتی بەرهەست و جەوهەری و هەناوەکی و، لواوی و شیاویی دەرهەست و دەرەکی و، هەروەها توانست و بڕشتی شاراوە و پەنامەکی بۆ "بەتڕاژێدی‌بوون"؛ 2.ڕەخسانی دەرفەتی وێناکردن و نواندنەوەی جوانیناسانە و بەرزەڕۆیوانە(transcendental)؛ هەروەها دەرەتانی گێڕانەوەی ڕاگەیێنەرانە و گشتگیرانە و سەردەمیانە. گەر بە ئامانجی هەڵسەنگاندن و بەراوردکردن و لەبەریەک‌ڕانان، لە مێژووی سەدەی ڕابردووی گەلی کورد بڕوانین، دەکرێ وەک وێنە و نموونە باس لە 2 ڕووداوی پڕکارەسات و تڕاژێدیکی"ژینۆسایدی بۆمبارانی کیمیایی هەڵەبجه(1366ـی هەتاوی)" و "ژینۆسایدی کوشتاری خەڵکی سابڵاغ لە لایەن سپای ڕووسی تیزاری(1294ـی هەتاوی)" بکەین. هەروەک ڕوون و ئاشکرایە"کارەساتی هەڵەبجە" بە هۆی هەبوونی هەر دوو تایبەتمەندیی ئاماژەپێکراوی سەروو، واتە : 1.هەبوونی دەفرییەتی بەرهەست و جەوهەری و هەناوەکی و، لواوی و شیاویی دەرهەست و دەرەکی و، هەروەها توانست و بڕشتی شاراوە و پەنامەکی بۆ "بەتڕاژێدی بوون"؛هەروەها:2. ڕەخسانی دەرفەتی وێناکردن و نواندنەوەی جوانیناسانە و بەرزەڕۆیوانە، هەروەها دەرەتانی گێڕانەوەی ڕاگەیێنەرانە و گشتگیرانە و سەردەمیانە؛کەوتووەتە ڕیزی تڕاژێدییە "جیهانی و داگر و هەرماوەکان"؛ بەڵام "کارەساتی سابڵاغ" هەرچەند بەتەواوی خاوەنی تایبەتمەندیی هەوەڵی ئاماژەپێکراوی سەروویە و لەو خاوەنداریەتییە‌دا لە "کارەساتی هەڵەبجە"ـش چەند پلە سەرووترە، ئەویش بە هۆی ئەوەوە کە بۆ وێنە لە کارەساتی هەڵەبجە‌دا 5000کەس لە کۆی حەشیمەتی 100هەزارکەسی هەڵەبجە بوونە قوربانی، بەواتایەکی تر 1لە20ـی کۆی شارۆمەندانی ئەوشارە بوونە قوربانی ئەو کارەساتە، بەڵام لە کارەساتی سابڵاغ‌دا، بە لانی هەرەکەمەوە 8000 کەس( لە گێڕانەوەیەکی تردا: 10،000کەس) لە کۆی 15هەزارکەسیی حەشیمەتی ئەوکاتی سابڵاغ بوونە قوربانی ئەم کارەساتە، واتە بە لانی هەرەکەمەوە، پتر لە 50 لەسەدی شارۆمەندانی ئەو شارە(بەگێڕانەوەیەکی تر: 66/6 لەسەدی شارۆمەندانی ئەم شارە) بوونە قوربانی ئەو کارەساتە و ئەوە بە واتای ئەوەیە کە دەفرییەتی بەرهەست و جەوهەری و هەناوەکی و، هەروەها لواوی و شیاویی دەرهەست و دەرەکی و، ئینجا توانست و بڕشتی شاراوە و پەنامەکی بۆ بەتڕاژێدی‌بوونی کارەساتی سابڵاغ 10هێندەی کارەساتی هەڵەبجە بووە؛ بەڵام سەرەڕای تەواوی ئەوانەش کارەساتی سابڵاغ بە هۆی:"نەڕەخسانی دەرفەتی وێناکردن و نواندنەوەی جوانیناسانە و بەرزەڕۆیوانە، هەروەها نەبوونی دەرەتانی گێڕانەوەی ڕاگەیێنەرانە و گشتگیرانە و سەردەمیانە؛ کەوتە ڕیزی "تڕاژیدییە ناوچەیی و لەبیرچوو و قەتیس‌ماوەکان". دیارە بۆ گێڕانەوە و نواندنەوەی داهێنەرانە و سەردەمیانەی کارەساتی هەڵەبجە، هەزاران کۆپلەشێعر و پەخشانەشێعر و چیڕۆک و ڕۆمان و بەرهەمی مووسیقایی بەرهەم‌هاتووە و هەزاران کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنگرە و کۆنفڕانس و سیمینار و شانۆ و فیلم و پەیکەرە و کۆتەڵ چێ‌کراوە؛ بەڵام بۆ کارەساتی سابڵاغ جیا لە 3 کۆپلە شێعری دوکتۆر مستەفا شەوقی قازی‌زادە و عەلی‌بەگی حەیدەری و عەللامە مەلا عیسامەددین شەفیعی، کە هاوکات یان دوابەدوای ئەو ڕووداوە هۆنراونەتەوە، تا ئێستاشی لەگەڵ بێ هیچ ئیشێکی دیکەی داهێنەرانە و ئافرێنەرانە و جوانیناسانە بە ئەنجام و ئاکام نەگەیوە. لە بواری لێکۆڵینەوەش‌‌دا، ڕێزدار دوکتۆر ئیسماعیل شەمس تێزی دوکتۆراکەی کە لە ژێر سەردێڕی"کردهای غرب ایران(کردستان و آذربایجان): قومیت، ملیت و مذهب، از مشروطیت تا کودتای 1299"، لە ساڵی 1383ـی هەتاوی‌دا و بۆ وەرگرتنی شەهادەی دوکتۆڕای مێژوو پێشکەش بە بەشی مێژووی زانستگای تەربیەت مودەڕڕیسی تاران کردووە، زۆر بەڵگە و زانیاری و شڕۆڤەی زانستی و بەپێزی لە بابەت ئەم مژارە تێدا دەبیندرێ؛ هەروەها ئەم بەڕێزە وتارێکی بەوەجی لەژێر سەردێڕی:"تاثیر منازعات روسیه و عثمانی بر وضعیت ساوجبلاغ در جنگ جهانی اول با تکیە بر مطبوعات و اسناد"نووسیوە و بڵاوی کردۆتەوە.
Love Center - Dating, Friends & Matches, NY, LA, Dubai, Global
Love Center - Dating, Friends & Matches, NY, LA, Dubai, Global
Find friends or serious relationships easily