View in Telegram
میدیای سەربەرزی
📝
هەڵاتن لە کێشەکانی کۆمەڵگا ئاخری ڕۆژێک بڕیارم دا کە دەست لەم کێبەرکێ شێتانەیە هەڵبگرم. لەم دنیایە هەرکە چاوەڕوانی دەرفەتێکە کڵاو لەسەر ئەوی دیکە بنێت. دەوڵەمەندمان، قەت تێرایی بۆ نییە، هەژارەکانیش قانع نین. لەبن بەردان، لەژێر هەوران، لەنێو کۆڕی خوێندەواران، لەنێو بازنەی حیزب و دەستە و... لە هەموو شوێنێ هەر باس و بیری پارەیە. جا وتم خۆ ئەگەر گۆشت گرانە، نەخواردنی هەرزانە. بۆیە ئەوەی شکم دەبرد نەغدم کردەوە و شارم بەجێهێشت. شار پیرۆزی ئەوانەی کە دڵیان پێخۆشە. ڕووم لە دێهاتێکی دوور کرد. تەنیا خوازیاری ئەوە بووم کە لەنێو جەماعەتێکی پاک و یەکڕەنگ وەک ڕۆنی زەنگ، کە هەستی پەستی سەرمایەداری ڕێی تێ نەبردبێت، بحەسێمەوە. هەر ڕۆژی هەوەڵ لە نێو دێ، ماڵە چۆڵێکم دەست کەوت و ماڵە کۆچم دابەزاند. سروشتی ئەو دێهاتە لە باس نایە. لە بەر دیمەنی جوانی چۆم و ڕووبار، چیای سەرسەوز، دەشتی بەرین و دڵگەشێن، وەکوو منداڵی نێو زەماوەند دانیشتنم بۆ نەبوو. ڕۆژان بە لای مەزرای گەنمی کڵۆشزێڕین تێدەپەڕیم، لەژێر سێبەری شۆڕەبی ڕادەکشام و لە دارستانی چڕوپڕ، گوێم لە چریکەی مەلان دەگرت. هەتا ماڵاوایی خۆری چاوبەنازی لای ئێوارە، لەنێو کەپر و کەوێڵی بناری کێو، چاوم دەبڕییە قرچ و هۆڕی چیلکەی داران کە کترییە ڕەشیان دووکەڵ دەدا. شەوانیش لەژێر وریشە و تریفەی مانگەشەو چاوم دەچووە خەو. قەت باسی پارە نەبوو، بۆیە زۆربەی ئەو پارەیەم لە سووچێک نایە چاڵ. ڕوژێک ماڵێکی دراوسێ سەبەتێک هەنجیریان بۆ ناردم. لە پێشدا وامزانی لە بنی سەبەتەکەدا کاغەزێکیان ناوە کە میوەکان خراپ نەبن. بەڵام کاتێ باش سەرەنجم دا، زانیم کاغەز نییە، شتێکە وەکوو پێستی ئاسک، کە لەسەری بە زمانێکی سەیر چەند دێڕێکی لێ نووسرابوو کە هیچی لێ تێ نەدەگەیشتم. وێنەی خۆرێک و ڕێگایەکی بەسەرەوە بوو، هیچم نەگوت. چەند جاری دیکەش کە سەوقاتیان بۆ ناردم، هەر لەو شتانە کەڵکیان وەگرتبوو. زۆر لەلام سەیر بوو. شەوێک بووم بە میوانیان. وتم ئەوە چەند جار دیاریتان بۆ ناردووم. بەڵام شتێک زۆر بۆم سەرەنجڕاکێشە، ئەو لەتە پیستەیە کە دەیخەنە ژێری. وتیان چەند ساڵ بەر لە ئێستا لە ئەشکەوتێک ئەوانەمان دۆزییەوە. بەڵام هەر نازانین چین؟ و بەکاری چ دێن. چوون و هەموویان هێنا. هەرچەند دانە لەو پێستانە وەکوو لاپەڕەکانی کتێب دەچوونە نێو قاپووڕەیەک کە لە بەرد درووست کرابوو. کە سەرجەم دەبوون بە چەندین کتێبی جیاواز. هاوار لە بەستەزمانی و ساویلکەیی ئەم بنەماڵە. هەڕەیان لە بەڕی نەدەکردەوە، خەزێنەیەکیان خزاندبووە کەل کەنوو کە ئەگەر ڕێگایان بکەوێتە مووزەخانەکانی ئەورووپا، دەیان و بگرە سەدان میلیارد دێنێ. بۆیە وتم من ئەوانەتان لێ دەکڕم و پارەیەکی چاکتان پێدەدەم. چووم و پارەکەم لە چاڵ دەرهێنا. هەموو ئەوانەم لێیان وەرگرت و دوای چەند ڕۆژ بەبێدەنگ هاتمەوە بۆ شار. لە ڕێگا بەو قسەیە پێدەکەنیم کە پێشینیان وتوویانە: گەڕاڵ یان زۆڵ دێنێتەوە یان پووڵ. پیاوێکی پسپۆڕی ئاسەواری مێژوویم دەناسێ. داوام لێ کرد نرخی ئەوانەم بۆ دیاری بکات. دەمزانی هەتا کۆنتر بێت نرخ و بەهای زۆرترە. بە تایبەت کە بە خەتێکی کۆن کە هەر خوا دەزانی هی سەردەمی کام شارستانییەتە، لەسەری زۆر شتان نووسرابوو. کاتێ وڵامی دامەوە، نەمدەتوانی لە جێی خۆمدا ببزوێم. وتی گەلێک جوان درووست کراوە. ڕەنگە تەمەنی پێنج، شەش ساڵێک بێت. ڕومەن گەری ١٩٦٠/ ابوالحسن نجفی خوێنەری هێژا؛ کاتێ گەندەڵی و فەساد گشتگیر دەبێت، هەڵبڕان و دوورکەوتن لە کۆمەڵگا هیچ دەردێک چارەسەر ناکات. ڕەنگە تەنیا ببێتە بیانوویەک بۆ هەڵاتن لە بەرپرس بوون. جا بۆ ماوەیێک ئەو کەسە لە بەشێک لە ئازارەکان دوور دەبێت و وا دەزانێت کە بەختەوەرە. بەڵام ئاخری لە شوێنێکەوە تووش دەبێت، کە قەت چاوەڕوانی ناکات. چوونکا هیچ شوێنێک ئەمن نامێنێت. هەر تاکێکی کۆمەڵگا دەتوانێ بە هاودەنگی لەگەڵ خەڵک، شوێن پێ و ڕۆڵی گرینگی خۆی هەبێت بۆ بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگا بەرەو ژیانێکی ئینسانی. #عیسا_ئەحمەدی ٢٧٢٤/١٠/١٢ ـــــــــــــــــــــــــــــ
🌅
میدیای سەربەرزی
@midyayserberzi
Share
Love Center - Dating, Friends & Matches, NY, LA, Dubai, Global
Find friends or serious relationships easily
Start