وەزارەتی ناوخۆی تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی دانانی قەیووم بۆ ئەو سێ شارەوانییەی دەم پارتی بڵاوکردەوە و تێیدا دۆسیەکانی دژی هاوسەرۆکانی دەم پارتی کە قەیوومیان بۆ دانراون، ریزبەند کرد.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، دانانی قەیوومی گەڕاندووەتەوە بۆ سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی ئەحمەد تورکی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی" لە دۆسیەی کۆبانێ، دۆسیەی بەردەوامی دادگەی باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە بە تۆمەتی "بانگەشەکردن بۆ رێکخراوێکی تیرۆریستی" و بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی مێردین بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی" کە لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن.
لەبارەی گوڵستان سۆنوک، هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلیهـ، سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن کە لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی ئێلیهـ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی" دراوە؛ هەروەها ئەو دوو لێکۆڵینەوە جیاوازەی کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئێلیهـ بە تۆمەتی "بانگەشەکردن بۆ رێکخراوێکی تیرۆریستی" و "ئەندامبوون لە رێکخراو" وەکو پاساوێک بۆ دانانی قەیووم ئاماژەی پێدراوە.
لەبارەی محەممەد قەرەیڵان، هاوسەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی خەلفەتی، سزای شەش ساڵ و سێ مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردن کە لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی دیلۆکەوە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی" دراوە، لەگەڵ ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی رووها بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی" ئەنجامدراوە، وەکو پاساوێک بۆ دانانی قەیووم ئاماژەی پێدراوە.
ـــــــــــــــــــــــــــــ
🌅لە میدیای سەربەرزی هاوڕێمان بن
Telegram |
Instagram