📢سێیەم جارە قەیووم لە شوێنی ئەحمەد تورک دادەنرێت، ئەو دەڵێت، بەم رەفتارە حکومەت نیشانی دادات کە نیازی چارەسەرکردنی کێشەی دیموکراسی و کێشەی کوردی نییە.
☀️بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیووم بۆ گەورەشارەوانیی مێردینی باکووری کوردستان دانرا. ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین کە سێیەمین جارە قەیووم لە شوێنی دادەنرێت گوتی،
"شارەوانیی ئێمە داگیر کراوە."
ئەحمەد تورک و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە بەیانی زوو بەرەو بینای شارەوانی بەڕێکەوتن و لەوێ گردبوونەوە. تیمەکانی پۆلیس لە ناوچەکەدا بوون.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەحمەد تورک رایگەیاند، "شارەوانیی ئێمە داگیر کراوە. ئێمە لە دۆخێکداین کە شارەوانی بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵک دەستی بەسەردا گیراوە. کاردانەوەی خەڵک ئاشکرایە. درێژە بە خەباتی دیموکراسیمان دەدەین. گوتارێک کە حەوت ساڵ پێش ئێستا لە سێرت پێشکەشم کردووە کراوە بە پاساو. ئێرە داگیرکراوە و خەڵک سەرکۆنەی دەکەن. گەلەکەمان دژی ئەو تێگەیشتنە ناڕەزایەتی دەردەبڕن کە ئیرادەیان قۆرخ دەکات."
ئەحمەد تورک گوتی، "تەنانەت نەمانتوانی کەلوپەلەکانمان لە بیناکە وەربگرین. بینای شارەوانی پڕ بووە لە پۆلیس. بێگومان خەڵک لە سەر سندووقی دەنگدان ئیرادەی خۆیان دژی ئەمە دەردەبڕن. ئەگەر ئەمە ئەو شتە بێت کە ناوی دەنێن کرانەوە، ئەوە کرانەوە نییە. ئێمە بە هیوای وڵاتێکەوە خەریکی سیاسەت دەبین کە خەڵک لەسەر بەها دیموکراسییە هاوبەشەکان کۆببنەوە. ئێمە بۆ ئەمە لێرەین. بەم رەفتارە حکومەت نیشانی دا کە نیازی چارەسەرکردنی نە کێشەی دیموکراسی و نە کێشەی کوردی نییە."
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە چواری تشرینی دووەم، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیووم بۆ گەورە شارەوانی مێردین، شارەوانی ئێلیهـ و شارەوانی شارۆچکەی خەلفەتی سەربە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان دانرا.
هێزە ئەمنییەکان لە شاری مێردین بەردەم بیانی گەورەشارەوانیی شارەکەیان گەمارۆدا و فەرمانی وەزارەتی ناوخۆیان لەبارەی دانانی قەیووم گەیاندە ئەحمەد تورک.
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین لە شوێنی ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی مێردین دانرا.
ئەحمەد تورک لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵمیدیا رایگەیاند، "هەرگیز کۆڵ نادەین و لە خەبات بۆ دیموکراسی و ئاشتی و ئازادی هەنگاو بۆ دواوە نانێین. ئێمە رێگە بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەل نادەین."
پارێزگای مێردین دوای بڕیاری دانانی قەیووم، ئەنجامدانی هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونهوه، خێوهتههڵدان و سهكۆدانانی بۆ ماوی 10 رۆژ قەدەخە کرد.
لەلایەکی دیکەوە بەیانی ئەمڕۆ قەیووم بۆ شارەوانی ئێلێهـیش دانرا. فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی دانانی قەیووم گەیێندرایە گوڵستان سۆنوک، هاوسەرۆکی شارەوانی و لە شوێنی ئەو ئەکرەم جانئاڵپ، پارێزگاری ئێلیهـ بە قەیووم دانرا.
دوای ئەوەی قەیوم بۆ شارەوانیی شاری ئێلیهـ دانرا، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و بەشێک لە هاونیشتمانییان لەبەردەم باڵەخانەی شارەوانی روویدا.
سۆنگول سۆنوک، هاوسەرۆکی شارەوانیی ئێلیهـ و ژمارەیەک لە خەڵکی شارەکە لەبەردەم باڵەخانەی شارەوانی کۆبوونەوە و داوایان لە هێزە ئەمنییەکان کرد شوێنەکە چۆڵبکەن. هێزە ئەمنییەکان ئەو داواکارییەیان رەتکردەوە و بەو هۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکاندا روویدا.
سۆنوک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئاداردا بە بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارە لە تورکیا پۆستی سەرۆکی شارەوانیمان بردەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بگوترێت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئیرادە پێشێل کرا. ئێمە هەرگیز ئەم رژێمە تاڵانکار و زەوتکارەمان قبووڵ نەکردووە و ئێستاش قبووڵی ناکەین".
پارێزگای ئێلیهـ دوای دانانی قەیوم لەسەر شارەوانی، بۆ ماوەی 10 رۆژ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی لە سنووری پارێزگاکە قەدەخە کرد.
هەر ئەمڕۆ دوابەدوای دانانی قەیوم بۆ گەورەشارەوانیی مێردین و شارەوانیی ئێلیهـی باکووری کوردستان، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەیوم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە پارێزگای رووها دانرا.
هێزە ئەمنییەکان زوو رێوشوێنی ئەمنیی بەرفراوانیان لە بەردەم باڵەخانەی شارەوانیی خەلفەتی گرتەبەر و دوای دانانی قەیوم، محەممەد قەرەیڵان دەستبەسەرکرا.
لە شوێنی قەرەیڵان، هاکان باشئۆغڵو، قایمقامی شارۆچکەی خەلفەتی لەلایەن پارێزگاری رووها وەک قەیوم بۆ سەرۆکی شارەوانی خەلفەتی دەستنیشانکرا.
محەممەد قەرەیڵان رایگەیاند، ئەم جۆرە دامەزراندنانە دەستوەردانێکە بە پێچەوانەی ویستی خەڵک.
ئەم سێ شارەوانییەی قەیوومیان لەسەر دانراوە، سەر بە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتین.