📘ڕانانی کتێبی «قورئانی پیرۆز»، وەرگێڕانی هەژار موکریانی
«
▫️وەناو خودا کە دەهندە و دڵۆڤانە
▫️لە پاش تەنگانە فەرحانین»
👤مامۆستا #هەژار: لە باری ئەدەبییەوە، هیچ دەقێکی عەرەبی، ناگاته قورئان!
📚 ناسنامەی کتێب: «قورئانی پیرۆز»، وهرگێڕانی مامۆستا هەژار، پەخشانگای ئێحسان، چاپ: ۱۳۷۹.
✍️ #ماجد_مەردۆخ_ڕۆحانی
▫️خەرمانانی ساڵی ۱۳۶۸ی کۆچی ـ هەتاوی (۱۹۸۹ی ـ ز) بوو كه مامۆستا #هەژار ـ ههزار دروود و ڕەحمەتی خودا، لەسەر گيانی پاک و ڕۆحی بەرزی ـ بڕياری دا، پاش مێژووەكەی ئەردەڵان، وەرگێڕانی #قورئانی_پیرۆز به كوردی دەست پێ بكا.
▫️پێشتر زۆرجاران دۆستان و بەردەستانی مامۆستا، بۆ ئەو كاره گەوره و گرانه، لێی پاڕابوونەوە و ڕوویان لێ خستبوو؛ بەڵام هەموو جارێ وەرامی ئەو بلیمەتە هەر ئەوەنده بوو: «كاكه! ئەوە گاڵته نییه.»
▫️بەڵێ ڕاسته تا ئەوڕۆ، زمان و وێژەی كورد ـ له پەخشان و وەرگێڕاندا ـ هاوتای هەژار و بگرە چەند قات لەو خوارتریشی به خۆوه نەدیوه؛ بەڵام «#تاها_حوسەین» گوتەنی: «قورئان، قورئانە و بەس».
▫️مامۆستا له سەرەتای سەرماوەزی ساڵی ۱۳۶۸ كاری گەوره و گرانی وەرگێڕانی قورئانی بە زمانی كوردی دەسپێكرد؛ بەڵام چۆن دەسپێكردنێک؟! هەموو ڕۆژێ تا سەری شەوان و هەموو شەوێ تا بەریبەیان، دەستی، قەڵەمەكەی له ئامێز گرتبوو؛ پێكەوە نووسابوون و بەسەر پەڕی قاقەزاندا سەمایان دەكرد؛ نه وچانێک و نه پشوودانێک. ئەگەر كاتی ژەمەن ئەگەییشت، داده #مەعسووم نان و پێخۆرێكی لەسەر قاپێ دادەنا و به هێمنی له پاڵ دەستییەوه دادەنیشت. پاروویەكی چكۆلەی بۆ دەگرت و بەم وێنه چەن پاروویەك نانی دەخوارد؛ ڕاستت دەوێ قەت نەیزانی سوێر بوو یان كەم خوێ، تاڵ بوو یان شیرین، خۆش بوو یان ناخوش!
▫️گەلاوێژی ساڵی ۶۹ هەڵنەهاتبوو، دوایینكاری مامۆستا دوایی هات. یانێ كەمتر له نۆمانگ! كەسێ جارێ ههموو قورئانی خوێندبێ، دەزانێ كه هەر نووسینەوهی سیجزمی، ساڵێك دەبا؛ بێرە دیار وەرگێڕانەوەی؛ ئەویش چتو وەرگێڕانێک؟!
▫️خوێنەری هێژا به خوێندنەوەی تاقەدێڕێكی تێدەگا شتێكی ئاسایی نییه و تاقانەیەكی بەركەتی و جیاوازه. له زۆر شوێنان هەستدەكەی #فریشتانیش چاویان له دەستی مامۆستا بووه و پاـپا بووگن بزانن پۆشەنی كوردی به بەژنی ئەم ئایەته، چۆن دەڕازێتەوه و له زۆر شوێنان بێشک دەبی تەنانەت خوداش ئافەرینی لێكردووه.
▫️بەڵێ وادیاره مامۆستا، بۆ ئەم ئاخرین بەرهەمەی، له هەموو بیر و زانست و هزر و هەست و ڕۆح و گیانی، جەوهەرێكی پیرۆزی بەرهەمهێناوه و لهسەر قاقەزی ڕشتووه، تا ببێته هۆی مانەوە و هەڵدانەوەی #زمانی_كوردی و به خۆدا هاتنەوە و شانازی گەلی كورد. بۆیەش وای لێ بەپەله بوو، نەوەك تووشی چورتمێك بێت و كارەكەی ناتەواو بمێنێتەوه.
🔻تایبهتمهندییەكانی ئهم وەرگێڕاوە جوانە:
1️⃣له بیرمان بێ كه ئامانجی گەورەی مامۆستا، پەرەدان به زمان و فەرهەنگی كوردی بوو؛ به وێنەیەک كه له هەموو كارەكانیدا حەولی هەوەڵی پێكهێنانی زمانێكی یەكگرتووی پەرەساندوو بوو. یەكجار له شەڕەگەڕەک و هەر خۆ بە كورد زانین و باقی كوردی ئەو وڵاته پان و بەرین و پەرژ و بڵاوه، به چاوی غەواره لێڕوانین وەڕەز بوو. لێرەشدا وێژەوانه دڵسۆزەكەمان، به وێنەیەكی زۆر بەرچاو، شوێنی ئەو ئامانجەی گرتووه و بۆی تێكۆشاوه و تێیدا خۆی ماندوو كردووه. له زۆر ئایەتان وشەی #كرمانجی و #هەورامی و #لەكی و #لوڕی هێناوه و هێندەش جوان و بهجێ له ناو ڕستەكەدا جێگیر بووگن، تۆ ئێژی شوێنی هەزارساڵەی خۆیانه!
2️⃣ئەم كتێبه به وێنەیەكی بێوێنه، له گوتەی نامو پارێزراوه؛ تا ئەو ڕاده كه له سەرانسەری ئەم شەشسەد و چەن سەفحەدا، #پەنجا وشەی عەرەبی یان ڕۆژاوایی نادۆزیهوه.
3️⃣لە قورئاندا وشەی وا هەن كه زۆر جاران دووپاته كراونەتەوه. مامۆستا بۆ مانای فرەیەك لەمانە، یەك بەرامبەری دانەناوە و به چەشنێكی زانایانه، له زۆربەی ئەو جێگایانه، وشەی وای بۆ دابینكردووه، كه پڕبەپڕی مەبەستی ڕستەكەیه. بەم وێنه جارێكیتر و جۆرێكیتر هێز و توانی زمانه شیرینەكەمانی پیشانداوه. بۆ نموونه، وشەی «#كافر» ـ بەپێی جێگاـ ئەم بەرانبەرانەی هەیه: «خوانەناس»، «سپڵه»، «دیندوژمن»، «خۆبەزلزان»، «لەدینلادەر»، «ناشكوریكەر»، «ئێرەییبەر»، «لەڕێ خوا لادەر»، «بێباوەڕ»، «لەدینپەژیوان»، «پێنەزان»، «حاشاكەر» و...
▫️له مێژووی وێژهی جیهاندا، دانەـ دانەیەک شاكاری وا هەڵكەوتوون كه تێپەڕینی ساڵ و مانگ، له بیری نەبردوونەوه و بوونەتە هۆی مانەوە و پەرەساندنەوەی زمانهكانیان. وەک «#دیوان_حافظ»، «#كلیات_سعدی»، «فاوست #گوته» «هەژاران #هوگۆ»، «كمدی الهی #دانته»، «ڕۆمانەكانی #شیكسپیر» و... ئێمه لەسەر ئەو باوەڕەین كه ئەم #قورئانه_كوردییه، یەكێكه لەو شاكارانه.
🌎 پایگاه خبری خانهٔ کتاب كُردی
@kurdishbookhouse
rizy.ir/ZkQRM
ـــــــــــــــــــــــــــــ
🌅میدیای سەربەرزیی کوردستان
https://t.center/midyayserberzi
instagram.com/midyayserberzi