بە ناوی میری مەزن
ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی بەرنامەی سوورە زەویان لە کۆتایی مانگی خەرمانانی ۱٤۰۳
لە ڕۆژانی ۲۲و ۲۳ی خەرمانانی ۲۷۲٤ گەشتێکی شاخەوانیمان لە کوێستانەکانی سورە زەویان و بناری کۆترێل بەڕێوە برد.
کاتژمێر ۲ی پاش نیوەڕۆ ۲۹ ئەندامی یانە بە مینی بوسێک دو ماشێنی سواری بەرەو ئاوایی قەبری وسێن ڕۆیشتین و پێشتر لەگەڵ ۳ ماشێنی تویۆتا ڕێک کەوتبوین و چاوەڕوانیان دەکردین.
کە گەیشتینە ئاوایی قەبری وسێن بەسەر ۳ ماشێنەکان دا دابەش بوین لە ڕێگای نێو لێڕوار دا کە تەپ و تۆزێکی زۆری هەبو تێهەڵبوین.
لە دوای تێپەڕ بون لە هاوینە هەوارەکانی فەقێ ڕەشکە و زیندوبێ و قەپ قەپی گەیشتینە بستوی سورەزەویان و لە ماشێنەکان دابەزین و بۆ هاوینەهەواری سورە زەویان کە لەو وەرزەی ساڵ دا هەر شین دەچو دەتکوت کچێکی جوان و ڕەزاوایە لە کۆڕی هەڵپەڕکێ دا بەو جلە جوانەی خۆی ڕازاندبۆوە خللۆر بوینەوە.
گەیشتینە شوێنی مەبەست بۆ شەومانەوە و چادرەکان و شوێنی دانیشتن و خەوتن وحەسانەوە دیاری کران.
ئێوارانی سورەزەویان تایبەتن،هەر بۆیەش مڕۆڤ هەر چی بیکات بە وشە وەسفی ئەو هەمو جوانیە و خۆشیەی بۆ ناکرێت.
نوێژی شێوان دو هاوڕێی تر کە بە ماتۆر سکلێت هاتبون پەیوەستی ئێمه بون و مەجلیسیان خۆشتر کرد.
دەستی هەڤاڵان خۆش کە پێشتر زەحمەتی نان و چێشت بۆ تەواوی گرووپیان کێشابو و شەو لە دەوری ئاور و کۆڕێکی دۆستانە نانی شەو نۆش کرا.
تا درەنگانی شەو بە دەوری یەکتر دا دانیشتین و چرکە چرکە خۆشی و پێکەنین و قاقا بو.
بەیانی کە زەردەی هەتاو لەسەرانی دا لە خەو هەستاین و نانی بەیانیمان خوارد و پاش کێشانی وێنەیەکی بەکۆمەڵ ماڵئاوییمان لە سورەزەویان کرد و بەرەو سەرچاوەی ئاوی مازو ڕێژە ڕۆیشتین.
لە سەرچاوەی مازووڕێژە ڕەشماڵەکانی هەوارچیان وەک تابلۆیەکی کۆنی فۆلکلۆر و نەریتی کوردانە خۆیان نیشان داین و بۆ چەند ساتێک لای هەوارچێکان ماینەوە و خۆمان حەساندوە.
ئەوجار بەرەو شوێنی دانیشتنی نیوەڕۆ کە دەبو بە ناوچە گەشتیاری وخۆشەکەی خەرپاپ وەڕێ کەوتین.
هەر کە گەیشتینە خەرپاپ خۆمان لە ئاوە ساردەکەی خەرپاپ هاویشت و هەر چی ئارەقە و تۆز و ماندویەتی ڕێگا بو لەخۆمان بەدر کرد.
بۆ ژەمی نیوەڕۆش هاوڕێیانی خۆشەویست هەر وەک شەوی پێش زەحمەتیان کێشابو ، تێکرا لە سەر یەک سفرە دانیشتین و تێر نانمان خوارد.
ئێوارێ بە فێنکی لە ڕێگای چۆمەکەوە بەرەو کانی دزە هاتینەوە و لە کانی دزە لە لایان چەند هاوڕێ و بنەماڵەی ئازیزی موڕتەزا کە لەوێندەرێ بون بە چا و میوە پێشوازیان لێکردین و بۆ چەند خولەکێک لە لایان ماینەوە.
ئەوجار ماڵئاواییمان لێکردن و هاتینەوە ئاوایی قەبری وسێن و سواری مینی بۆس بوین و بەخێر و خۆشی و بە سڵامەتی بەرنامەمان بەرەو کۆتایی برد.
👤بەڕێوبەری بەرنامە: محەممەد موڕتەزا
✍نوسینی ڕاپۆرت : ئاراس
یانەی کلتووری و شاخەوانی هەڵگورد
@halgurdclimbingclub