ئێرە مەڵبەندی دەربایستییە!
مەریوانە و هەڵمەتێکی تری پاکوخاوێنکردنەوەی ژینگەی زرێبار و ستارگەی زیندەوەر و باڵندە و ... بۆ میوانداریکردنی پەلەوەرەکۆچەرییەکان. ئەمڕۆ پێنجشەنبە، ١٠ی خەزەڵوەری ١۴٠٣، چالاکوانانی ئەنجومەنی سەوزی چیا بە هاوبەشیی خەڵکی ئەمەگناس و ژینگەپارێزی مەریوان و دەوروبەری زرێبار، ئەو هەڵمەتەیان بەڕێوەبرد. کومیتەی منداڵانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و مامۆستادڵسۆزەکانی ئەم کومیتەیە، ڕۆڵێکی دیاریان هەبوو لە فرمانەکەدا. هەروەها لە وتارێکی کورتدا سەرنج خرایە سەر ڕۆڵی گرینگ و کارامەیی بەرچاوی زرێبار لە ژیان و گوزەرانی خەڵکی مەریوان و بەتایبەت ئاوایییەکانی هەر دوو بەری دێهاتەکانی بەریبەگزادە و بەریزرێباردا.
لە وتارەکاندا جەختکرایە سەر ئەم هەڵمەتە، لە نەبوونی هەڵوێستی نیشتمانپارێزی لە لایەن بەرپرسانی ئیدارە پێوەندیدارەکان کە خراوەتە سەر شانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و خەڵکی دڵسۆزی مەریوان. ئەرکی سەرشانی لایەن و دایەرە پەیوەندیدارەکانە بە تایبەت ئیدارەی ژینگە( محیطزیست) بۆ ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان، دروستکردنی بەریان و گۆمڵات و ماشبەرەی زبڵ و ئاوماڵک و ئاوڕنۆک (حوضچەهای سپتیک و گودالهای تهنشینشوندە) و ماڵین و خاڵیکردنیان لە هاوردەی نیشتەناو بە پێی چەندساڵجارێک بۆ ئەوەی هاوردەگەلی نێوئاو لەگەڵ لافاودا نەڕۆنەوە نێوان ئاوگلگا و بوومپێکی زرێبار. پاککردنەوەی چەندساڵجارێکی یەکێک لە ڕێڕەوەکانی ئاوی زرێبار واتە چەمی دەرەتفێ، دانانی زبڵدان، تابلۆی ئاگاداریکردنەوە و هوشداریدانی پێویست بە هاووڵاتیان، بە تایبەت وەرزێڕەکان و باخدارەکان، بڵاوکردنەوەی ساڵێکچەندجار بروشوور و بەرگەیزانیاری لە دێهاتەکانی دەوراندەوری زرێبار و گەشتیاران و ئەو شوێنانەی هاتوچۆی خەڵکی بەسەرەوەیە و هەر وەها لانیکەم ساڵێکدووجار پاکوخاوێنیی زرێبار و دەوروبەری بکاتەوە بە یارمەتیی خەڵک و ژینگەپارێزان. بە خۆشحاڵیەوە ئەبێ ئاماژە بەو خاڵە بکەین کە لە پانتاییەکی دە هێکتاریدا زبڵ و پڵۆسییەکی ئێجگار کەمی تێدا بوو، ئەوەیش کە هەبوو، بە زۆری ئەو نەوارانەی ئاودێری و پاشماوەی جێگەشەتڵگەلی کێڵگەی وەرزێڕەکان و باخی باخدارەکان بوو کە لە گەڵ لافاودا هاتبوونە لێوار و مێرگەکانی زرێبار؛ کە ئەمە خۆی نیشاندەری ئاستی بەرزبوونەوەی فەرهەنگی ژینگەپارێزی و زرێبار ویستی خەڵکی مەریوان بە گشتی و بە تایبەت دێهاتەکانی دەڤەری زرێبارە.
10ی خەزەڵوەری 2724
@chya_ngo